ئەگەر کوردێک قسەی بابی نەزانی
از کتاب:
دیوانی حاجی قادری کۆیی
اثر:
حاجی قادر کویی (1816-1897)
2 دقیقه
2383 مشاهده
ئەگەر کوردێک قسەی بابی نەزانی
موحەققەق داکی حیزە، بابی زانی
وەرە با بۆت بکەم باسی نیهانی
تەفەننون خۆشە گەر چاکی بزانی
سەلاحەددین و نوورەددینی کوردی
عەزیزانی جزیر و مووش و وانی
موهەلهەل، ئەردەشێر و دەیسەمی شێر
قوباد و باز و میری ئەردەلانی
ئەمانە پاکیان کوردن، نیهایەت
لەبەر بێدەفتەری ون بوون و فانی
کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەز
بە کوردی گەر بنووسرایە زوبانی
مەلا و شێخ و میر و پادشامان
هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی
بە زیددی میر و پاشامان بڕاوە
بەسە با بێینە سەر ڕێی میهرەبانی
کە دەیگوت شێخی من: من دەستگیرم
لەلام وا بوو لەبەر جەهل و جوانی
کە پیر بووم تێ گەیشتم دەستی گرتم
لە کەسب و کار و تەحسیلی مەعانی
بەڵێ شێخ قوتبە ئەمما قوتبی ئاشە
بە ئاو و نیعمەتی خەڵقە گەڕانی
لە بۆ ژن دێ لە کۆڵان وەک سەگی هار
لە ژن هەڵدێ بە میسلی کەر لە خانی
بڵێ بەو سەرکزۆڵەی کوزپەرستە
بە چاوی کلدراو و ڕیشی پانی
کە نەفعێکت نەبێ بۆ دین و دەوڵەت
بە من چی نەقشبەندی یا نە مانی
کەسێ پیاوە کە دانێ وەک حەماغا
لە بۆ ئەبنایی جینسی نان و خوانی
وە یاخود وەک ئەمین ئاغا بە هیممەت
بکا بۆ قەسری میللەت پاسەبانی
بڵێ لەم بەحسە هەر کەس مونکیری تۆن
بفەرموو سەهلە ڕێگەی ئیمتیحانی
بە ئوممێدی دووسێ دانایە حاجیتخلص
بە هەرزانی دەدا دوڕڕی گرانی