بیهێنە، ئەمما ناوی مەبە

از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 9 دقیقه  1430 مشاهده

کۆشکی ئاغایی وەکوو کوندەبە بووی گەڕۆڵ بە بەربەڕۆچکی دێی «سەرکەل»ەوە هەڵنیشبوو. لە هێندێ جێ پاسارەی بانەکان کەوتبوونە خوارەوە، لە هێندێ جێشدا چۆڕابوون، دەتگوت دەمی گزیری پیرە لەبەر کڕووساندنەوەی ئێسقانی پاشخوان و چەقەی زۆری چەند ساڵە لەگەڵ بێگارچییەکان ددانی تاق و واز کەوتووە و، ئەوەی ماویشەتەوە خوار و خێچ بووە. لە مێژ بوو پلووسەکەکان بەر ببوونەوە و چاییان پێ لێنرابوو. شۆلاوگەی باران کەندەڕی خستبووە دیوارەکان و دەمیان لە گوندی سەرکەل داپچڕیبوو، دەتگوت قەستیانە ئەو چەند ماڵە ڕەعیەتەش کە لە دێدا ماون بە گاو گوێر و شیناوەردەوە قووت بدەن.

بەردەکان سەریان لە سواغەکان دەرهێنابوو، ددانیان لە ڕیچەوە بردبوو، لەوە دەچوو نیازیان وا بێ خۆیان لە بەندی دیوارەکان ڕزگار بکەن.

بەشی دەرەوەی قەڵا، دیواخان و پێشخانە، تەویلە و کادێن، هێشتا بە پێوە بوون.

دیواریان بە دەرەوە و بانیان بە سەرەوە مابوو. بەڵام نە لە تەویلە حیلەی ئەسپ و ماین دەهات، نە کادێن سپیایی کای تێدا دیار بوو. لە بن میچ سیسرە دەیانخوێند و لە خواریشەوە قاڵۆنچە ڕمبازییان دەکرد.

ساڵێک بوو فەڕشی دیواخانەکە فرۆشرابوو، بەڕەکانی پێشخانەی لێ ڕاخرابوون. هەموو شتێک لە ماڵی مەجید خان بەرەو سووک و چرووکی دەڕۆیشت. ئەم بەڕانە نەبێ ڕێز و حورمەتیان پەیدا کردبوو لە پێشخانەوە هاتبوونە دیواخان و جێگای قاڵییان گرتبۆوە. تاقە حەسیرێکیش لە مزگەوت پەڕەوازە ببوو هاتبووە قوژبنێکی پێشخانەکە.

دەزگای دەرەوەی مەجیدبەگ بە سێ شتەوە دەگەڕا: فەرەجی فەڕاش، هەڵۆی تانجی، ئێسترە بۆز. شەوانە ئێسترە بۆز فەرمانڕەوای شەشدانگی تەویلە بوو، سەربەخۆ دەیزەڕاند. هەڵۆ لەسەر کوتە حەسیرەکەی پێشخانە و فەرەجیش لە مزگەوت دەخەوتن.

تازە تاو لە ناو ئاوایی کەوتبوو. فەرەج لە مزگەوت هاتەدەرەوە. نۆرەی ماڵی سۆفی ڕەحیم بوو، چوو سەوەتەیەک کاو جامێ ماستی لێ ئەستاندن. کایەکەی کردە بەر ئێسترە بۆز و، ماستەکەی بردە ژوورەوە بۆ بەر چایی ئاغا. هاتەوە لە گوێسوانەی کادێنەکە پێنج شەش لقی دار هێنا و کوورەی دەیوەخانەکەی داخست، هەڵۆی لە سەر حەسیرەکە دەرکرد و لە جێگای دانیشت. تاوێکی پێچوو مەجید بەگ پەیدا بوو، بە کاوەخۆ هەنگاوی هەڵدەهێنا. لەگەڵ هەموو هەنگاوێک کەوشەکانی قاچیان دقۆستەوە. هەر دوو دەستی نابووە کەلەکەی، ڕەسمی ئاغایەتیی بەجێ دەهێنا و لە شنەبای ساردیش شاردبوونیەوە. مەجید بەگ هاتە ژوورەوە لە پەنا کوورەکە دانیشت. فەرەج وەک دەست بۆ ژیژک بەرێ، سەرینێکی تووکی گەورەی چڵکن کە بەرگەکەی لە دوو سێ جێ دڕابوو، لای پەنچەرەکەوە لە جێگای دوێنێ ئێوارەی ئاغا دانرابوو، بە ئەسپایی هەڵیگرت و هێنای لە پشت ئاغایەوە داینا. مەجید بەگ پاڵی داوە و گوتی: بچۆ نان بێنە. فەرەج تاوێکی پێچوو سینییەکی گەورەی هێنا دوو نان و پیاڵەیەک ماست و سێ ئێستێکان چای لەسەر بوو، لەبەردەم ئاغا دایناو چووەوە پێشخانە.

مەجید بەگ بە دەم وتووێژەوە، چەند پارووی نان و ماست خوارد و دوو ئێستیکانی چا خواردەوە. چاوی بڕیبوو سینییەکە و کەوتبووە دەریای خەیاڵاتەوە. دەستی شارەزای بەرپشتێنەکەی بوو. لە خۆیەوە قوتووە سیغارەکەی دەرهێنا، سیغارێکی پێچاوە و بە ئاگری کوورەکە دایگیرساند. پزیسکێک ئاگر پەڕییە پشتی دەستی. وریا بۆوە و بانگی کرد: وەرە لای بە.

فەرەج هات سینییکەی لابرد. مەجید بەگ ناوبەناو مژێکی لە سیغارەکەی دەدا و بە وردی دەیڕوانییە میچی دیواخانەکە. تۆڕ و ڕایەڵەی جاڵجاڵۆ کەی نەدەدی،؛ فیکری دوورتر ڕۆیشتبوو، لەبەر خۆیەوە دەیبژارد:

یەک... دوو... سێ... تا گەیشتە سی.

فەرەج وای دەزانی ماڵە ڕۆیشتووەکان دەژمێرێ. لە پێشخانەوە هەڵیدایە: نەخێر ئاغا، بیست و پێنج.

مەجید بەگ ئەوەندە نوقمی خەیاڵات بوو گوێی لە فەرەج نەبوو، مژێکی دیکەی لە سیغارەکەی دا، دووکەڵ نەهاتە دەمی. قونچکە سیغارەکەی فت کرد. دارجگەرەکەی چەقاند بەر پشتێنی و هاتەدەرەو.

بۆڕەو قۆڕەی گاو گوێر وریای کردەوە. تەماشای کرد ئەوا ماڵێکی دیکەش خەریکی کۆچ کردنە. تاوێ لووتی داژەند و، لە پاشان لەبەر خۆیەوە گوتی: بە گۆڕی بابیەوە، با بڕوا. داری خانووەکە بەشی مانگێکی کوورەکە دەکات. مەجید بەگ ڕۆیشتە ماڵەوە. سینییەکە بە سێ ئیستیکان و پیاڵەیەکی خاڵییەوە لەوێ دانرابوو، خەیاڵاتەکەی دیواخان سەری لێداوە. گوتی: ئەرێ خانم! تۆ پێم ناڵێی ئەم سینییە بۆ چی وایە؟

زارا خانم گوتی: سینی چییەتی؟ چۆنە؟

کچێ! ئەوە دەڵێی چی؟ بڕوانە ئەوەندە گەورەیە گێرەی لەسەر بگێڕە. لە دیواخان تەماشام دەکرد نانەکانیش بە حاڵ لە قووژبنێکدا دیار بوون. دیواخانەکەش دەڵێی وشترخانە ئەوەندە بەرز و گەورەیە سێ ئاڵووداری تێدایە.

جا بۆ ناڵێی ئەویش لەبەڕیەک ڕەویوەتەوە.

بەڵێ، بەڵێ، ئەسڵەن هەموو شتێک لەبەریەک ڕەویوەتەوە. کەوشەکانیشم ئەوا بە حاڵ بە پێمەوە گیر دەبن. بڕوانە کەواکەی بەرم، دەڵێی عەبایە، دوانی وەک منی تێدا جێ دەبێتەوە.

کوڕە! قسەی چا بکە، ئابڕوومان دەچێ.

چۆن بڕواناکەی؟ تۆش هەر وای. دەڵێی کیژۆڵەی کراسی دایکت لەبەر کردووە.

زارا خانم هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی: ئەو ڕەعیەتە بێوەفا و ناپیاوانە بە جێیان هێشتین. لە دێیەکی چۆڵ و هوڵدا هەر چاکە شێتیش نابین. سەیدی زەنبیل ئاور لە عەمر و ماڵیان بەردات.

میمکە پیرۆز، ژنی لالۆ ڕەحمان، کە بۆ خواحافیزی هاتبووە لای خانم، گوتی ئەیڕۆ خانم گیان، تو خوا بۆ دوعای شەڕ لە هاوماڵەکان دەکەی! ئەوانیش وەک تۆ ڕۆڵەی شیرینیان هەیە.

میمکە پیرۆز ئەی تو خوا ئەوە پیاوتییە لە گەڵ ئێمەی دەکەن. ئەوە وەفا و ئەمەکە! دێیەکەتان چۆڵ کرد وئێمەتان بە تاقی تەنیا بەجێ هێشت؟

خانم گیان بڵێین چی؟ ئەوەی لای خواوە بێ خۆشە. ئاخر چی بکەین. بەخوا ئەرکتان زۆر قورسە. تا پێمان کرا خزمەتمان کردن. ئێستاش لە پەڕوپۆ کەوتوون. ناشکوری نەبێ دێیەکە نەگبەت گرتوویەتی.

دەڵێین بەشکەم خوا لە جێیەکی دیکە دەروویەکی بە خێرمان لێ بکاتەوە و نەگبەت بەرمان بدا.

خانم لە قسەکانی میمکە پیرۆز «خوا»، «نەگبەت»، «دەرووی خێر»... فێکرێکی بەڵدا هات و گوتی: میمکە پیرۆز بە دڵییەوە مەگرە، لەگەڵ تۆم نەبوو. ئێوە ڕەعیەتێکی باش بوون، تا توانیتان لە گەڵمان مانەوە، بە خێرچن، خێرتان بێتەڕێ.

خانم گیان! دەم خۆش. قەت دوعای شەڕ لە خەڵک مەکەن. ئێوە نەجیمزادەن. ودمی باش نییە. بە خێرچی، میمکە پیرۆز، بە خێرچی... کارتان ڕاست بێ!.

میمکە پیرۆز ڕۆیشت. زارا خانم قیژاندی بەسەر مەجید بەگدا. عەمرت. نەمێنێ. سەر سەپۆلەی بێ دەم و پل و دەستەوستانە. تۆ کەی پیاوی. منیش نەگبەت گرتمی، چارەم لە چارەی تۆ نووسرا.

دیواخان وەک وشترخانە وایە وسینی بۆ گەورەیە؟ ئاقڵ لە مێشکتدا نەماوە. بە دیار ئەو پیرەژنە ڕەعیەتەوە ئەم قسانە دەکەی. ئەوانە بە خوێنی سەرمان تینوون. هەر دەڕوا و دەیڵێ. ئاخرییەکەی بۆمان دەکاتە بەیت و باوێک و ئابڕوومان دەچێ.

جاری جارانە، سینی نانی گەنمە سەرداری شانەوشان دایپۆشێ، شەش حەوت قاپ و دەوریی لەسەر بێ؟ دوو نانی وەک باڵە مێشوولە سینی لە کوێ پڕدەکاتەوە؟ ئاقڵت بەوە ناشکێ لە برسانا و لەبەر خەم و خەفەت وەک چیلکە وشک هەڵاتووین، کراس و کەوامان لێ بووەتە عەبا، دیواخان چۆڵ و هۆڵ و ڕووت و قووت؟ وشترخانە، ئەی چییە؟

تازە بۆم دەبێتەوە ئاغا و لە دیواخانە نان دەخوا. چاکە دێیەکە چۆڵە و کەسی تێدا نییە، دەنا دەبووینە پەند و مەخسەرە.

مەجید بەگ وەکوو قەلەموونە لووتی بەسەر لچیدا شۆڕ ببۆوە، چاوی بڕیبووە عەرزەکە. بە کزییەکەوە گوتی: بڵێم چی؟ منیش دەزانم دیواخان و میواخان وەختی بەسەر چووە. گوتم بەرە جێژنانە. جارێ با وا بێ، بەڵکوو ڕەعیەتەکان ڕۆژی جێژنانەمان بۆ بێنن، جا لە پاشان بەڕەو مەڕەکان کۆدەکەینەوە.

جێژنی چی؟ تازە بە تەمای جێژنانەی؟ ئەوا ئەمڕۆش ماڵێکی دیکەیان ڕۆیشت. ماوەتەوە چوار ماڵ، ناگاتە جێژن ئەوانیش بار دەکەن. بە تەمای جێژنانە خۆت لەسەرمانا دەکوژی؟ هەستە بڕۆ بۆ زەنبیل، بەڵکو سەیید هیمەتێکمان بۆ بکا، فەرەج کەوتە پێشی و چوونە زەنبیل. نە وەک جاران بارگە و بنەی پێبوو و نەدیاری و سەوقات. کەس خۆی تێنەگەیاند. شەو لێفەیەکیان بۆ هێنا لە خانەقا، چووە ناو دووتۆیی لێفەکەوە. لە خەویدا لای وابوو جاری جارانە، سەردەمی دەسڕۆیشتنییەتی. خەبەری بووەوە، بە دەم خەوەوە بانگی کرد: کێ لەوێیە؟

فەرەج گوتی: بەڵێ ئاغا.

شتێکم پێدا دە، ساردە.

هیچ نییە، جلی ئێسترەکە نەبێ.

بێدەنگ بە، سەگباب.

تاوێکی دیکەی پێچوو، سەرما زۆری بۆ هێنا. بانگی کرد: فەرەج شتێکم پێدادە، زۆرم سەرمایە.

فەرەج گوتی: هەر جلە ئێسترەکە هەیە، هیچی دیکە نییە.

مەجید بەگ وتی: وست بە، کەرە.

چاوی چۆوە خەو، لە خەویدا زارا خانم لێی بە دەمدا هاتووە، گەزارە دەکێشێ و ئەوی بەسەر زاریدا دێ، پێی دەڵێ: داچڵەکا. لەسەر مانا دەلەرزی. گوتی:

فەرەج، زۆرم سەرمایە، عیلاجم بکە.

فەرەج گوتی: ئاغا، بەم شەوە کێ چاوی لێیە، قەی چی ئەکا؟

با جڵی ئێسترەکەت پێدا دەم. مەجید بەگ گوتی: باشە، بیهێنە، ئەمما ناوی مەبە،