خەتمێکی قورعان بە بەرتیل

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1159 مشاهده

هەر ئەو سەروبەندە، کۆنە ئاغایەکی کورد کە مەحمووداغای سەگەنێریان پێ دەگوت بە مەئموورییەتی دەوڵەت هاتە سەرمان و ئەویش وەک هەموو مەئمووری تر لە بەرتیل دەگەڕا. من هیچم نەبوو بیدەمێ، ئەویش سوور بوو کە هەر لێم بستێنێ، دەنا کڵاوێکم بۆ دروست دەکا. لە ڕووی ناچارییەوە گوتم:

-ئاغا، مەرحوومی بابت لە خانەقا نێژراوە. پووڵم نییە، بەڵام لەباتی ئەو بەرتیلە خەتمێکی قورعان بۆ ڕووحی بابت دەخوێنم!

زۆری لێ خۆش هات و پێک هاتین، بەڵام ئێستاش ئەو بەرتیلە قەرزدارم! هەر ئەم چیرۆکەم بۆ قزڵجی گێڕاوە، ئەویش بە تێکدانەوە کردوویەتە کورتە چیرۆکێک لە «پێکەنینی گەدا»دا.

ژیانی تەرەغەم جگە لە متاڵا و ترسی مەئموور بەخۆڕایی دەگوزەرا. پاییز کە کاسبی دەشت نەما، ئێواران لە سەربانان دەگەڵ پیرەپیاوان و لەبەر دەرکان دەگەڵ کۆنە پیرێژنان و شەوانە بە گۆرەوی بازی و گوێگرتن لە بەند و باو و حیکایەتی قەدیم و لە بەفرباریندا بە تەپکە نانەوە و ڕاوە کەروێشکمان ڕادەبوارد.

حیزبی خاڵە مەلا کە هیچ ناویشی لێ نەبرابوو سەربەخۆ پووچابۆوە و لە پەیوەندی دۆستانەی ئاسایی تێنەپەڕی. هەر کە بە هاتنی ڕووسان، شیرازەی دەوڵەت لە موکریان هەڵوەشا، «عەزیز زەندی» ناوێک کە بە «عەزیز ئەڵمانی» دەناسرا و پیاوێکی زۆر زانا و دەمپاراو بوو، چەند کەسێکی بانگ کردوە ماڵە خۆی کە من و زەبیحیش دەگەڵدا بووین، گوتی بە سەرۆکی خۆم «حیزبی ئازادیخوای کورد» دروست دەکەم. بێ لام و جووم قبووڵمان کرد. زۆر کەسی تریش هاتنە ناو حیزبەکەی. عەزیز زەندی بۆ تەبلیغاتی حیزب گەشتێکی کرد. شێخ محەممەدی خانەقا، خەلیفە مەلا عەلی زەنبیلی و زۆر ئاغای تری کردبووە دۆستی خۆی و بەڵێنی هاوکاری لێ ساندبوون. هەتا سەقز هات و گەڕایەوە. چووبووە تەورێز، زۆر ئەرمەنی تەورێزیشی کردبووە پەیڕەوی خۆی. بە تەنتەنە و سەنتەنەیەکەوە دەگەڕا، چەندین کێشکچی ئەرمەنی لە دوایەوە دەڕۆیشتن. پاشان ڕاست یان درۆ گوتیان لە هەمان کاتدا پیاوی دەولەتی ئێران بووە و پووڵی لێ ساندوون کە نەهێڵێ بیری ئازادیخوازی پەرە بستێنێ. بە ناشکوری ناڵێم ئەویشمان لێ پووچەڵ بوو.