لە «بی بی جەک»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  1048 مشاهده

بۆ شوێنەونی ناردرامە گوندێک بە ناوی (بی بی جەک)، ماڵی «مەحموود بەگ» ناوێک کە پیاوی شێخ لەتیف بوو. زۆری نەبرد «عەبدولقادر ئەحمەد» و «باقی بامەڕنی» هاتنە ئەوێ و یەکترمان ناسییەوە. باقی ناوی «مام غەفوور» و عەبدولقادر «کاخدر» بوو؛ تا نەناسرێن.

مەلا مستەفا لە شنۆوە ناردبوونییە عێراق؛ نامەیان بۆ چەند کەسێک هێنابوو. کە دەگەڕانەوە، گوتم: منیش دێمە لای مەلا مستەفا، گوتیان تا پرسی پێ نەکەین ناتوانین بتبەین. نامەم بۆ بارزانی نووسی، نامەم بۆ ماڵی خۆمان نووسی کە ساغم و حەق و حیسابی قەرز و قۆڵەم بۆ ڕوون کردنەوە. مام غەفوور هاتەوە و خەبەری دا کە کاخدر لە دەوری شنۆ لە بەفرا گیری کردووە و لە برسان کەوتووە و خۆی داوەتە دەست دەوڵەت و بەرەو تارانیان بردووە. مەلا مستەفاش ڕووی کردۆتە وڵاتی ڕووس و لەو ناوە نەماوە. ئەویش لە ناچاری هاتۆتەوە عێراق. جوابی ماڵەوەشی بۆ هێنابوومەوە: کاکە ڕەحمان گوتبووی دەمانچەکەی ئەویان لێ ساندم. قاسماغا، کە نوسیبووم سێسەد و پەنجا تمەنی لایە، تووڕە ببوو: «حەددی چییە قەرزی لای من بێ؟!». مەلا عەوڵا گوتبووی: «سێ هەزار تمەنم لا نییە؛ سوێند دەخۆم». دیار بوو پیاو هەرچی بێ، تا لەبەر چاوانە لەبەر دڵانە. تەنیا برایەک کە لەبیری نەچووبووم کاک هێمن بوو. لە جەنگەی سەرباز و عەشایر ڕژانە ناو شاردا، ماڵ و منداڵەکەمی بردبووە گوندی شیلاناوێ و لە خەتەر پاراستبوونی. کە دوای ئێمە ئاغایانی کوردیان بردبوونە تاران، شا پرسیبووی: ئەو هەژارەکە چی لێهات؟ حاجی بایزاغا گوتبووی: «قوربان ئێمە کوشتمان...».

دوای هەڵاتنەکەم لە بۆکان، عەوڵاغای مەحمووداغا جنێوی بە کوێخاکەی دابوو کە: «دڵی پێنج قڕانی فیشەکێکتان نەهات هەژار بکوژن...».

چوبوومەوە سلێمانی لە وەتاغێکی تاریکی دیوەخاندا دەژیام بۆ ئەوە کەس پێم نەزانێ؛ کە مام غەفوور هاتەوە و بوو بە ئاودەنگیم. ڕۆژێک درگا کرایەوە، «عوسمان دانیش» کە لە سابڵاغ دەمانناسی و دەرسی کوردی بە منداڵان دەگوت، وەژوور کەوت کە ئەویش تازە گەڕابۆوە.

- کاک عوسمان ماندوو نەبی.

- عەفوو بکەن من ناوم مەلا کەریمە، عوسمان نیم. ها! من ئێوە دەناسم: تۆ باقی! تۆ هەژاری! باقی گوتی: «ئاخر عوسمان گامووش! مانگێکە یەکترمان نەدیوە؛ بۆ تۆ دەمانناسی و ئێمە ناتناسین؟!».

ڕۆژێک دیتم کابرایەکی ملپانی، پاڵتۆیەکی بەرگنە وشتری هەشتەرۆیانە لەبەردا و کەوشێکی پاش پانیەدرێژی قەتارەچییانە دەپێدا هاتە ژوور. پاش تاوێک ناسیمەوە حەسەن قزڵجییە و ماوەیەک لە بیارە سۆفی بووە و ئێستا هاتووە. پێک شاد و شوکور بووین. ناو بە ناو کاک هەمزەی کۆنە شەریکم و مەلا عەوڵای حەساریش بوونە پەنابەر.

ڕۆژێکی تر سەر لە بەیانی، کەشیدە بەسەرێک کە دەتگوت زەردەچێوەی پێدا ڕژاوە، هاتە لای شێخ کە چارێکی بکا. حاجی عەلیم دەناسی لە بۆکان، ئەرزیابی تووتن بوو. ژنێکی شۆخی خەلیفەی هەبوو. زۆر دەوڵەمەند و وەجاخکوێر بوون. ماڵیان چووبۆوە سەقز.

- حاجی گیان تۆ و ئێرە چی؟

- ئای قوروان حەقایەت من دوورە: خانم وتی: «هەوەڵ شام و ئاخر شام»، ئێمە کە حەشرمان لە شام ئەکریە، بۆ ئێسە نەچین؟ گش ماڵەکەمان فرۆشت؛ فەڕشمان هێشتەوە و بارمان کرد و چووینە قەسر شیرین. قاڵییەکانمان دا وە قاچاخچی، کە خۆشمان و فەرشەکانیش بەرنە ئەودیو. قەرار دریا سەعات دوانزەی نیمەشەو بیانبینم. قوروان خۆت ئەزانی ئەسڵەحەی موسوڵمان چییە؟ دەسنوێژە! دەسنوێژم گرت. چوومە سەر کۆڵان هاوارم کرد: «عەبدولقادر!». تومەز کاورایەکی پۆلیسی شەو ناوی عەبدولقادرە! بەغار هات و منی دیت و کەلەمچەی کردە دەستمەوە. وە هەزار نارعەلی، وە سەد تمەن بەری دام. بێئەدەبییە لە خزمەتتا، قاڵییەکانیش لە خانەقین گیران و گومرگیان لێ ساندین. گەینە بەغدا وتم لای عەبدولقادر گیان دائەبەزم. فەرش و خانم و من لەبن دیواری غەوس لە پەنا جادە ماینەوە. لە زوان کەس تێنەدەگەیشتین. ئێوارە وەختە کاورایەک وە کوردی وتی: ئێوە چین و بۆ لێرەن؟ کە تێگەیشت، بانگ حەماڵی کرد و قاڵی و ئێمەی بردە ماڵ خۆی. وتی: «ئێوە لە ئێرانەوە قاچاغ هاتگن، پۆلیس بزانێ ئەتانگرێ. پاسپۆرتی سوریەتان نییە، ئەشچنە شام گشتی دەسبڕ و نامەردە». من نایەژم، ئەو ئەیوت: «حەشری چە و مەشری چە؟» تۆبە ئەستەخفیڕوڵڵا! لەسەر قسەی ئەو گەڕاینەوە سلێمانی و ئێستا هاتگمە لای شێخ فکرێ بکاتەوە چی بکەم.

ئەو بەینە زۆر بەتاسە بووم «شێخ مەحموود» ببینم؛ بەڵام تا داوام دەکرد، شێخ لەتیف بەهانەیەکی ئەدۆزییەوە و دەیگوت جارێ! شێخ لەتیف بۆخۆی شاعیر بوو؛ بەڵام باوەڕ ناکەم شیعری کەسی خوێندبێتەوە. تەنانەت ئەو کاغەزانەی لێقەوماوان بۆیان دەنووسی، قەت یەکی نەدەخوێندەوە و وەبن دۆشەگی بن قوونی دەدان. کە لە (بی بی جەک) بووم، سوارێک بەغار هات و نامەی شێخ لەتیفی دامێ کە: «زۆرم تاریفی تۆ لای شێخ مەحموود کردووە؛ پێی خۆشە نموونەی شیعرت ببینێ. تکایە شیعرێک بووسە با بۆی بخوێنمەوە». من کە دەمزانی حاڵی چۆنە، کاغەزێکی سپیم خستە ناو پاکەتەوە و ناردم. کە شێخ لەتیفم دیتەوە گوتم: «ها؟ شیعرەکەم چۆن بوو؟»، فەرمووی: «زۆر خۆش بوو؛ شێخ مەحموودیش زۆری پەسند کرد!!».