تاج و تەختی کۆیخا هۆمەر

از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 10 دقیقه  1151 مشاهده

چەند ساڵ پێش شەڕی دووهەمی جیهانی، هەر لە بەیانییەوە ڕۆژێک لە بازاڕی مەهاباد، سەودا و کڕین و فرۆشتن وێستا. دوو کاندارەکان کە هەموو شتێک بە گەزی خۆیان دەپێون، وە هەموو شتێک بە سەنگ و تەرازووی خۆیان دەکێشن، تا گەز و تەرازوویان لە کاردا بێ بەتەنگ هیچەوە نین، دنیا ژێروژوور بێ، هەر ئەوان فرۆشیان ببێ، پەکیان پێناکەوێ. ئەو ڕۆژە نیوگەز وەکو مقاشی هاوین لەولاوە کەوتبوو، تەرازووش مریشکە بەکورکت تێدا بنایەتەوە. کوتووپڕ چپەچپ کەوتە بازاڕ. یەک لە یەکی دەپرسی: چ باسە، کرمانج ئەمڕۆ بۆدەرمانیش دەست ناکەوێ؟

زۆری پێ نەچوو زانرا: سەرباز دەوری شاری گرتووە، سوخرەیە، ماین، ئەسب، وشتر، گوێدرێژ، هەرچی بە کاری سواری و باری بێت بە سوخرە دەگێرێ.

ئەمجار خەڵک زیاتر تینووی دەنگوباس بوون. چیە؟ چ قەوماوە؟ کەس نەیدەزانی! کەسیش نەیدەوێرا زۆری لێ بکۆڵێتەوە. کاروباری لە شکری دەوڵەتە و نهێنییە، لێکۆڵینەوەی باسی سەرە.

دوو سێ ڕۆژی پێچوو، وردە وردە سوخرە بڕاوە و وەزع هاتەوە دۆخی خۆی. دەنگووباس بڵاو بۆوە:

بەشێک لەو لەشکرەی لە مەهابادە، چووە بۆ ناو «گەورکان» پاشان خەبەر گەیشت کە لە گەورکانیش تێپەڕیوە و بەرەو سەردەشت ڕۆیشتوە. ئیتر دەنگوباس وشکاری هات. هێندێک دەیانگووت: ڕەنگە ئەمانە چووبن هیی سەردەشت بگۆڕن. هێندێکانیش دەیانگوت: ڕەنگە لەو ناوە شەڕ بێت. هاتوچوو بۆ سەردەشت نەبوو، نەیاندەهێشت هیچ کەس ببیسێ. ئەوە ببورە مەتەڵۆ کەیەک کەس نەیتوانی هەڵیبێنێ. تا شین و شەپۆڕ لە ماڵی «حەیدەر عەلی خان» دا کەوت. حەیدەر عەلی خان ئەفسەری فەرماندەی بەشی شەست تیری ئەو لەشکرە بوو کە چووبووە سەردەشت. دەرکەوت کە سەید عەلی خان کوژراوە.

خەڵک لە ژوومارەی سەربازە کوژراوەکان کەوتنە خۆ. یەکێ دەیگوت: سەد سەرباز کوژراوە.

یەکێک دەیگوت: دوو سەد هیی وابوو دەیگەیاند پێنچ سەد. هێندێکیش دەیانگوت قەلاچۆیان تێخراوە و چولەکەکوژیان نەماوە.

خەڵک ئەوەندەیان حەز بە فەوتانی لەشکری دەوڵەت دەکرد، ئەوەی لە دڵیاندا بوو بە زۆرکردنی ژمارەی سەربازە کوژراوەکان دەریان دەبڕی و، بەم جۆرە کفتوکۆی دڵی خۆیان دەڕشت. بەڵام سەرلەبەریش بتگرتاتە قسەیان بێ ناوەڕۆک، نەبوو، چوونکە ئەو بەشە لەشکری دەوڵەت کە لە سەردەشت بوو هیچی پئ نەکرا.

دەوڵەت نەیدەویست وەکو جاران-کە لە هەر لایەکی کوردستانی ئێران جووڵانەوەیەک ببوایە تفەنگی بە عەلی ئاغای حاجی ئێلخانی و قەرەنی ئاغای مامەش و چەند سەرۆک عەشیرەتی خۆفرۆشی دیکە کۆدەکردەوە و جووڵانەوەکانی کوردی بە کوردەکان دەخنکاند - ئەمجاریش وا بکات.

دوڵەت خۆی بە دەستەڵاتدار دەزانی، ئەوانیش چەک چن کردبوو، ئیتر نەیدویست جارێکی دیکە چەکیان بداتەوە دەست. دەیگوت؛ «ڕەش هەر ڕەشە». ئەمانە با خانینی گەلەکەشیان بن، هەر کوردن و جێگای بڕوانین.

تەشیدەویست لە شارەکانی دیکەوە لەشکر بێنێ. تا خەڵک نەزانن هێشتا کەسی وا ماوە بتۆانێ لە زەمانی ڕەزاشادا سەری دڵی هەڵاوێ. لە تارانەوە فەرمان درامەسەلەکە لە کورتی ببڕنەوە و پووش بەسەری کەن.

فەرماندەکانی لەشکری «ورمێ» و «مەهاباد» و «سەردەشت» کەوتنە ڕاو تەگبیر. ئاخرییەکەی بڕیاریاندا لە گەڵ کوێخا هۆمەری سۆێسنێ و توویژ بکەن. «کێ ئەم زەنگۆڵە لە ملی پشیلە بکات؟» دەستیان کرد بە پرسیار لەو بازرگان و دەربەگانەی سەر بە دەڵەوت بوون. بە هەموویان «کا حسێن» یان دۆزییەوە.

کا حسێن هەم سەید بوو، هەم بە ڕاوێژی دەمی عەشایری دەزانی. کاتی شەڕی هەوەڵی جیهانی میرزای با پیراغای مەنگۆڕ بوو. لە پاشان بە نۆرە میرزای عەلی ئاغای حاجی ئێڵخانی و قەرەنی ئاغای مامەش بوو. سەرۆک عەشیرەتەکان دەیانناسی و بە پیاوێکی ئاقڵیان دزانی. چەق و تەقی دنیای زۆر دیبوو. لە شەڕی هەوەڵی جیهاندا کە لەشکری عوسمانی لە سابڵاخ «مەهاباد» بوو، داوایان لە پیراغا کرد بە خۆی و لەشکرەکەییەوە بچێ بۆ «خەزا» با پیراغا بە کاحسێندا وەڵامێکی زۆر تۆند و تیژی بۆ ئەفسەری عوسمانی ناردەوە. ئەفسەری عوسمانی کە دەستی نەدەگەیشتە باپیراغا، حوکمی ئیعدامی کا حسێنی دا.

کا حسێن بە تکای قازی عەلی باوکی قازی محەمەدی شەهید ڕزگاری بوو. کە لەشکری ڕووسی قەیسەری هات و لەشکری عوسمانی شکاند، ڕۆژێک کا حسێن بۆ کاری باپیڕاغا دەچووە سابلاخ. لە ڕێگا تووشی دەستەیەک ساڵداتی ڕووسی بوو، ساڵداتەکان کە بۆ کابرایەکی دیکە دەگەڕان، بەهەڵەچوون و کاحسێنیان گرت، وە لەگەڵ دیلی دیکە نێڕدرا بۆ قەفقاز، تا لە شۆرشی مەزنی ئۆکتۆبردا بەربوو، هاتەوە.

کا حسێن کە بەسارد و گەرمی ڕۆژگار قاڵ ببوو، بۆ ئەم کارە هەڵبژێردرا، وە لە گەڵ ئەفسەرێک ناردیان بۆ لای کوێخا هۆمەر لە گوندی «قەلەڕەشە»

کا حسێن گوتی: فەرماندەی سەردەشت لە پێشدا پیاوی ناردبووە لای کوێخا هۆمەر، کە لە لایەن دەوڵەتەوە دوو کەس دەنێردرێن بۆ وتووێژ، کوێخا هۆمەر قبووڵی کردبوو. لەسەر ئەو بەڵێنییە کەوتینەڕێ. کە لە سەردەشت دەرکەوتین و گەییشتینە ناو نزار، دوو کابرای سۆێسنیی ڕووتەڵە لە بن دەوەنێک دەرپەڕین، تفەنگەکانیان قایشی پێوە نەبوو، لە جیاتیی قایش بەنیان تێخستبوو. پرسییان چ کارەن، بۆ کوێ دە چن؟

گوتمان: لە لایەن دەوڵەتەوە دەچین بۆ لای کوێخا هۆمەر.

گوتیان: ڕاوەستن تا پرس بکەین.

یەکیان ڕۆیشت، دوای نیو سەعات هاتەوە گوتی: با بڕۆن.

ڕۆیشتین، گەییشتینە بەندەیێ، دیسان دوو سوێسنی لەبن دارێک دەرپەرین:

چ کارەن؟ بۆ کوێ دەچن؟

لە لایەن دەوڵەتەوە دەچین بۆ لای کوێخا هۆمەر. ڕاوەستن، با پرس بکەین.

یەکیان ڕۆیشت و دوای سەعاتێک هاتەوە، گوتی: با بڕۆن.

بە دۆڵی قەلەڕەشدا بەربووینەوە. لە شیوێک دوو سوێسنیمان لێ دەبەڕێ:

چ کارەن؟ بۆ کوێ دەچن؟

لە لایەن دەوڵەتەوە دەچین بۆ لای کوێخا هۆمەر.

ڕاوستن، با پرس بکەین.

یەکیان ڕۆیشت و دوای سەعات و نیوێک هاتەوە.

گوتی: با بڕۆن.

ڕۆیشتین تا گەییشتینە بەر حەوشەیەک کە بە تەیمان گیرابوو، چەپەرێکی گەورەی پێوە بوو.

سوێسنییەک بە تفەنگەوە لەو دیوی چەپەرەکە ڕاوێستابوو.

چ کارەن، لە چی دەگەڕێن؟

لە لایەن دەوڵەتەوە هاتووین بۆ لای کوێخا هۆمەر.

بانگی کرد: پیرۆت! ئەمانە دەیانەوێ بێنە لای کوێخا هۆمەر.

دوای چارەگە سەعاتێک پیرۆت لە هیوانی هۆدەکەیەوە بانگی کرد: با بێن.

ڕۆیشتین گەییشتینە هەیوانەکە. پیرۆت لە هەیوانی هۆدەکەوە بانگی کرد: با بێن.

ڕۆیشتین گەییشتینە هەیوانەکە. پیرۆت گوتی: ڕاوەستن.

پیرۆت چووە ژوورەوە. چ ببینین؟ سەیر و سەمەرە! هۆدەیەکی قوڕین، دیوارەکانی بە دووکەڵ ڕەش ببوو، میچەکەی قورماوی بوو، تاقە پەنجەرێکی چووکی تێدا بوو بۆ سەر هەیوانەکە، شووشەکەی بە دووکەڵ ڕەش داگەڕابوو. هیچی ڵێ ڕانەخرابوو. لە ناوەڕاستی هۆدەکەدا کورسییەکی زستانی کە لەسەر تەنوور دایدەنێن و لێفەی پێدا دەدەن و لە دەوری دادەنیشن، دانرابوو. کوێخا هۆمەر لەسەر کورسیەکە دانیشتبوو، لاقێکی نابووە سەر لاقێکی، بەسەر سەریەوە سەوەتەیەک بە بەن بە داری میچەکەوە هەڵاوسرابوو. کوێخا هۆمەر سەری کردبوو بە بن سەوەتەکەدا کوێخا هۆمەر نە تەماشای کردین، نە وەڵامی داینەوە. پیرۆت قەلیانێکی تێکرد و دایە دەست کوێخا هۆمەر. کوێخا هۆمەر ناوبەناو مژی لە قەلیانەکە دەدا و چاوی بڕیبووە پەنجەرەکە. ئێمەش وێستابووین. کابرای ئەفسەر سپی هەڵگەڕابوو.، لە بیچمی وا دەرکەوت لای وایە بەدەست ئەم دێو و درنجەوە هەزار گیانی پێ بێ گیانێک بە ساخی دەرناکات. بە چاو ئیشارەم لێ کرد: نەترسی. دوای تاوێک کوێخا هۆمەر گوتی: پیرۆت، چای بێنە.

پیرۆت چایەکی هێنا و داینا. کوێخا هۆمەر ناوبەناو مژێکی لە قەلیانەکە دەدا و قومێکی لە چایەکە دەخواردوە کە لە قەلیان و چایەکە بۆوە، ڕویکردە ئێمە و گوتی: ئێوە کێن؟ دەڵێن چی.

گوتم کوێخا هۆمەر: ئەمە ڕەسم و باری کوردەواری نییە. لە هەموو ماڵێک ڕێز و حورمەت لە میوان دەگرن. ئێمە میوانی تۆین.

بەڵێ، کە دەستتان ناڕوات، ئەم قسانە دەکەن. ئێستا قسەتان چییە بیڵێن.

لە پێشدا پیاویان ناردبووە لات قبووڵت کردبوو ئێمە بێین. ئەوا لە لایەن دەوڵەتەوە هاتووین قسەت لەگەڵ بکەین.

چۆن هاتن؟

لە سەردەشت کەوتینە ڕێ و ئەوا گەیشتووینەتە ئێرە، لای تۆ.

نا، نا، بەوردی بۆم بگێڕنەوە، تووشی کێ هاتن؟ چییان لێ پرسن؟

بەوردی هەمووم بۆ گێرایەوە، چەند جار ڕایانگرتین، چەند لێ پرسین؟

بەوردی هەمووم بۆ گێرایەوە، چەند جار ڕایانگرتین، چەند برسی و توونی بووین.

گوتی: لێرە، لەم هۆدەیەدا چۆن؟

گوتم: وەڵامی سڵاوت نەداینەوە، ماندوو نەبوونیت نەکردین. لەو ساوە تا ئێستا بە پێوە ڕاتگرتووین.

قسەی چیم لەگەڵ دەکەن. ئەمە وەڵامەکەتانە. کردەوەی پیاوەکانی دەوڵەتەکەتان لە سەردەشت لەگەڵ ئێمە ئاوایە. بە شایەکەتان بڵێن کردەوەی پیاوەکانی باش دەکا و وەکو ئینسانان دەبزوونەوە، ئەوا باشە. ئەگەر هەر لەسەر ئەم پێودانانەش دەڕۆن، ئەو تاج و تەختی هەیە، منیش ئەمە «ئێشارەی بۆ سەوەتەکە کرد» تاج و، ئەمەش «ئیشارەی بۆ کورسییەکە کرد» تەختم. دەسا دەست و قەوەت لە خوا. کوێخا هۆمەر دەرفەتی نەداین قسە بکە، گوتی: پیرۆت بییانبە.

پیرۆت بردینییە هۆدەیەکی گەورەی ڕووناک و خاوێن، قاڵیی لێ ڕاخرابوو، پاڵ و پشتی لێ دانرابوو، سەماوەر قوڵتەقوڵتی بوو. دانیشتن، چایان بۆ تێکردین. دوای تاوێک کوێخا هۆمەر هات و لای خوارەوە دانیشت. بە ڕووخۆشییەوە بە خێرهاتنێکی گەرم و گوڕی کردین. نان و خوانێکی باشیان هێنا و نانمان خوارد.

گوتم: دەی کوێخا هۆمەر، ئێستا با قسان بکەین.

قسەی چی بکەین؟ «قسەی هەزارە یەکی بەکارە». من وەڵامی ئێوەم دایەوە. تۆ پیاوێکی ئاقڵی.

بڕواناکەم تێنەگەشتبی. ماڵاواییمان لێکرد. کوێخا هۆمەر زۆر بە حورمەتەوە بەڕێی کردین.

هاتمەوە، سەر لەشکرم تێگەیاند تاوانی ژاندرمەیە سوێسنییەکانی ئەوەندە هەراسان کردووە ناچار بوون بەگژ دەوڵەتدا بچن. دەوڵەت قەدەغەی کرد ژاندارم بە خاکی سۆیسنیدا بچێ. بۆ کاروباری ئەوێ دایرەیەکیان دانا بە ناوی «دایرەی ئینتیزاماتی عەشایری»، کابرایەکیان کردە سەرۆکی ئەو دایریە بە ناوی «سەرهەنگ پزیشکییان» سەربازەکانی پزیشکییانیش پاش یەک دوو ساڵ وردە وردە چوونەوە سەر پێودانەکەی ژاندارم، تا ڕژێمی ڕەزا شا ڕووخا. ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی هاوینی ساڵی ١٩٤١ پزیشکیان و سەربازەکانی، وەکو سقڵی ڕووت، بە توێی کراس و دەرپێ هاتنەوە مەهاباد و لەوێوە ڕۆیشتنەوە بۆ پێتەختی شاهەنشاهی.