چۆن فێرە قومار بووم؟

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1487 مشاهده

قسە قسە دێنێ: ئەو دەمانەی کە لە تەرەغە دەژیاین، بە دەست ئەمنییە و مەئمووری دەوڵەتەوە ژیانمان جەحەندەم بوو. ڕۆژ نەبوو دەستەیەکمان لێ پەیدا نەبن و تەشقەڵەیەکمان پێ نەکەن و بەرتیلمان لێ نەستێنن. جلکی کوردی، تووتن و پەڕی ناو قوتوو، کەم خزمەتی خۆیان و ئەسپیان بە گوناهی گەورە دەژمێران. هیچ نەبا فیشەکیان دەخستە ماڵان و دەیانگوت چەکت هەیە. ئێمە کە هەموو فەقیر بووین و بەرتیلمان بۆ هەڵنەدەسووڕا، تەواو لە پەڕوپۆ ببووینەوە. لەبەر چاوی من ئەوەندەیان بە قامچی لە فەقیرێک دا کە وەزکی دا و دوای دوو ڕۆژ مرد. گوناهی هەر ئەوە بوو کە زۆر زوو جڵەوی ئەسپی ئەمنییەی نەگرتووە...

سەرباری بەهانەی تووتن لە ماڵا بوون و تۆمەتی قاچاغچییەتی و بڕوبیانووی بێپسانەوە ساڵێک کەوتنە گیانمان کە گەنم بە دەوڵەت بفرۆشین و «نیمە» قبووڵ نییە. هەموو چارمان لەوەدا دی کە ئێمەی وردەمالیک لە شاری سابڵاغ خۆ بشارینەوە و لە لادێ بەردەستی مەئموور نەکەوین. چەند کەسێک لە (تەرەغە) و (قەرەڵی) ڕێک کەوتین، چووینە شار و لە خانێکی کەران دامەزراین. وەتاغێکمان بەکرێ گرت. ڕۆژانە لە ترسی مەئموور تا ئێوارە دەرکەمان لەسەر خۆ دادەخست، شەوانەش تا لای ڕۆژ قوماری پەڕمان دەکرد. بەڵام چۆن قومارێک؟ شەو تا بەیانی کەس لە قڕانێک و دوان پتری نەدەدۆڕاند و نەیدەبردەوە.

ژنی کابرای خانچیمان فێر کردبوو، ئەگەر مەئمووری دەدی، هەرای دەکرد: «کش کش هەڵۆ هات»، دەرگەمان گاڵە دەدا و هەستمان لە خۆمان دەبڕی تا هەڵۆ نەدەما.

خانچییەکە دوو ژنی بوون، یەکیان پیس و پیر، ئەوی تریان لووس و جوان و منداڵکار. شەوانە کە قومارمان دەکرد، حەقی پێ چرای قومار -کە دە یەکی براوە بوو- بە جوانەکە دەگەیشت. جا چونکە منی بە لەبار و جوان دەزانی و کەیفی بە من دەهات، ئاخری شەو پاچراکەی بە دزییەوە دەخستەوە گیرفانی من، واتا هەمیشە نەدۆڕاو بووم. هەقی کەر و ئێستر و بارگین شەوانە قڕانێک بوو، هەقی پیاوان دوو قڕان بوو، یانی هەر پیاوێک بە دوو کەر دادەنرا!

شەوێکی زۆر سارد، یەکێک لە ئێمە لەسەر دراوی کا، دەگەڵ پیرێژنەکە ببووە شەڕیان، هەموومانیان دەرکرد. سیپاڵ دەبن هەنگڵدا، بەسەر سەهۆڵدا خرمەخرم بە کۆڵانی شاردا بەرهەڵدا، لە جێ خەوی شەو دەگەڕاین و سێ کەس بووین. ژوورێکمان پەیدا کرد، بێئاگر، بێدەرگا، پەتوویەکی لە جێگای دەرگا پێ داکرابوو. خانەخوێشمان کابرایەکی چارداوەڕوو بوو. هێندێک ڕەژیمان لە مقەڵیەکدا گەشاندەوە و لەبەر چرای نەوت ملمان لە قومار نا. خانەخوێکەمان خۆی کردە پای قومار. هەقی ئەو شەوە و شەش حەو قڕانی خۆیمانی لێ بردەوە. بە دزی ژنەکەوە قەند و چا و ئیستیکان و چەکوچ و تەنانەت مقەڵی و ماشەکەمان قەبڵاند و لێمان بردەوە. بەیانی ژن بەگژی داهات و زیقاندی، لای ئێمە گریا، تا شتەکانمان داوە و ڕۆیشتین و هاتینەوە گوند.

ئەو فێرە قومار بوونە، هەرچەند لە هیچەوە و بۆ گاڵتە دەستی پێکرد، لێم بوو بە نەخۆشییەکی گران و لە لادێ هەر دەگەڵ ئەو لات و لووتە وردەمالیکانە دەمکرد و زۆر جاران زۆرم دەدۆڕاند. شەوێک لە بۆکان تووشی قومار بووم، چل تمەنێکم پێ بوو کەلوپەلی ماڵی پێ بکڕم هەمووم دۆڕاند. بۆ ئەوە حەقی جێ خەوم پێ نەمابوو، نیوەشەو چوومە حەمام. لە حەمام کابرایەکی ئاشنام دیت، داوای قەرزم لێ کرد، بە هەموو هێزی خۆی پێنج قڕانی دامێ! بە دەستی بەتاڵ و هەناسەی سارد هاتمەوە تەرەغە. قوماربازییەکەم لێ ببوو بە خوو، دەستم لێ بەرنەدەدا. شەوێک ئەو ڕەفیقە ساڵحانەم تەنانەت ماینەکەشمیان لێ بردمەوە. دوایی بەزەیان پێمدا هاتەوە و لێیان نەستاندم. نازانم چۆن بوو کە دڵم بە جارێک لە قومار هەڵەنگوت و بە بێ سوێند خواردن تەرکم کرد و لەبیر خۆم بردەوە.

دوای چەند ساڵێک کە «هێمن» ژنی دێنا و من برازاوا بووم، شەو لێفە بۆ میوانان -کە یەکجار زۆر بوون و حیسابی ئەو هەمووانە نەکرابوو- زۆر کەم بوو، بابی هێمن گوتی: «بەو شەوە چارەی نوێن چۆن بکەین؟» گوتم: «ئێجازە بدە من دەیکەم، تۆ بچۆرەوە ماڵ». پەڕی قومارم هێناو خەڵکم بە قومارەوە سەرگەرم کرد. تا بەیانی کەس لێفەی نەویست و نەنوست. خۆم شتێکم دۆڕاندبوو بەڵام نە زۆر. جگە لەو جارە تازە هەرگیز دەستم بۆ پەڕی قومار نەبردەوە و لەو بەڵا گەورەیە خۆم ڕزگار کرد.