پێکەنینی گەدا

از کتاب:
پێکەنینی گەدا
اثر:
حسن قزلجی (1914-1985)
 9 دقیقه  2213 مشاهده

لە بەربەڕۆچکێک هەڵترووشکابوو، چیلکەیەکی بە دەستەوە بوو و لە خۆڵەکەی بەردەمی دەوەژاند. بەیانیی ڕۆژێکی دواهەمین مانگی پاییز بوو. خۆڵەکە بە زوقمی شەو تەڕ ببوو، جێگای چیلکەکەی بە ڕوونی لێ دیار بوو. بە درێژایی دوو بست، خەتی ڕاستی لە پاڵ یەکتردا کێشا بوو، لەو لاشەوە جەغزێکی خاڵی و بەتاڵی کێشا.

ئەمانە نموونەی ئەوە بوون کە بە دڵیدا دەهات، بیری بە لای شتێکی دیکەوە بوو. هیچ ئامادەی ئەوە نەبوو، کە سەرنج بداتە تەبەقی زێڕینی ڕۆژ، لەو بەرەوە، کە لە کام کەژ و چیاوە سەری لە کەل دەرهێناوە و بە پڕشنگی خۆی گوندی «تەپەڕەش» زێڕەوشان دەکات. ئەوەی کە لەو کاتەدا مەبەستی ئەو بوو، تینی خۆرەکە بوو، کە تەزووی سەرمای شەو لە لەشی دەرکا و نەختێ گەرمی کاتەوە.

ئەگەر لەو وەختەدا سەری بەرز بکردایەتەوە، لە بەرانبەر خۆی بیڕوانیایەتە تەبەقی ڕۆژ، ڕەنگ بوو لە کولێرەیەکی گەنمەشامیی داغ بەو لاوە هیچی تری بە خەیاڵدا نەهاتایە. «بێ کراس، گەزەجاو بە خەو دەبینێ»، کابرای نەخۆش و برسیش کە چاوی تراویلکە دەکا، دوور نییە ڕۆژی لێ ببێتە کولێرەی زەرد و زۆڵی گەرمە تەنووری گەنمەشامی.

لەشی کە تا پێش تاوهەڵات سڕ ببوو، وردە وردە بە تینی خۆرەکە دەبووژاوە و خاو دەبۆوە. تۆمەس دەستە ڕەق و تەقەکانی ماندوو ببوون و ئیتر وازی لە چیلکە ئاژنینی خۆڵەکە هێنا. لەسەر زەوییە تەڕەکە دانیشت و بە هەردوو دەستی ئەژنۆکانی گرتە باوەش و سەری بەرداوە، تا تەوێڵی نیشتە سەر کەشکەئەژنۆکانی. لەو حاڵەدا ئەگەر پان و پۆڕ و مل ئەستوور و ڕیش شانەکراو بوایە، دەتگوت سۆفی بیارەیە، «موراقیب» بووە.

نێزیکەی سەعاتێک بەو جۆرە مایەوە. لەوە دەچوو بە گەرمای خۆرەکە خاو بووبێتەوە و خەوی لێکەوتبێ. بەڵام لە بزووتنەوەی پەنجەکان و سەری، کە ناوبەناو دەیجوڵاندن، وا دیار بوو ماشەری خەیاڵەکەی هەڵدەکات.

سەری ماشەرەکەی لە چیلکە وەژاندنەکەوە دەستپێکردبوو. بە خەتەکانی کە لە پاڵ یەکدا کێشابووی، بیری لە شێف و وەردی زەوییەکەی دەکردەوە. بە جەغزەکەش جێ خەرمانەکەی نیشان دەدا کە ئێستاش شەنە و کەو و بێژینگی بە خۆیەوە نەدی؛ چونکە ئەو ساڵە شارەزوور نەهاتی بوو، سن و کوللە هیچیان بۆ نەهێشتبۆوە تا بیری لێ بکاتەوە، بەڵام دەرد و مەینەتی ئەوەندە زۆر بوو، نەیاندەهێشت مێشکی وچان بدات و تاوێک بحەسێتەوە. لە هەموو لایەکەوە گەمارۆیان دابوو، یەک لە دوای یەک تارمایی خۆیان نیشان دەدا. دەهاتەوە بەر چاوی چۆن خۆی و ژنەکەی تووشی سێبەڕۆ بوون و سێ مانگی ڕەبەق کەوتن. چۆن حاجی ڕەشید لە سلێمانییەوە هات جووتەگاکەی لە جیاتی سەلەم برد و ڕۆیشت. چۆن منداڵەکەی هاوڵەی گرت و مرد. چۆن ژنەکەی لە خەفەتی منداڵەکەیان و لە برسانا بەدەم سێبەڕۆوە گیانی دەرچوو، یاسینی فریانەکەوت. بە ئاسانی هەست بەوە دەکرا کە بیر لەم نەگبەت و نەهاتییانە دەکاتەوە، بەڵام دژوار بوو بزانرێ داخوا هەودا و توێژەکەی دەپسێ، یان هەڵی دەکا تا دەیگەیەنێتە جێگایەکی وا بڕیارێک بدات.

کوتوپڕ بە شێنەیی سەری هەڵێنا، دەتگوت ملی وەکو فەنەرێکی ڕەواوە وایە و توانای ئەوەی تێدا نەماوە سەرەکەی بۆ بەرزکاتەوە. وردە وردە سەری هەڵێنا تا لەسەر ئەستۆی ڕاست وێستا. ئەمجار پەنجەکانی لەبەر یەک ترازاند و دەستی نا سەر زەوییەکە و بەو نەختە هێزەی کە لە دەستیدا مابۆوە یارمەتی قاچەکانی دا، هەموو جمگەکانی کەوتنە قرچەقرچ تا ڕاستەوە بوو. بە لارەلارەوە چووە ماڵەوە. لە شتومەکی ناوماڵ تاقە لێفەیەکی مابۆوە، دوو بەرکۆژەی بە بەن لێنابوو، ڕۆژانی باران و سەرما دەیدا بە شانیدا و بە بەرکۆژەکان گرێی دەدا.

لێفەکەی دا بە شانیدا، گاڵۆکەکەی بە دەستەوە گرت و کەوتە ڕێ. کەس نەیدەزانی تا کوێ بڕ دەکات و دەیەوێ بچێتە کوێ، بەڵام وا دیار بوو ورەی بەرنەداوە، هێشتا دڵی لەدەست و قاچی بەهێزترە. ڕۆیشت و ڕۆیشت تا دوای ماوەیەک لە چاو ون بوو.

پاش چەند ڕۆژ «حەمەڕەش» لە هەڵەبجە سەری هەڵدا. بەم حاڵەوە دەچووە ناوبازاڕ داوای کاری دەکرد، بەڵام کاری چی؟ خەڵک کرێکاری دەویست کە هەری هەڵدا. بەم حاڵەوە دەچووە ناوبازاڕ داوای کاری دەکرد سەریان ڕادەوەشاند و دەڕۆیشتن، لەبەر خۆیانەوە دەیانگوت: کرێکاری چاکی! نۆرەی ئەوەیە لە کارەکەمدا بمری، کفن و دفنی تۆشم بە ڕیشەوە بێ!

بەرێکەوت هیی واشیان بوو ئانایەکی دەدایە و دەیگوت: باوکم تۆ ناتوانی کار بکەی، ئەوە بدە بە کوڵێرەیەک و وازبێنە.

حەمەڕەش بە درێژایی ژیانی کوڕی ناو مەزراو شیناوەردبوو، بەشان و باهووی خۆی ژیابوو، ئەو گەوزەی ئەو لە درەودا دەیوەشاند کەم پاڵە هەبوو بیوەشێنێ. ئێستا کە تووشی ڕۆژێکی ئاوا ڕەش هاتبوو وای وەڵام بدەنەوە، داوای کار دەکەم. بەڵام ئاگری، ناچار چەند ئانایەکی وەرگرت و دوو سێ. کوڵێرەی کڕی.

لە بن دیوارێک دانیشت. برسیایەتی ئەوەندە بۆ هێنابوو تا بڵێی یەک و دوو کۆلێرەکانی ماشتەوە. پشوویەکی داو لەبەر خۆیەوە گوتی: وا باشە جێگایەک بدۆزمەوە شەو تێیدا بحەوێمەوە، ئەگینا بەم سەرمای دەمەو زستانە لە کۆڵانان و لە بن دیواران ڕەق دەبمەوە. هەستا، بێ ئەوەی بزانێ بۆ کوێ دەچێ، لەو کۆڵانەوە ڕۆیشت بۆ کۆڵانێکی دیکە، هێندێک بەوێدا گەڕا و رووی کردە کۆڵانی سێهەم، لەوێ تەماشای کرد و دووکەڵێکی ئەستوور بە هەوادا دەچێ. گوتی: هەرچییەک بێ ئەوە ئاگرێکی گەورەیە، وا چاکە بچم شەو لە پەنایدا بحاوێمەوە. وەکو شوێن گەڕێکی چاک شوێنی دووکەڵی هەڵگرت تا دۆزییەوە. دووکەڵەکە لە کونێکی ڕەشی گەورەی وەکو ئەشکەوت دەهاتە دەرێ، خوی کرد بە کونەکەدا. لەناو چڕە دووکەڵدا تارمایی کابرایەکی دی پەیتاپەیتا ئاگرەکەی خۆش دەکرد، سڵاو و ماندوونەبوونی لێ کرد و پرسی:

لالۆ ئەم ئاگرە چییە وا بێوچان هەر خۆشی دەکەی؟

ئاگر خۆشکەر گوتی: براکەم ئەمە توونی حەمامە. کاری من ئەوەیە ئەم توونە تاودەم.

حەمەڕەش: لالۆ وەرە پیاوەتی بکە لە ڕێی خودادا جێم بکەرەوە شەو ڵێرەدا بحاوێمەوە، با لە سەرمانا ڕەق نەبمەوە.

توونجی: برالە توونی حەمام پاڕانەوەی بۆ چێە؟؟ وەرە هۆ لەو قژبنە پاڵ کەوە.

حەمەڕەش بحەسێتەوە. بە ڕۆیشت لەناو بازاڕ بوایە، لە کۆڵانان بوایە، چەند نانێکی گەدایی دەکرد و دەهاتەوە. مەبەستی ئەوە بوو هەرچۆنێک بێ بگاتە بەهار، ئیتر بچێتەوە دێهات شوانی و گاوانی بێ، ڕەنجبەری و سەپانی بێ، هەر چییەک بێ، ملی کارێک بگرێ و لە تەنگانە دەرچێ.

ڕۆژێک زۆر تۆف بوو، بە باوە کڕێوەی دەکرد، کەس نەیدەتوانی ماڵەوماڵ بکا، حەمەڕەش تا چێشتانێ سەبری کرد بەشکەم نەختێ هەوا خۆش بێ، بەڵام گڤەگڤی با تا دەهات توندتر دەبوو. کولوە بە فری گێژ و خول دەدا و دەیکرد بە کونی توونەکەدا، دەتگوت لە عاسمان هەرەوەزیان کردووە و بەفر هەلاجی دەکەن.

حەمەڕەش گوتی: ئەمرۆ ناگەمە ناو بازار، ماڵەوماڵیشم پئناکرێ. وا چاکە ڕووبکەمە ماڵە دەوڵەمەندێک داوای دوو نان بکەم. هەر چۆنێک بێ ئەمرۆکەی پێ بەرمە سەر، تا بەیانی خوا کەریمە.

لێفە شڕەکەی بە شانیدا دا، دەستی دا گاڵۆکەکەی و لەقەلەق کەوتەڕێ. ئەوەندە بایەکە ڕایدەوەشاند بەفرەکە بۆیەی بە سپی تێهەڵدەسوو. فایدەی نەبوو، سەرتاپا دەتگوت لە قیرت هەڵکێشاوە، ڕەشاوی لێ دەچۆڕاوە و بەدوایدا خەتێکی ڕەشی لەسەر لاپەرەی بەفری سەر زەوییەکە دەکێشا، بەڵام لەو وەختەدا کێ هەبوو ئەوەندە ورد بێ خەم خەتە بخوێنێتەوە و بەسەرهاتی ئەو تێ بگا؟

لەو لاوەی هێندێ خانووی قوڕین و کشومات کۆشکێکی تەرز و بەرزی بەرچاو کەوت لەناو حەوشەیەکی گەورەدا لە چەند لاوە لە بانەکانی دووکەڵ هەڵدەستا و لەگەڵ کڕیوە و ڕەشەبا شەڕی دەکرد. وا دیاربوو هۆدەکان سۆبەیان تێ دادەئایسا و گەرم و گۆڕ بوون. پەنجەرەکانی پەردەی سپپیان پێوە بوو، بەڵام دەبیندرا بەم چلەی زستانە گوڵیشیان لێیە. حەمەڕەش بیرێکی کردەوە و گوتی:

-یێژن لەو دنیا بەهەشت هەس، کەچی ئەمانە هەر ئیسە وان لە بەهەشتا.

ڕۆیشت تا گەیشتە بەر قاپیی حەوشەکە. دەرگاکە ئەوەندە سەوز و جوان بوو نەیوێرا بەدەست لێی دا چوونکە دەستی ڕەش و دووکەڵاوی بوو، دەترسا قاپییەکەی پیس کات و بە گژیدا بچن. ڕوانیە دەوروبەری خۆی، دارێک، بەردێک بدۆزێتەوە پێی لە قاپییەکە بدا. بەفر هەموو شتێکی داپۆشیبوو، هیچی دەس ئەکەوت. ئاخرییەکەی چەند مستی لە قاپییەکەدا. دەستی کە هەر ئێسقانی ڕووت بوو تەقەی لە قاپی هەستاند، وەکو بەدار لێی دەی دەنگی دایەوە لە ناو حەوشەکە.

کابرایەکی سەر زلە، بە سەری ڕووت و باوەشێ قژەوە، کولێرەت لە لاملی ساوییایە چەوری دەکرد، سەری لە پەنجەرەیەک دەرهێنا و نەڕاندی: سەعە ئەوە کێیە بەم بەیانییە لە قاپی دەدا؟

حەمەڕەش گوێی لە دەنگی کابرا بوو، لە دڵی خویدا گوتی: بەگم، بێژم چی! داوەڵێ ڕەشە، وادیارە گەدایە.

حەمەڕەش گوتی: خێرومەند! خوا نەیبڕێ، فرە برسیمە، دونانم بدەنێ.

سەعە قیژاندی بەسەریدا: بڕۆ بەڕێی خۆتەوە، کابرا! خانم لە ماڵ نییە، چۆتە حەمام.

حەمەڕەش سەرنجی بەژن و باڵای سەعەی دا، لێوە چرچەکانی تا لای بناگوێی لێک ترازان. ئەگەر ئینسانێکی ساغ و تێر و تەسەڵ وایە زوو دەزانرا خەریکە پێبکەنێ، بە دەنگێکی کوتوپڕەوە گوتی:

-کوڕە، جوان خاسەکە، خاسیان وتووە «هەر کەس گوێز لە هەمانەی خۆی ئەژمێرێ». تۆ گوێت پێوە نەبوو، من داوای نانم کرد. خانمی چی؟ من برسیمە، شتێکم گەرەکە بیخۆم، شتێکم گەرەک نییە گەمەی لە تەکا بکەم!