بە قسەی بێ سەر و پا تاڵی مەکە لەززەتی خۆت

از کتاب:
دیوانی حاجی قادری کۆیی
اثر:
حاجی قادر کویی (1816-1897)
 1 دقیقه  1623 مشاهده
بە قسەی بێ سەر و پا تاڵی مەکە لەززەتی خۆت
بێ موبالات مەسووتێنە چرای فیکرەتی خۆت
حاڵە نەقدینەیە، موستەقبەل و مازی پەشمە
بێ ئەمەل سەرفی مەکە سیم و زەڕی فورسەتی خۆت
ئەی سولەیمانی زەمان ئاخیری دەیگێڕییەوە
بە حیکایەت وەکوو خۆت سەڵتەنەت و حیشمەتی خۆت
من بە پەیغام و بە قاسید موتەسەللی نابم
تا کو بانگم نەکەیە بارەگەهی حەزرەتی خۆت
وەرە ئەی دڵ بەسییە، بیدە سەگانی دەری یار
دڵەکەی کوتکوتی من یا جگەری لەتلەتی خۆت
زولفی سەد دەفعە گوتی: خانەخەراب ڕووی مەدەرێ
حەیفە بەربادی مەکە شانی من و شەوکەتی خۆت
بۆ چی یارانی وەتەن دڵ دەشکێنن حاجیتخلص
زاهیرەن ناچیەوە تۆ، باسی مەکە غوربەتی خۆت!