خەمڵی پەموو

از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 8 دقیقه  1391 مشاهده

هاوینی ساڵی ١٩٥٦ بوو، خانەقا چۆڵ و هوڵ بوو، زەوی خوا دەزانێ بۆ جاری چەندەم لە ڕۆژ نێزیک دەبووە و تیشک وتینی زیاتری لە خۆر و وەردەگرت. وەرزێڕەکان وەکو هەموو هاوینێکی دیکە بە ئیش و کاری کشتوکاڵەوە سەریان قاڵ بوو، نەیاندەپرژا سەری ماڵی شێخ بدەن. ئەگەر دەرفەتیشیان ببوایە، لەبەر ئەوە کە نوخشە دەر نەهاتبوو، لە ڕوویان نەدەهات بە دەستی خاڵی و بەتاڵ بێنە زیارەت. پەردەی کشوماتی بەسەر خانەقا و ماڵی شێخا کشابوو. لە شەو و ڕۆژدا تەنیا پێنج جار دەنگی بانگی سوفی قادری هەورامی گۆمی بێدەنگیی نەختێ دەشڵەقاند. لە جیاتیی «خەم و تەهلیلە»ی سوفی و زکر و دەفی دەروێش، مێشوولەکان کە لە برسانا ئاڵۆزابوون، تێکدەهاڵان و ویزەویزیان بوو.

شێخ پێش نیوەڕۆ و ئێوارە تا نێزیک بانگدان یا لە حەوشەی خانەقا پیاسەی دەکرد، یا لەسەر کورسییەکەی کە لە هەیوانی خانەقا بە تایبەتی بۆ دانرابوو دادەنیشت و دەنکی تەزبێحەکەی دەگێڕاو، دیار بوو بیری لە داهاتی پایزی پار دەکردەوە کە چەندە بوو، وە ئەمساڵ چەندە دەبێت.

مەلا جەلال کە ئەگەر نوێژ کاڵا بوایە دەکرا بڵێین کرێکاری دینی بوو، مانگی بە پێنج دینار بۆ پێشنوێژی بە کرێ گیرابوو. وەکو کرێکاری دەستەمۆ کە چاوی لە دەمی خاوەن کار بێت و وریای وەخت و کاتی کارەکە بێ، گۆیی لەوە نەبوو کەس هەیە لە پشتیەوە نوێژ بکا یان نا، لەگەڵ دەنگی بانگەکە دەسبەجێ دەخزا مێحرابەکە. سوفی قادریش کە نوێژ بەشێکی گرینگ بوو لە دەسمایە، یا باشتر بڵێین «دەم مایە» ی ژیانی، لە پشتیەوە. میرزا عەلیش کە کڕێوە پێچ بوو دەبوو سێهەمیان. بەڵام شێخ یا وەڕەز بوو، یا بە پێویستی نەدەزانی، یا بەشکم لە ماڵەوە نۆێژی دەکرد، لەو وەختەدا نەدەهاتە خانەقا.

مەلا جەلال و سۆفی قادر کەقامەتیان بۆ یەکتر دەستاندەوە، لە هەوای دەنگ و خاویی دەمیان دەردەکەوت هەر ئەوەندە بوو ئەرکی خۆیان بەجێ دەگەیاند، ئەگینا هیچ لە شانیان خۆش نەبوو. میرزا عەلیش وەکو ڕەشایی لەشکر وابوو، لە نوێژکەرێکی سادە بەولاوە ڕۆڵێکی یاری نەدەکرد.

ئەو خانەقا وڕاق و گەورەیە بە سێ کەسەوە، لە کاتی جەماعەتدا وەکو حەمامێکی قەدیمی وابوو کە حەمامچی و ئاوگێڕ و یەکێکیش بەخێر خۆیانی تێدا بشۆن، وە ئەو ڕۆژانە دیاری و سەوقامێکی بۆ شێخ و خەتم و تەهلیلەیەکی بۆ خوا تێدا نەبوو.

پێش نیوەڕۆیەک سۆفی قادر وەکو هەموو ڕۆژێ حەوشەکە و هەیوانەکەی گەسک دابوو، ئاوپڕژێنی کردبوو. کورسیەکەی شێخی خاوێن کردبووە. ڕاوێستابوو شانی دابوو بە لاشیپانی دەرکی ماڵی شێخەوە.

شێخ هاتە دەرەوە:

سۆفی قادر چ باسە؟

سۆفی قادر «بە شێوەیەکی نیوە هەورامی»: سەلامەتی و سەرو شێخی. ناشوکری نەبو خانەقا چۆڵەن. شێخ هات لەسەر کورسییەکە دانیشت و چاوی بڕییە دەرگای حەوشەکە. کوتووپڕ مەلا جەلال بەشان و عەباوە خۆی کرد بە ژووردا، وا دیاربوو دوێنێ نێوارێ مانگی دیبوو.

شێخ چاوەڕوانی هاتنی خەڵک بوو، نەک هیی وەکوو مەلا جەلال کە جگە لەوە خێری بە ناوچاوەوە نەبوو، ڕەنگ بوو داوای مانگانەش بکات. شێخ کە ئەحواڵی پرسی و خۆشهاتنی مەلا جەلالی کرد، لە بیچمی وا دەرکەوت لە دڵی خۆیدا دەڵی خۆیدا دەڵێ:

کابرا تۆ پێشنوێژی خانەقای، دەبێ لە واریداتی ڕۆژانەی خانەقا پارەت بدڕێتێ. خانەقاش ئەم ڕۆژانە چۆڵ و هۆڵە. ئیتر چیت دوێ، نابێ نەختێ ئاقڵت ببێ؟

لەم کاتەدا سۆفی نامیق کە چاکی کەوا شۆڕەکەی کردبوو بەلادا و بەنەخوێنەکەی بەسەر دەرپێ سپییە چڵکنەکەیەوە تاقمانەجووتی دەکرد، ئەوەندە بە پەلە خۆی کرد بە ژووردا، لە بیری چوو ئاتەکی کەواکەی داداتەوە. شێخ کە چاوی بە سۆفی نامیق کەوت، تەمومژی ناوچەوانی نەختێ ڕەوی، بانگی کرد:

سۆفی نامیق بە خێرێی، خێرە شوکر؟

سۆفی نامیق: بەخوا قوروان مەگەر هیمەت پیران فریام کەفێ! خێری چی؟

شێخ هەقی بوو هاتنی سۆفی نامیقی پێ خۆش بێ. مریدێکی بە سۆز و موخلیس بوو، خزمەتی خانەقای زۆر دەکرد، هیچ کاتێ بە دەستی خاڵی نەدەهاتە زیارەت.

«هیچ نەبێ دینارێکی هێناوە مەلا جەلالی پێ بێدەنگ کەم. خۆ ئەگەر هیچیشی نەهێنابێ، دیسان هەر قەیناکا. هاوینە، نوخشە دەرنەهاتوە» دار ئەگەر ساڵێ بەری نەهێنا: ناشێ بیبڕی».

سۆفی نامیق سەرکەوت، سڵاوی کرد و دەستی شێخی ماچ کرد

سۆفی نامیق، بە خێر هاتی. خۆشی شوکر؟

قوروان خوا خۆشت کا. لە سایەی خواوە و هیمەت و بەرەکەتی شێخەوە؟

ماڵ و منداڵت چۆنن؟

قوروان، دەستەکانت ماچ ئەکەن.. خزمەتکارن.

شیناوەردەکەت چۆنە، نوخشە دەرهاتووە؟

ئای قوروان نوخشەی چی؟ خۆزیا هەر نەبوایە. ئەمساڵ پەمگەکەمان هەراش بوو، بە خاو و خێزانەوە تێی ورووکاین. چەند مانگ کوێرەوەریمان لە تەکیا دی، ئەوا ئیسە گشتی بووگە وە هیچ.

مەگەر خۆت هیمەتێکم بۆ بفەرمووی، پەنام هاوردگە بەر خانەقا، تا چارەم نەکەی ناڕۆمەوە.

شێخ «بە شێوەی دەمی سۆفی نامیق» : سۆفی نامیق، بێژە خوا کەریمە ئەوەندە قورسە گشت پەمگەکەی بەمێ ئینجا ڕزگارم تێ. ئەوا خۆم خستگە خانەقا. بەخوا ئەشێ هیمەتێکم بۆ بکەی. شتی وا چۆن نەبێ؟ ئاخر خەمڵیش ڕێوشوین و قاعیدەی خوی هەیە.

قوروان شڵە و قوڵەی بەگ کوا گوێ ئەدەنە ڕپۆشوین و قایدە؟

لەو کەتەدا سۆفی قادر بانگی نیوەڕۆی دا.

شێخ: خاسە، سۆفی نامیق خاسە، ئیسە دەنێرمە لای زۆراوبەگ. مەلا جەلال! تۆش مەڕۆرەوە.

جەماعەتەکە بکەن. لەگەڵ سۆفی نامیق لەو حوجرە دانیشە، لێرە قاوەڵتی بکە.

دوای قاوەڵتی شێخ هاتە دەرەوە: سۆفی نامیق ڕەشیدم ناردە خزمەت زۆراو بەگ ئێستا دێتەوە. خوا کەریمە.

سۆفی نامیق: ئای خوا بمکا وەسەیەقەت. ئای بم وەقوروانەکەت.

تاوێکی پێچوو سۆفی ڕەشید هاتەوە.

شێخ: ئادەی سۆفی ڕەشید، زۆراوبەگ گوتی چی؟

سۆفی ڕەشید: قوروان، چووم، فەرمایشتەکەی جەنابتم بە زۆراوبەگ گوت، زۆر سەلامی عەرز دەکری.

عەلەیکەسەلام. خوا کاری ڕاست کا. دەی ئیشەکەی سۆفی نامیق بوو بە چی؟

عەرزت دەکەم «چووە پێشەوە، شتێکی بە گوێچکەی شێخدا سرکاند».

تومەس زۆراو بەگ گوتبووی شێخ ئەوەندە ڕوونەدا بەو مسکێنانە. ئاخر خۆشی خاوەن موڵکە.

ئەمانە ڕوویان بکرێتەوە هیچ بە خۆشی نادەن.

شێخ ڕاوێژی دەمی گۆڕا. گوتی: ئەمانە پیاوی دنیان، هەر لەسەر تەماعی خۆیانن، بیریان بەلای قەبر و قیامەتەوە نییە، تکای ئێمە ناگرن. بچۆ بزانە بەشکەم لەتەک وەکیلەکەیا ڕێک کەوی.

سۆفی نامیق: قوروان ڕێککەوتنی چی؟ کاورا ئێژی بەرازە. گشت پەمگەکەی گەرەک.

شێخ: سا بێژن چی؟ زەمانە خراپ بووە. زۆڵمەت دنیای داگرتووە. خوا ڕەحم بە ئیمانەکەمان بکا.

سۆفی نامیق: بیم وەقوروانەکەت. خاس ئەفەرمووی. ئاخر زەمانە. ئەمە پێنج مانگی ڕەبەقە بە خۆم و بە منداڵەکانمەوە ڕەنج ئەدەین. ئیسە گشت پەمگەکەی بەمێ، ئەمە چییە خەمڵی کردگە؟

شێخ عیلاج نییە سۆفی نامیق. زەمانەکە خراپ بووە. خوا خراپتر نەدا.

سۆفی نامیق: یا شێخ کەواسە، بێژە «تۆ فەرموو، ئێمە میاو».

مەلا جەلال ویستی سۆفی نامیق تێبگەیێنێ لە ڕووی شێخدا قسەی وا نەکا.

گوتی: سۆفی نامیق، ئەمە مانای چیە؟ سۆفی نامیق لەبەر پەرۆش و پەژارەی خوی تێنەگەیشت

مەلا جەلال مەبەستی چییە؟

گوتی: مامۆستا، زوو هەرە زوو گەنج بووم. ئەوسا گەرمیان و کێوسانمان ئەکرد، هاوینان ئەڕۆیشتینە سەرشیو سەقز، کاورایێ سەقزی بوو ناوی لالۆ هەواس بوو، ئاشنامان بوو، مامەڵەمان لە تەکیا ئەکرد. ڕۆژێ هاتە وار گەکەمان ڕۆن و خوری لێمان کڕی. سۆزی ڕۆن و خوریەکەم بۆ بردە سەقز و میوان بووم. شەو خێزانەکەی سینی بۆ هاوردین، گۆشتاوی لێنابوو، نانمان تێ وڵی، کتکە بۆر پەیابوو. دەستی کرد بە میاومیاو. خاوەن ماڵەکە پاروویەکی بۆ هاویشت، گورج قۆستیەوە و، دیسان میاو!

پاروویەکی تری هاویشت، کتکە بۆر ئەمیشی قۆستەوە و دیسان میاو! ئەوەندەی پارووی بۆ هاویشت، وازی لە میاو میاو نەهێنا و نەیهێشت نانەکەمان بخۆین. لالۆ هەواس سینیەکەی هەڵگرت و نایە بەردەمی کتکە بۆر و گوتی:

کەواسە تۆ فەرموو، ئێمە: میاو! سۆفی نامیق دەستی ماچ کرد و ڕۆیشت. بە دەم ڕێگەوە دەیگوت:

هەزار قەزا و قەدەر بێ، پەمگی خۆمی نادەمێ...

مەلا جەلال لای وابوو سۆفی نامیق شتێکی بۆ هێناوە، بە دەرفەتی و گوتی:

قوربان! شەکر و چامان نەماوە. مانگاکەمان پێ کەرەم نافەرمووی؟

شێخ خوی لە قسەی مەلا جەلالیش گێل کرد و گوتی:

زۆراوبەگ هەقیەتی. بڕوانە، ئەم خەڵکە دەڵێی شەیتان دەرسی داداون، قسەیان چەند ڕەق و ناخۆش بووە. ئاخر زەمانە، خوا ڕەحم بە ئیمانەکەمان بکات.