سەرفیترە

از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 8 دقیقه  1040 مشاهده

حاجی عەلی دەوڵەمەندێکی قورس بوو، بازاڕی گەرم بوو، نەیدەپرژا سەری خۆی بخورێنێ،

کاری بەوە باش بوو کە وەکوو بەزاز و چەقاڵ و وردەفرۆش نەبوو. ئەگینا هەر فریانەدەکەوت. ئێساش کە بە تاو لینگە بار شتی دەفرۆشت بە تەنیا پێڕانەدەگەیشت. میرزا ساڵحی خزمی خۆی مانگی بە حەوت دینار و نیو گرتبوو کە دەفتەریشی بۆ بگرێ، هاتوچووی بانکی بۆ بکا، پارەی لای بە قاڵ و بەزازەکانیشی بۆ کۆکاتەوە.

حاجی هەر چەند سەری زۆر قاڵ بوو، بەڵام خوا هەڵناگرێ لەگەڵ ئەوەش سەری بچوایە نوێژی نەدەچوو. ڕۆژووی ڕەمەزانیش ئەوا هیچ. پیاوێکی وریا و عاقڵ بوو، حیسابی دنیا و قیامەتی خۆی باش دەزانی. زۆر چاک لێکی دابۆوە: ڕەمەزان هەم زیارەتە و تیجارەت. خواشی لێ ڕازی دەبێ و ژەمی سی نیوەڕۆش دەگەڕێتەوە. خوا نەکا دوور لە گیانی حاجی، خۆ قسە لەوە نییە پیاو هەر دەبێ ڕووت و نەدار بێ تادەس پێوە بگرێ. پیاوەکە بازرگان بوو، ئەهلی بازاڕ بوو. بازاڕیش جێگای دەفتەر و حیسابە. سەرمایە هەر چەندە زۆریش بێ، کە لێکی دەیتەوە هەر فلس کەوتۆتە سەریەک.

هەموو فلسێک لە دەفتەردا جێگای خۆی هەیە. بۆ ماڵی حاجی بەو مەخاریچ و دەرچوونە زۆرەوە، سی نیوەڕۆژە بە لانی کەمەوە دەیکرد پازدە دینار.

ئەمە پارەیەکی کەم نەبوو، کرێی دوو مانگی میرزا ساڵحی لەکۆڵ دەکەوت، یا دەیتوانی پێنج شەش جار بۆ سەودا و مامڵە پێی بچێتە بەغدا. بە کورتی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان لە هەموو بارێکەوە بە قازانج دەبوو.

حاجی مانگی ڕەمەزانی بە ڕێکوپێکی گرتبوو. «تەڕاوێح» ی شەوەکانیش سەربازی. لە مەلای بیستبوو هەرکەس شوکرانەبژێر بێ، خوا بۆی زیاد دەکات. جا بۆیە هەموو شەوێ بە دەم تەڕاوێحەکەوە ئەوەندەی زمانی هێزی تێدابوو شوکری خوای دەکرد. خواش لێی قبووڵ کردبوو، ڕۆژبەڕۆژ بەسەریدا ڕشتبوو.

ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی ڕەمەزان حاجی لە مزگەوت نوێژی شێوانی بە جەماعەت کرد و بە دەم ڕێگاوە وردە دوعاکانی خوێند. کە گەیشتنە ماڵەوە. دەمی لە ئاخرین دوعا بەتاڵ بوو، بیسمیللایەکی کرد و دەستی کرد بە بەربانڴ کردنەوە. نۆشی گیانی بێ بەروبووی ڕەنجی شانی خۆیەتی وەکو «سوننە» لە شیرینەوە پاقلاوەی بە نیوەجواوی قووتدا و ڕێزی لێگرت سێ چوار شیلەی پاقلاوە بە گەروویەوە لکاو هەناسەی سوار بوو. بە پەرداخێک ماستاو شۆردییەوە و کۆکەیەکیشی بەدوادا کرد.

ڕێگا بۆ خواردنی دیکە بە تەواوی کرایەوە، پەلاماری دەوریی قبووڵیی دا، قبووڵییەکە بە یارمەتی بامیە و گۆشت، باشتر خۆی کۆکردەکردەوە، بە ڕەحەتی بەناو پەرژینی ڕیش و سمێڵیدا خۆی دەکرد بە دەمی حاجیدا و ئاوای ئەودیو دەبوو.

ناوبەناو پەرداخێک ماستاوی دەخواردەوە،«دوور لە حاجی و بەرنانگەکە» شفتەیەکیشی دەکردە مەزەی. وەکو وەرزێڕێکی لێزان باشی سینییەکەی کرد. دەستێکی بە ڕیشیدا هێنا. ئەلحەمدولیلا، خوایە شوکری تۆ. ڕۆیکردە خێزانی:

ئا خێراکە چایەکم بۆ تێکە، با فریای جەماعەت تەڕاوێحەکە بکەوم.

حاجی ژن - سەرپۆشی نوێژی شێوانی بەسەرەوە بوو- پیاڵەیەک چای بۆ حاجی هێنا:

حاجی! ئەرێ سەرفیترەت قەبڵاندووە؟

یا ڕەبی خوا جەزای بەخێرت بداتەوە ئافرەت! چا بوو وەبیرت خستمەوە. هاوار بە ماڵم! شەیتانی مەلعوون بە هەموو فێڵێک خەریکە ڕەنج بە خەمەسارمان کا. وەختابوو نوێژ و ڕۆژووکەمان بە خۆڕایی بچێ. دەڵێی چی با سەرفیترەکە بدەین بە میرزا.

حاجی ژن: میرزا ساڵح پیاوی خۆتە. جگە لەوە مەعاشیشی هەیە. لە کوێ سەرفیترەی پێ دەشێ؟

حاجی ژن: دەیجا یەک دوو دیناری جێژنانە بدەرێ، هەم خێرە و هەم پیاوەتی. سەرفیترەکەش بدە بە مستەحەقێک.

حاجی: تۆ بەم دەسبڵاوییە لە جێگای من بوایەی، نە من دەبووم بە حاجی عەلی، نە تۆش بە حاجی ژن. من هەمیشە میرزا ساڵحم لەبیر بووە. چاکەشم لەگەڵ کردووە.

دەڵێم ئەمەشی لە زیادی بدەینێ.

حاجی ژن: باشە، وابکە، من مانیعی خێری تۆ نابم،

حاجی: ڕوویکردە کوڕە گەورەکەی، ئەوڕەحمان ئا ڕاکە، میرزا بانگ کە.

میرزا ساڵح هات، بەدەنگێکی نیوەنووساوی خەفەتاوییەوە سڵاوێکی کرد و لای خوارەوە دانیشت.

حاجی کە لەبەر جەماعەتەکەی بە پەلە بوو، لە لایەک ڕوویکردە میرزا ساڵح و گوتی دەمەوێ سەرفیترەکەی ئەمساڵ بدەم بە تۆ، لە لایەکی دیکەشەوە بانگی کردە حاجی ژن: فاتێ، ئا خێراکە، نێزیکەی دوو هۆقە گەنم بێنە.

حاجی ژن: گەنممان نییە، هەر برنج لە ماڵەوە هەیە، برنج دەبێ؟

حاجی: فەرقی چییە؟ ئەویش زەوادە. خێراکە. دوو قۆتە برنج بێنە!

میرزا ساڵح: ناعیلاج نەبوایەم وەرم نەدەگرت، پیاو کە ناچار بوو خێر و سەدقەش قەبووڵ دەکا!

حاجی: دوور لە تۆ، میرزا، تۆ خوێندەواری. شتی وا مەڵێ. عیلاجی چی؟ ساغ و سەلیمی، مانگی حەوت دینار و نیو مەعاشتە. شوکری خوا بکە. برینجیان هێنا. حاجی میرزا ساڵحی بانگ کردە پێشەوە:

ئەوا ئەو برینجەم دا بە تۆ لە سەرفیترەی ئەمساڵەدا کە خوا لەسەر منی فەرز کردووە. میرزا ساڵح گوتی: ئەوا قبووڵم کردو دامەوە بە خۆت بە قەرز. برنجەکەت حەوت جار لە سەرفیترەی حاجی و حاجی ژن و سێ کوڕەکە و دووکچەکەیان لە بەینی حاجی و میرزادا دەستاودەستی کرد.

حاجی هەستا بڕوا بۆ جەماعەت، بەسەر پێوە گوتی:

سەر فیترە بە زیادەوەی دانێی باشترە. بۆ میرزا ساڵحیش بە زایە ناچێ. دایدەنێین هەر سەرەی بە ڕوبعێک، دەکاتە دوو دینار چارەکی کەم. حاجی چوو بۆ جەماعەت. میرزا ساڵح خەریک بوو بڕوا. حاجی ژن بە زۆر گێڕایەوە و چایەکی بۆ تێکرد. حاجی ژن ئەحواڵی منداڵەکانی میرزا ساڵحی دەپرسی. میرزا ساڵح شاش و واش وەڵامی حاجی ژنی داوە. زیاتر بیری لە پارەی سەرفیترەکە دەکردەوە؛ چۆنی خەرج کات بەشی کاسەجێژنەش بکا و جێژنانەیەکیش بۆ ژنەکەی و منداڵەکانی بکڕێ. چایەکی خواردەوە، ماڵاوایی کرد و ڕۆیشت.

بەیانی میرزا ساڵح وەکوو هەموو خەڵکی بازاڕ دەڵین «محەلەکەی» کردەوە. گەسکی داو دەفتەر و شتی خۆی ئامادە کرد و دانیشت. تاوێکی پێچوو، حاجی پەیدابوو.

حاجی: میرزا، تا زووە و سەرمان قاڵ نەبووە، دەست دەرە قەڵەمەکەت با حیسابی خۆمان بکەین.

میرزا: حیسابی چی؟

- چۆن حیسابی چی؟ تۆ دوو دینار چارەکێ لای من هەیە.

- باشە، ئیتر ئەمە حیسابی دەوێ؟

- تۆ دەڵێی ئەمڕۆ هاتوویتە بازاڕ چۆن حیسابی ناوێ؟ هەموو شتێک حیسابی دەوێ. برامان خرایی، کیسەمان جیایی.

میرزا: باشە، دەی فەرموو. ئەمە قەڵەم و کاغەز.

حاجی: بنووسە دوو دینار چارەکێ کەم.

میرزا: ئەوا نووسیم.

حاجی: دەی من چیم لای تۆ هەیە؟

میرزا: وەڵڵا نازانم. لە بیرم نییە تۆ هیچت لای منەوە بێ.

حاجی: تۆ لەبیرت نییە، من لە بیرمە. زستانێ قۆندەرکانت دڕابوو. دووکانەکەت پیس دەکرد. جووتێ قۆندەرەم دایەی. قەیناکا، با لەبەر تۆ بە دینارێکی دانێین. بنووسە دینارێک.

میرزا: بۆ چی بە چەندت کڕیبوو، وا بە کۆنیش بە دینارێکی لەسەر من حیساب دەکەی؟

حاجی: کاکی خۆم تۆ ئەهڵی بازاڕی. لە بازاڕ قسە لەوە نییە بە چەند کڕاوە، قسە لە نرخی ڕۆژە.

کۆنی چی و شتی چی! تاقە زستانێک لە پێم کردبوو. هێشتا تازە و نوێ بوو.

میرزا: دەباشە، ئەوا نووسیم دینارێک.

حاجی: ئەو ڕۆژە حاجی فەتحوڵڵای پێنجوێنی سندووقە چاکەی لێکڕێن، چارەکێ چای نموونەت ڕشت. ئەویش سێسەد فلسمیرزا: چارەکە چایەکەم کۆ کردەوە و کردمە سندووقێکی.

حاجی: کۆ کردنەوە ی چی؟ نەختێکت کۆ کردەوە. ئەوەکەی تێکەڵ خاک و دخۆڵ بوو،

گەسکت لێدا. قەیناکا بنووسە دوو سەد فلس.

میرزا: دەی باشە ئەمە دینارێک و دوو سەد فلس.

حاجی: تەختەی دوو سندووقە قوندەرەت بردەوە کورسی پێ دروست کەی. ئەویش یەکی نیو دینار. بنووسە دینارێک.

میرزا: تۆ دەڵێی بە نرخی ڕۆژ. ئێستا تەختەی سندووقە قۆندەرەت چەند دەکات؟

حاجی؛ ئەوسا زستان بوو زیاتریشی دەکرد. باشە بەنرخی ئەمڕۆکەی دادەنێین. بنووسە هەشت سەد فلس. ئەمە بووە دوو دیناری تەواو.

میرزا: بەڵێ تەواوە.

حاجی: تۆ دینارێک و حەوت سەد و پەنجا فلس پارەی فیترەت لای من هەیە، ئەوە لە دوو دینارەکە دەرکە. تۆ ڕوبعێکت دەکەوێتە سەر. ئەویش جێژنانەی ئەم جێژنەت بێ. ئێتر بێ حیساب.

میرزا «بە زەردە خەنەیەکەوە»: جا بۆچی بەو ڕوبعە دینارە سەرفیترەی ساڵێکی دیکەم لێ سەلەم ناکەی؟

حاجی: حیسابی ساڵێکی دیکە وەختی دەکەین. ئێستا چۆن بێ جێژنانە و بە دەستی بەتاڵ دێڵم لە محەل دەرکەوی؟