لە دەوری خاڵەکەی کوڵمی کە ماری زولفی داناوە

از کتاب:
دیوانی حاجی قادری کۆیی
اثر:
حاجی قادر کویی (1816-1897)
 1 دقیقه  3349 مشاهده
لە دەوری خاڵەکەی کوڵمی کە ماری زولفی داناوە
لە سەر تەسویرەکەی ئادەم مەلەک سەد عوزری هێناوە
شەوی میعراجی سوبحانە بە قەددی سەروی تۆی زانی
لە سیدرە جوبڕەئیل بۆیێ لە نیوەی ڕێگە لایداوە
کە شەیتان تاقی میحرابی برۆی تۆی دی وتی: یا ڕەب
لە سوجدەی حەزرەتی ئادەم سەری خۆم بۆ چی باداوە!
بەڵام ئەی ویشکەشێخانی زەمانە پێم بڵێن ئاخر
لەبەر چی پەرچەمی ساقی لە سوبحی جەبهە تۆراوە
بەغەیرەز باسی ئەو زارە موهیممە دەرکی ئەو زارە
ئەوی بیستوومە بیستوومە، ئەوی دیتوومە دامناوە
چ سەییادێکی سەییادی کە بۆ سەییادی ئوستادی
چ هەستی کردووە هەستا چ بازی بەست و وەستاوە
وەرە ڕەبعی دڵ و چاوم بەهەشتی ڕوبعی مەسکونە
هەتا دڵ حەز دەکا باخە هەتا چاو بڕ دەکا ئاوە
نیهایەت بمکوژن وەڵڵا لە ماچی لێوی خۆش نابم
ئەوی خوا حەز نەکا نابێ، ئەوی قەوماوە قەوماوە
لە حەققی مەقدەمی حاجیتخلص قوڕی کوێ کەم بە سەر خۆما
دڵێکم بوو لە دنیادا ئەویش بەینێکە تۆراوە