عادەتی بازاڕ

از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 9 دقیقه  1590 مشاهده

لە بەغدا کە لە حەیدەر خانەوە بە جادەی ڕەشیددا، بەرەو «بابششەرجی» دەڕۆیشتی، هەوەڵین مەیدان ناوی «ساحەتوڵئەمین» بوو. لەو مەیدانەوە جادەیەکی کورت بە بەر خانی حاجی قەدووریدا دەپەڕییەوە بۆ ئەوبەری دەجلە، بەویشیان دەگوت «شاریعولئەمین».

پێش ئەوە بگەیتە خانی حاجی قەدووری، کۆڵانێک لەو جادەوە دەچوو بازاڕی مسگەرەکان، ئەو کۆڵانە ئەوەندە تەنگ بوو ئەگەر حەماڵ بە کۆڵە تووتنەوە پێیدا دەڕۆیشت و ڕێگە دەبرا. هەر ئەوەندە بوو هۆڕن لێنەدەدرا و پۆلیسی هاتوچوو نەوێستا بوو، دەنا دەبوو بوێستی تا قەتاری حەماڵ تێدەپەڕێ. ئەو حەماڵانە فەردە تووتنەکانیان دەبرد خانی عەبدولقادر خەفاف، یا سەڕاف. بە هەر جۆر، تۆ نە حەماڵی نە تووتن کڕ. کابرا سەڕاف بێ یا خەفاف، بۆ تۆ فەرقی نییە. با ئێمەش وەکوو پێی بڵێین عەبدولقادر ئەفەندی، تا لەم چەقی ڕێیەدا بەدەست ناوەکەیەوە گیر نە خۆین.

بەغدا وەکوو پیوازی تۆێ تۆێ وایە، ئەوەی بە بەرچاوەوەیە تۆیی سەرەوەیە و شارەزابوونی ئاسانە، جادەیەو ئەم بەرو ئەوبەری مەغازەیە، لەسەر مەغازەکانەوە یانەی حەکیم و ددانساز و پارێزەر و شتی لەم بابەتەن. تابلۆیان لەسەر دەرگاکانیان، وەکوو تەبکە بۆ مشتەری ناوەتەوە. هەر کامێک لەوانەش گڵۆڵەیەک ڕاز و نهێنی خۆی هەیە. ئەمە ڕواڵەتی بەغدا یا تۆێکڵی سەرەوەی ئەو پیوازەیە. ئەگەر بتوانێ بە نێوان ئەو تۆێکڵانەدا خۆ بگەیەنیتە ناوەڕۆکەکەی، شتی زۆر سەیر دەبینی. دوور نییە ئاخرەکەی ڕێت بکەوێتە حەزێنەکەی «عەلی بابا» ناوەرۆکی ئەو پیوازەش ڕۆاڵەتێکی هەیە کە ناوی بازارە. بازاڕ هەمووی سیپە و حەشارە بە تەنیشت یەکەوە. لەهەر حەشارێکدا ڕاوکەرێک دەستی داوەتە چەکی نیوگەز، یا تەڵەی تەرازووی ناوەتەوە و خوی مات داوە. نەچیر وەک لافاو لەم سەرەوە بە ساخی دێن و لەسەرەوە کە دەردەچن، هیی وایان هەیە نیو گەز گیرفانی دڕیوە وهیی واشیان هەیە کیسەکەی بە تەڵەوە بووە.

ئەمەش هێشتا شتێکی زۆر سەمەرە نییە. ناوبەناو لە نێوان ئەو سیپە و حەشارانەدا، درزێک، قەڵەشتێک هەیە، ئەگەر خۆت باریک بکەیتەوە و بە درزێک لەو درزانەدا بڕۆی، دەگەییە شتی زۆر سەیر و سەمەرە کە پێیان دەڵێن: خان. مشکی سەر خەزێنە بەناوبانگە، دەڵێن مشک کونێکی پێچەڵپووچی، درێژی، تاریک هەڵدەکەنێ، ئاڵتوون دەدزێ و لە قوژ بنێکی کونەکەیدا کۆی دەکاتەوە. شەوانە گاڵتەیان، درێژی، تاریک هەڵدەکەنێ، ئاڵتوون دەدزی و لە قوژبنێکی کونەکەیدا کۆی دەکاتەوە. شەوانە گاڵتەیان پێدەکا و کەیفی پئ دێ. ئەو خانانەش کونەمشکی سەر خەزێنەن.

خانی عەبدولقادر ئەفەندی یەکێ بوو لەو کونەمشکانە. قاپییەکەی بچووک بوو، حەماڵەکەیان فەردە تووتن، کەتیرە، مازوو، خوری و شتی وایان لە بەردەرگاکە دادەنا و دەیانهێنا ژوورەوە، لە قاپییەکەوە تا ژوورێ، داڵانێکی دووسێ میتری بوو. دەڵێین ژوور چوونکە ناوێکی دیکە نییە پێی بڵێین. لەوە دەچوو ئەسڵەن حەوش بوو بێت. کەی و، چ وەختێک سەری گیراوە؟ نازانین! ئێستا ئەوا لە قاتی دووهەم بانێکی قایمی بە سەرەوەیە و ئەم حەوشەی هۆڵ. لە حەواشەوە عەبدولقادر ئەفەندی سنووری موڵکی خۆی دیاری کردووە، تەنانەت هەتاویش بە خۆڕایی رێی بکەوێتە ئەوێ.

لە سووچێکی ئەم هۆڵە قەپانێکی گەورە وەکوو تەڵە نراوەتەوە. لەلای قاپیەکەوە جێگایەک هەیە. پێش ئەوە کە حەوشەکە بانی بخرێتە سەر، هەیوان بوە. ئیدارەی عەبدولقادر ئەفەندی لەوێیە. دوو قەنەفەی لێ دانراوە و مێزێکیان لە نێواندایە. وا دیارە ئەوانەش هاوتەمەنی خانەکەن. بەڵام شەربەری ئاو و پەرداخەکە، بێگومان لەو قەنەفانە گەنجترن. لە تەنیشت ئەو کۆنە هەیوانەوە، قاپییەکی قورس و قایم هەیە هەمیشە داخراوە و کلیلەکەی لە گیرفانی عەبدولقادر ئەفەندیدایە. ئەو قاپییە، وەکوو «زاکیر»ی خانچی دەیگوت، دەچێتە «سەراب» یانێ ژێر خانێکی گەورە کە سێ سندووقی پۆلای ڵێیە.

ڕۆژی هەوەڵ کە مانگی بە چوار دینار لای ئەفەندی دامەزراوم، ئەرکی ڕۆژانەی منی دیاری کرد: مەخاریجی ڕۆژانەی ماڵەوە لەو دەفتەرە بنووسە. چەند فەردە تووتن دێ و چەندەش دەڕوا لەو دەفتەرە بینووسە. لە ژوورەکانی قاتی دووهەم لەگەڵ زاکیر گوونییەکان بژمێرن، تازە بە جیا و، کۆنەی ساغ بە جیا و، دڕاو بە جیا دانێن و لەو دەفتەرە بیاننووسە. ئیشەکانی تریش خۆم بە ڕۆژدا لێرەم پێت دەڵێم.

مەخاریجی ماڵەوە ڕۆژی هەوەڵ: ترێ ٥٠ فلس، گۆشت ١٥٠ فلس، نان ٦٠ فلس، تەماتە و سەوزی ٣٠ فلس، جەریدە ١٠ فلس.

ڕۆژی دووهەم: شووتی ٥٠ فلس، ئەوانی دیکە وەک خۆیان.

ڕۆژی سێهەم: لە جیاتی شووتی، کاڵەک.

ئاخری مانگ ئەفەندی گوتی: کوا دەفتەری ماڵەوە؟

ئەوەتا.

حیسابی هەموو ڕۆژێکت دەنووسم نووسیوە؟

نەخێر، چی بنووسم؟ هەموو ڕۆژێ ٣٠٠ فلسە. ئەوا ئێستا دەنووسم مەخاریجی ئەم مانگە ٩ دینار.

کاکە، ئەمە دەڵێێ چی؟ گۆترە نییە. ئەمە تیجارەتە.«بە چەوە» کچەکەشم لە ماڵەوە دەینووسێ. سەری مانگ بەرامبەریان دەکا، بەڵکو زاکیر فڕوفێڵی کردبێ.

ئەفەندی عەیبە. لە ٣٠٠ فلس فڕۆفێڵی چی کردبێ.

کاکە تۆ نیقاش مەکە. ئەمە تیجارەتە.

باشە، ئەفەندی، باشە.

ڕۆژێک لەگەڵ زاکیر چەند سەعات گوونیمان جیادەکردەوە، گەروومان پڕبووبوو لە تەپوتۆز، لەتینوانا دەهاژاین، گوتم، زاکیر بچۆ دووپیسی کۆلا بکڕە با لەو تینوانا نەخنکێین. زاکیر زۆری بەلاوە سەیر بوو، لە بیچمی وا دەرکەوت کە لە مێژووی ئەو خانەدا هەوەڵین جارە شتی وا دەبیستێ. گوتم: بۆچی واقت وڕماوە؟ ئەوە ٣٢ فلس، ڕاکە زوو وەرەوە.

دانیشتبوون پیسی کۆلامان دەخواردەوە، ئەفەندی پەیدابوو، بێ ئەوە سڵاو بکات، بە ڕوویەکی گرژەوە هات دانیشت. زاکیر پیسی کۆلاکەی بە جێهێشت و چووە گیان گونییەکان. خۆم بەوەوە شەکەت نەکرد ئەفەندی بۆچی ڕووگرژە. پیسی کۆلای خۆم خواردەوە. بانگم کرد زاکیر وەرە پیپسی کۆلاکەت گەرم دەبێ، ئەفەندی، دەمی وەک مەشکەی کۆن تەقی و نەڕاندی: کاکە، ئەمە خانە، گازینۆ نییە. تۆ خۆت کار ناکەی، خەریکی زاکیریشم لێ بەدعەمەل کەی؟ من خۆم پیسی کۆلا ناخۆمەوە. ئێوە پارەتان لە کوێ بوو پیسی کۆلا دەخۆنەوە؟ کاسبی چۆن وا دەبێ؟

ئەفەندی خۆ گوونییەکانمان نەگوشیوە پیسی کۆلای لێ چۆڕابێتەوە. من بە پارەی خۆم کڕیومە. جگە لەوەش خۆ من حەماڵ نیم، کاتبم، ڕاستت پێ بڵێم، لەبەر تۆ نییە یارمەتی زاکیر دەدەم، بەزەییم بەودا دێتەوە.

بەزەیی چی؟ زاکیر خانچییە، دەبێ کاری خۆی بکات. تۆ وادیارە بە کاری بازاڕ نایەی. وابزانم بۆنی «یەعیش و یەسقوت» لە مێشکت دێ!

نەوەڵڵا، ئەفەندی، من کابرایەکی کاسبم، لەو کوردستانەوە هاتووم، سەرم لەم بەزمانە دەرناچێ، ئەگەر ڕازی نی، دەڕۆم. ئەوەندەی بیرکەوتەوە کە شەش دینار لە کاتبەکەی پێشوو کەمتر بە من دەدا.

خاوبۆوە و گوتی: باوکم، برام، تۆ غەریبی، دەمەوێ فێری کاسبی ببی. عەقڵی خوێندەواری لە سەرت دەرکە. ڕۆژی ٣٢ فلس پیسی کۆلا مانگێ دەکاتە نێزیکەی دینارێک، کۆی کەرەوە، پاش چەند ساڵی تر بیکەرە دەسمایە و کاسبی پێوە بکە، بۆ خۆت دەبیە پیاو، هەر وامان کردووە.

تا ئەو کاتە تەواو بەوردی سەرنجی سەر و گۆێلاکی ئەفەندیم نەدابوو. بە ڕاستی مشکی سەرخەزێنم بیرکەوتەوە. سەرێکی گرمۆڵە، دوو چاوی بچکۆلە و زیت، لووتێکی باریک، دەمێکی دڕێژ، پێستێکی وەک کۆنە مەشکە. لەسەر قەنەفەکە قوت ببۆوە و خێرا خێرا گوونیی دەژمارد. گوتم کوڕە ئەوە بۆچی دەترسی، خۆ دنیا سەری بە پووش نەگیراوە؟ بە دەنگی بەرز تا ئەفەندی گوێی لێ بێ، گوتی:

ئەفەندی ڕاست دەکا. ئێمە کاسبین نابێ هەڵەخەرجی بکەین. لە پاشان بە چیە گوتی: ئەم کابرایە دەرم کا لە هیچ خانێک ڕام ناگرن، دەڵێن یا دەست پیسە، یا سەرسەرییە. کارێکی دیکەش نازانم، منداڵەکانم لە برسانا دەمرن.

تۆزێکی پێچوو ئەفەندی بانگی کرد وەرن. هاتینە خوارەوە. مام سەعدوون و چەند کەسی تر لە دهۆکەوە کەتیرەیان هێنابوو.

کاکە تۆ بچۆ دانیشە، بییاننووسە. زاکیر وەرە بییانکێشە.. زاکیر فەردەی کەتیرەی

دەخستە سەر قەپانەکە و ئەفەندی خۆی تەماشای دەکرد. بنووسە: ٨٤کیلۆ - ٤٠کیلۆ- ٣٢ کیلۆ- ٤٦کیلۆ. دوای قڕە وهەرایەکی زۆر نرخیان بڕی: کیلۆی بە ٢٠٠ فلس.

هەمووی بوو بە چەند کیلۆ؟

١٦٦ کیلۆ

چوار جێگایە، ٨ کیلوی لێ فڕیدە.

مام سەعدوون: عەبدولقادر ئەفەندی چۆن؟

ئەم کیسانە یەکی کیلۆیەکیش نابن.

کاکە ئەمە عادەتی بازاڕە. ئێرە بەغدایە، بەغدا.

٦ کیلۆی تەپوتۆز و خاکوخۆڵ لێ فڕێدە.

مام سەعدوون: کوڕە پیاوی چاک بە، کەتیرە دەڵێی جەواهیراتە، تەپۆ تۆزی چی؟

کاکە ئەمە دەڵێی چی؟ چەند جارت پێ بڵێم عادەتی بازاڕە؟

بەڵێ، دەمێنێتەوە ١٥٢ کیلۆ.

بیکە بە باتمان.

دە باتمان و دوو کیلۆ.

نا، نا، وانیە کەمتر دەکات.

بۆ چی وانییە؟ ١٥٢ کیلۆ، هەر باتمانی ١٥ کیلۆ، دەکاتە ١٠ باتمان و دوو کیلۆ، ئیتر چی؟ خۆ شتێکی ئەوەندە زۆر نییە.

کاکە غەڵەتی، عادەتی بازاڕ ١٦ بە ١٥یە.

تێناگەم، ١٦ بە ١٥ یانی چیی؟

دەزانم تێناگەی. تاوانی خۆمە تۆم ڕاگرتووە.

شانزدە کیلو دەژمێرن و دەڵێن ئەمە پازدە،

دایدەنێن بە باتمانێک.

هێندەم پێ سەیر بوو دام لە قاقای پێکەنین و گوتم: دەی جا با ئەمەش عادەتی بازاڕ بێ هەر ١٦ دیناری بۆ دەژمێرین و دەڵێین ئەوە ١٥ دینار.

مام سەعدوون گوتی: ئەو کێشەیەی ناوێ. ئەو میزانە چۆنی حیساب دەکات بەو پێیە پارەم دەدەیێ باشە، دەنا دەیبەمە خانێکی دیکە.

کوڕە ئەمە عادەتی بازاڕە. لە هەموو خانێک هەر وایە.

من عادەت و مادەت نازانم. هەر ئەوەیە پێم گوتی.

ئەفەندی لە تووڕەییان چاوی دەرپەڕیبوو: باشە دەکاتە چەند؟

٣٠ دینار و چوار سەد فلس.

دینارێکیشی ئەرزییە و قەپانی لێ دەرکە.

٦٢ دینار و چوار سەد فلس.

٤٠٠ فلسەکەش حەماڵیی زاکیر.

مام سەعدوون و ئەوان ڕۆیشتن. ئەفەندی گوتی: چەندی مانگە؟

١٥ ی مانگە.

بگرە، ئەوە دوو دینار و، بڕۆ بەڕێی خۆتەوە. تۆ بە کاری بازاڕ نایەی.