ئاغا وەجاغی ڕۆشنە

از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 9 دقیقه  993 مشاهده

ڕەشید ئاغا لە تەمەنی لاوێتیدا بوو. چەند ساڵێک بوو ببووە ئاغا. ئەویش وەک «گای حاکم» لە تەڕی دەیخوارد و لە ویشکی دەخەوت. لەوەتی پێگەیشتبوو، شەو خەریکی قومار و، ڕۆژ خەریکی ڕاو و شکار بوو. تاقە هونەرێکی کە بووی، ئەوە بوو لە زمانی تاژیی دەزانی.

ڕەشید ئاغا: هەو... هەو... ڕەستی هاوریشم و قەلادەی زیوت لە ئەستۆ دەکەم، دەست و پەنجەت لە خەنە دەگرم؛؛ جلی تورمەت بۆ دەکەم!

تاوس،؛ وەکو ژاندارمەیەک کە تازە چەند کوردی گرتبێ و ئافەرینی لێ کرابێ و ئەفسەرەکەی بانگی کات، یا وەک ژنە وەرزێڕێکی کە بە ناو دڕک و داڵدا بەدوای تاقە مانگا ونبووەکەیدا ڕابکات، بە خۆشبەزی و خێرایی بازی دەبرد بۆ لای ڕەشید ئاغا، وەخشپەی پێی نەدەبیسرا، بە قەلادەی زێوین و جلی تورمەوە بە دەوروبەری ئاغا دەهات و دەرچوو، کلکە سووتەی دەکرد، خۆی دەکێشاوە و دەیقوروسکاند، پای: ئامادەی ڕاوو و تێبەربوونم.

ئاغا و تانجی، پشتاوپشت، لەگەڵ یەکتر هاتبوونە خوارەوە. هەر چەند لە دوو ڕەگەزی جیاواز بوون، بەڵام سەبارەت بە پێشینەی مێژوویی بێ تەرجومان لە یەکتر تێدەگەیشتن.

ئێوارەی ڕۆژێکی دەمەوزستان بوو. لە هەیوانی دیواخانی «نۆبار» ڕەشید ئاغا و تاوس بەدیار نۆکەرەکانەوە، بە زمانی حاڵ ئەو قسانەیان دەکرد.

نۆ کەرەکانی ڕەشید ئاغا کە زۆربەیان لەگەڵ نۆبار و دیواخانە و ئەسپ و تاژی لە ئاغای ڕەحمەتی بە میراث مابوونەوە، لە هەراویی ناودەست و باریکیی دەست و پاشوو و خۆشبەزیی تاوس واقیان وڕمابوو، هیوادار بوون خۆیان و ئاغایان بێ گۆشت نەکات. یەک لە دوای یەک پیرۆزبایی تاوسیان لەڕەشید ئاغا دەکرد. لە پاشان کوێخا عەوڵا هەڵیدایە و گوتی: بە گۆڕێکی ئاغای ڕەحمەتیی تێچووە، ئەو تاژیە دیزیەتییە. ئەگینا ئەم هەڵۆیە و دوو تەغار گەنمیان نەگوتووە.

ڕەشید ئاغا: دەچەغەبە. دەویت باب، ئاقڵت بۆ لەکار کردم! دیارە، ئەگەر حەمەوەیس لەبرسا قۆڕەی زگی نەهاتایە، بۆ دوو تەغار گەنم لێرەوە نەدەچووە «تیلەکۆ» بە شەوی ئەنگوستەچاو، سینگی خۆی بە گووللەوە نێت و تاوس بۆ من بدزێ، دووساڵی تەواوە ناوبانگی تاوسم بیستووە.

لە عاسمان بۆی دەگەڕام، لەسەر زەوی دەستم کەوت، ئەگەر زۆرت بە خیلی بە حەمەوەیس دێ دوو تەغار گەنمی دستکەوووە، نەچووە بچێ، ڕستت دەکەم وتێت بەردەدەم، کە کەروێشکێکت کوشت دوو تەغار گەنم بە تۆ دەدەم.

کوێخا عەوڵا: دەباشە ئاغا. تۆ لەسەر کەروێشکی خۆت نیی؟ من تەماڵێکت بۆ دەدوزمەوە، کەیفت ڵێیە لە لاندا بە زیندوویی دەیگرم، حەز دەکەی تاوسی تێبەردە.

ڕەشید ئاغا: دەبڕۆ تەماڵ بدۆزەرەوە.

کوێخا عەوڵا: ئاغا ئەوەندەم لێ بوەستە گەرداڵێک بەفر ببارێ. بزانە دوو تەغار گەنمەکە حەڵال دەکەم یان نا؟

لەو کاتەدا، تاوس ڕەشید ئاغای تێگەیاند کە ئارەزووی ڕاوی هەیە. بە بەردەمی ئاغادا ٤-٣ بازی برد. بە حاڵ نووکی پەنجەی لە زەوی دەخشا. ڕەشید ئاغا «بە تاوس» دەک لەبەر قەڵەمبازت مرم.

«ئەوجار بە کوێخا عەوڵا»: بە سەری مارف ئاغا، سبەینێ تا چێشتانێ تەماڵێک نەدورییەوە گەسکت لە سەر بارەوە دەنێم٤ . کە دۆزیشتەوە جگە لە دوو تەغار گەنم، ئەو ڕانک و چۆغەی بەریشم هیی تۆیە. دەبڕۆ بزانم چ دەکەی؟

کوێخا عەوڵا: ئاغا! سوێندەکەت بە گوڵ بێ. لە بەفری نەباریوە، تەماڵت لە کوێ بۆ بدۆزمەوە؟

ئەوەندەم سەبر لێ بگرە. بەفر عەرز سپی بکات جا ئەو حەلە چاوم لێ بکە.

ڕەشید ئاغا: ئەو قسانەی پئ ناوێ. باسی تەماڵت کرد، دەبێ بیدۆزیتەوە. دەنا دەتکەمە تەماڵ و سەگت تێ بەردەدەم.

بایز «یەکێ لە نۆکەرەکان، کە بە ڕێز لە بن دیواری هەیوانەکە بەدیار ئاغاوە وێستابوون» لەبەر خۆیەوە: عەوڵا خۆی بە دەمڕاست دەزانێ. دەبڕۆ بەم ڕەشانگە تەماڵ بدۆزەوە.

جافر «یەکێکی دیکە لە نۆ کەرەکان»: ئەوەندە گەوجە پێی وایە کەروێشکیش ڕەعیەتە بچێ لە ماڵەوە بە شەق بیهێننێتەوە بێگار. ئێمەش دەتوانین ڕەعیەت بە شەق ئەمدیوو ئەودیو کەین. دەبڕۆ تەماڵ بدۆزەرەوە بە زمانی خۆت پێوە بووی!

مام سەلیم «بە حاڵ کەڵبەی لە دەمدا مابوو، وەختی خۆی گەورە نۆکەری مارف ئاغای باوکی ڕەشید ئاغا بوو» بە پڵتەپڵت لەبەر خۆیەوە دەستی پێکرد: دەک کوێر بم، ئاغا ئاوا دەبێ. دەمەویست ئێستا ئاغای ڕەحمەتی بوایەم ئەم چەلەحانێیەی لە گەڵ بکردایە. چما کاری لە پێستی سەری نەدەئاخنی.

ڕەشید ئاغا، کە بە بەرسەفی نۆکەرەکاندا پیاسەی دەکرد، گوێی لەو قسەیە بوو، چووە پێستی باوکییەوە و گوتی: مام سەلیم! سبەینێ تا نیوەڕۆم لێ ڕاوێستە، جا قسەی ئاغای خۆت تاقی کەرەوە، بزانە چۆن دەیکەمە تەماڵ.

کوێخا عەوڵا، هەر چەند باب نۆکەر نەبوو، وەکو مام سەلیم چاوی بە پاشخوانی ئاغای ڕەحمەتی نەپشکووتبوو، بەڵام دەتگوت لەژێر چەکوشی شەیتان دەرپەڕیوە. لە فڕوفێڵی ئاغا و نۆکەریدا وەستابوو،

دەیزانی ئاقڵی ئاغا تا کوێ بڕدەکات. تەگبیری خۆی کردبوو، ئەمما دەیویست ڕەشید ئاغا پتر شێلگێرکا. تا دوو تەغار گەنمەکەی دەستکەوێ. ڕووی کردە میرزا سمایلی میرزای ئاغا کە لەولاوە وێستابوو.

کتێبێکی چڵکنی بە دەستەوە بوو: مام میرزا بۆم کتێبە، ڕبەیەکت لە گەنمەکە دەدەمێ. میرزا سمایل: دەبڕۆ مردووت مرێ. ئێستاکە لە قەندیلیش بەفر نەکەوتووە، قامووسیش تەماڵ ناگرێ. بۆت بڕوانمە کتێبی چی؟

کوێخا عەوڵا: بەسەری ئەو ئاغایە ڕبە گەنمێکت لە کیس چوو!

ڕەشید ئاغا: ها... ها... سبەینێی نەهاتوو، لە تەماڵی نەدۆزراوە و، لە گەنمی وەرنەگیراو، داخ دەباتە دڵی میرزا!

نۆکەرەکان: بەڵێ، ئاغا جوانی دەفەرمۆێ.

ئەها.. ئەها.. ها..

کوێخا عەوڵا «دەیەویست بۆ پێکەنینی ئاغا زیاتر سەربکاتە سەر میرزا»: باشە، مەڕوانە کتێبە چڵکنت، بەسەری ئەو ئاغایە چاوت بە گەنم ناکەوێ.

میرزا «کە داخی عەوڵای لە دڵدا بوو»: شوکور باوکی نەماوە، ئەگینا بێ گەنمیش دەیهێنایە سەما. کوێخا عەوڵا تێگەیشت مەبەستی میرزا ئەوەیە باوکی عەوڵا ڕەعیەت بوو. ئەگەر بمایە ئەویشی بە دەردی ڕەعیەتەکانی دیکە دەبرد. گوتی: من نمەک بە حەرام نیم. ئاغا چۆنی پێ خۆش بێ وا دەکەم.

میرزا، کە زانیی قسە دەگاتە ناسکی، گوتی: ئاغا حەزدەکا تەماڵی بۆ بدۆزێتەوە.

کوێخا عەوڵا: باشە، بەڵام بەو شەرتە دەم لە گۆشتەکەی نەدەی.

مام سەلیم: هەتیوە، عەوڵا تۆ شێتی؟ لەبەفری نەباریوە، لە تەماڵی نەبوو، لە ڕاوی نەکراو، لە ژیانی تێبەرنەدراو، لە کەروێشکی نەکوژراو، لە چێشتی لێنەنراو، میرزا دەم لە گۆشتی چی نادات؟

میرزا: بە خوا بڵێم چی؟ سەرم لەم قسانە دەرناچێ!

کوێخا عەوڵا: ڕاست دەکا. هەر سەری لەوە دەردەچێ بۆ ڕەعیەتەکان بپاڕێتەوە و تکایان بۆ بکا. ئەوەندەی قاقەز و ماقەز خوێندۆتەوە و هاتوچۆی کردووە قسەی ئێمەی پئ هیجە.

میرزا: تۆ بڕۆ تەماڵ بدۆزەرەوە و واز لە من قاقەز و ماقەزم بێنە. هەر شتە وەختی خۆی هەیە. ئێستا جارێ ئەوا وەختی تەماڵ و ڕاوە.

ڕەشید ئاغا «بە دەم ڕێگای ژوورەوە» عەوڵا! تاوس بەرە دەست و پاشووی لە خەنە گرە بۆ تەماڵەکەی سبەینێ.

کوێخا عەوڵا «بەیانی دوای نان و چا» عەوڵا!

کوێخا عەوڵا «کە لە پێشخانە لەگەڵ نۆکەرەکان خەریکی پاشخوان خواردن بوو، پارووەکەی بە خڕی قووت دا»: بەڵێ... بەڵێ... ئاغا.

ڕەشید ئاغا: دەست و پاشووری تاوست لە خەنە گرت؟

عەوڵا: بەڵێ، ئاغا.

ڕەشید ئاغا: قسەی خۆم لەبیرنەچۆتەوە تەماڵت دۆرییەوە.

عەوڵا: بەڵێ ئاغا.

ڕەشید ئاغا: وڵاغان بێنن، با بچین بۆ ڕاو.

تاوس لە بەر ئەسپی ڕەشید ئاغاوە سەمای دەکرد. لە بناری «تەورەغە» ڕاو دابەسترا. گە گەیشتنە شێوەڵێک، عەوڵا، لەپڕ، هەڵیکێشا تەماڵ:

خۆڵامی سەری ئاغای خۆمم، تەما... ڵە

ڕەشید ئاغا تاژیی تێبەردا، بەڵام کەروێشک هەڵنەستا.

عەوڵا: ئاغا، بەلان کەوتووە، با بچم هەڵی ئەستێنم. ڕکێفی لێدا و چووە پێشەوە.

دابەزی و گورجێک پەتی ملی کەروێشکی داڕنی و فرێیدا دەرەوە.

ڕەشید ئاغا «تاوسی دووبارە تێپەردا» ها بیگرە تاوس ها..! دەری نەکەی ها!.. لەسەری منت کەوێ... تاوس یەک دوو سەری پێداهات و کەروێشکی هەڵگرت.

عەوڵا بەغار چوو کەروێشکی لە دەم تاژی سەندەوە و بە پاشکۆیەوە هەڵیواسی.

کە گەڕانەوە عەوڵا چاوی پێکەوت برایمە شەڵ لە سەرەمانا دەڵەرزێ کەچی لەبەر دەرکی مزگەوت لە گەڵ میرزا وێستاوە قسەی بۆ دەکات.

کوێخا عەوڵا «بە پەلە» برایم ئەوە هێشتا نەڕۆیشتووی؟

برایم: بۆ کوێ؟ تۆ هیچت بە من نەگوتووە. کوێخا عەوڵا: پێم نەگوتی، ئەوا گوتم، ڕاکە بچۆ بۆکان تەنەکەیەک نەوت بێنە بۆ ماڵی ئاغا. زوو وەرەوە، بۆ ئێوارێ فریای خە!

شەو لە دیواخان بەدەم خواردنی گۆشتی کەروێشکەوە، باس باسی ڕاو و تاریف تاریفی تاوس بوو.

ڕەشید ئاغا: مام سەلیم! چۆنم تەماڵ بە عەوڵا پەیدا کرد؟ خۆ ئێستا ئاغایەتی دەزانم؟

مام سەلیم: ئەوەندەی گڵ بەسەر ئاغای ڕەحمەتییەوەیە، سەد ئەوەندە عومری تۆ بێ. شوکر ئاغا وەجاخی ڕۆشنە.

میرزا «بزەی دەهاتی» : بەڵێم، ئاغا وەجاغی ڕوونە!

ڕەشید ئاغا: مام سەلیم! بەیانی دوو تەغار گەنم بدە عەوڵا، ڕانک و چۆغەکانیشی بۆ دەنێرم..

شەو دیواخان چۆڵ بوو، عەوڵا دەڕۆیشتە ماڵەوە، لای دا دەرکی ماڵی برایمە شەل و بانگی کردە

دەرەوە، گوتی؛ برایم؛ لە دەمت دەربێ کەروێشکی ماڵیت لێ ون بووە، لەژێر بێگاردا دەتپڕووۆێنم. خۆ دوێنێ هیچت بە میرزا نەگوتووە؟

برایم: جا با پێشم گوتبێ، چیی تێدایە، ئەویش هەر لە خۆتانە!

عەوڵا: نا، نا، ئەوە کابرایەکی شاری و دمشڕە. ئەگەر لای ئاغا باسی کرد، تۆ بڵێ درۆکات شتی وا نەبووە، جا نۆرە بیگارت لەسەر بێگارت لەسەر هەڵدەگرم.