لای شێخ لەتیف

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1008 مشاهده

میرزا لە نەورۆزدا بردمییە بەغدا.

ڕۆژێک گوتی: دەترسم لە ماڵە من بتگرن؛ دەسەڵاتم نییە ڕزگارت کەم و ئابڕووم دەچێ. با بتکەمە پەنابەری شێخ لەتیف و واش ناکەم بزانێ تۆ لە لامی؛ تا نەزانم قبووڵت دەکا.

شەو ڕۆیشت و زوو هاتەوە. پاش تاوێک شێخ لەتیف بەتەنیا بە ترومبیلێکەوە هات و بردمییە ماڵە خۆی.

با ئەوەش بڵێم: وەک دەڵێن «ناوی گەورە و شاری وێران». منێکی وا نەزان و دنیا نەدیتوو، ناوەکەم وەک شاعیری شۆڕشی کورد وەپێش خۆم کەوتبوو، دەوروبەر دەیانناسیم. شەوێک میرزا پرسی:

- تۆ جحێڵی، شێخ نەجمەدینێک هەیە دەڵێ هەژار ئاواڵ فەقێم بووە؛ کە ئەو زۆر پیرە. تۆ دەیناسی؟

- نە بەخوا.

- باشە گاڵتەیەک دەکەین!

سبەی شەو شێخ و چەند برادەرێکی بانگ کردبوو. کە دەیانپرسی: «ئەمە کێیە؟»، دەیگوت: «سۆفییەکی جاهیلە و من ڕیش و پرچم پێ تاشیوە!». لەناو قساندا لە شێخ نەجمەدینی پرسی:

- هەژاری ئاواڵت لە کوێیە؟

گوتی: دەڵێن لە بیارەیە. بریا بهاتایەتە ئێرە، ئای چەند بۆی بەتاسەوەم!

دەستی کرد بە حیکایەت گێڕانەوەی هەواڵەتی گەرمی خۆی و من کە چەند ساڵ پێکەوەمان خوێندووە.

میرزا گوتی: سوێند بخۆ کە درۆ ناکەی!

شێخ قوت بوو؛ تماشایەکی منی کرد؛ گوتی: ناکا ئەوە هەو بێ؟ بەخوا نەمدیوە بەڵام خۆشم دەوێ!

شێخ لەتیفیش هەر بە ناوەکەم خۆشی دەویستم. لە ماڵی ئەو دامەزرام. لەوێشەوە چەند کەسێکی وەک «ڕەفیق چالاک»، «مەحموود ئەحمەد»ی موعەللیم و زۆر کەسی دیم بوونە ئاشنا. چاوم بە «برایم ئەحمەد» کەوت کە ئەویش ئەندامی کۆمەڵە بوو. شێخ لەتیف لێی پرسیم: «برایمت چۆن دیت؟». گوتم: «پیاوێکی زرینگ و زانایە و زۆریش کوردە، بەو شەرتەی خۆی بکەنە سەرۆکی کوردستان!».

کاتێ مەلا مستەفا لە سابڵاغ بوو، «هەمزە عەبدوڵڵا» ناوێکی ڕاسپاردبوو کە حیزبێک بۆ کورد لە عێراق دامەزرێنێ و کاغەزی دابوویە. شەوێک گوتیان مامۆستا دێت. «هەمزە عەبدوڵڵا» پەیدا بوو. پیاوێکی زۆر لووتبەرزی، قۆڕەدەماغم هاتە بەرچاو. گێڕایەوە کە لە سابڵاغ وەک پێویستە قەدری نەگیراوە و قسەی وای کرد کە هەر شەللاتییەک پێی شەرمە بیڵێ. دەربارەی دەوڵەتانی ئەمریکا و ڕۆژئاواوە فەرمووی: «هیچ جێگەی نیگەرانی نین؛ کارگەران لەجیاتی بارووت خۆڵ دەکەنە ناو بۆمباکانەوە و سەرکەوتن هەر بۆ دەوڵەتی سۆڤیاتی خۆمانە!». دیارە قسەی مامۆستا زۆر بە ئێحتوبارە و کەس ناکرێ بڵێ وا نییە. هەرچی دەمدی و دوو پیت و لەتێکی خوێندبوو، کۆمۆنیستی دوو ئاتەشە بوو. سەر و بنی قسەیان سڵاوەت لە دیداری ستالین بوو. من کە هیچم دەباراندا نەبوو، هەرگیز لە کۆمۆنیستیش تێنەگەیبووم، جارێک ویستم گلە بکەم کە ڕووس ئێمەیان بەجێ هێشت و شەرتیان نەبردە سەر، زۆر بەتوندی بە گژمدا هاتنەوە و بە هەزار و یەک دەلیل حاڵیان کردم کە ڕووسیا لە مەسڵەحەتی کورد ئەو کارەی کرد. ئەمریکا دەیەویست یاریدەی ئێران بکا و کوردستانیان وێران دەکرد. ڕووس بەئامانەت خۆی کێشاوەتەوە؛ ڕۆژێکی نە دوور دیتەوە و ئازادمان دەکا! لینین وای فەرموە، ستالین وا دەڵێ، ژدانۆف عەقیدەی وایە. هەر گێژیان دەکردم، بابە ئەوانە زۆر دەزانن! ئیتر ئەوجار منیش عوزرم بۆ ڕووسیا دێناوە و دەمەویست ئەو خۆ لە کوردستان بێخاوەن کردنەی بە سەد باردا پینە بکەم! تا نەڵێن ڕیجعی و نەزانە!

لەبیرمە یەک لە دەلیلە باشەکان ئەوە بوو: مەسەلەی کوردی ئێران و هەرای یۆنان هەبوو. چینی شەشسەد ملیۆنیش هەبوو. ڕووسیا بۆ ئەوە چین بکاتە هەواڵی خۆی و تاقەتی ئەو هەمووە جەبهەی نەبوو، چونکە لە شەڕی ئاڵمان زۆر زیانبار و لاواز ببوو، دەستی لە قازی و مارکۆس هەڵگرت و چینی بردەوە. دوو دەسرەی سووتا و قەیسەرییەکی وەگیر کەوت. پیاو قەیسەری هەبێ دەسرەش پەیدا دەکاتەوە. ڕووس و چین ئامریکا دەخنکێنن و ئێمەش لە چنگ ئێران و تورک دەردێنن. کێ بێ ئەو قسە خۆشەی وەبەر دڵ نەکەوێ؟! بەڵام کەی؟ ستالین دەزانێ! ها، ڕاست دەکەن. منیش لە شیعرێکمدا لە تەورێز گوتبووم: «ستالین دەزانێ چییە حاڵمان». کاک هێمنیش گوتبووی: «ستالین گوتوویە: یەمان پرسیسکی کوردیسکی خەرەشوێ». ئەمما ئێمە مانای قسەی خۆمان نەدەزانی، ئەوانە زانان و دەزانن دەڵێن چی! خولاسە منی ئاوارەی ماڵوێران و کڵۆڵی پاشەکشەی ڕووسان لە ئێران، خواخوام بوو بە ڕیجعیم نەزانن و بە کۆمۆنیستم لە قەڵەم دەن و لە گەل هەڵمناوێرن.