ئەمان موتریب بێ ساقی وا بێ

از کتاب:
دیوانی وەفایی
اثر:
وفایی (1844-1902)
 2 دقیقه  1937 مشاهده
ئەمان موتریب بێ ساقی وا بێ
ئەگەر مەی نابێ بۆ خۆی با بێ
کەسێ بێهۆشی تەجەللا بێ
خەیاڵی نەشئەی بادە نابێ
هەتا نەبیە خاکی مەیخانە
مەڵێ ساقی بێنە پەیمانە
مەحاڵە بگاتە شەم پەروانە
مەگەر سەر تا پێ ئەو سووتا بێ
لە تاتای زولفان ڕووی تابانە
دەڵێ شەو شەوقی گوڵباغانە
وەک دەڵێن ئەمشەو چراغانە
بەڵکوو شای گوڵزاران وا ڕابێ
نەخۆشم کەوتووم بێ زوبانم
دەناڵم لەبەر دەردی گرانم
بەبێ ئەو شۆخە خۆم دەیزانم
دەوای من نایێ سەد مەسیحا بێ
نەخۆشم کەوتووم دەردەدارم
وەک زولفی دولبەر بێقەرارم
ڕۆح لەسەر لێو چاوەڕیی یارم
یار دەڵێن: وا دێ، تۆ بڵێی وا بێ؟
تۆ و غەمزەی چاوی زوبانزانت
تۆ و سەری زولفی پەرێشانت
مەیێڵە بمرم لە هیجرانت
بڵا مەجنوون بێ بە لەیل شا بێ
گەر دەگرم زولفت، دەڵێی کافر بووی
دەست بۆ دێنم، دەڵێی چاتر بووی
بە هەر حاڵ بۆ من تۆ ئاور بووی
فیدای مردن بێ ژیانێ وا بێ
یاخودا بە ناڵەی دڵئێشان کەی!
یاڕەب بە یاهووی دەروێشان کەی!
غەمی جەرگی من پەرێشان کەی!
ڕووت لەنێو زولفت بۆ بڵاو نابێ؟!
دەمێکی وا بێ ئەی مایەی سەبرم
بە دڵ دامانی زولفت بگرم
هەتا کەی ئاخر هەر بۆت بمرم؟!
تاوێک نا تاوێک سەڵام لێ ڕابێ
ئەگەر یار بێتە گۆشەی قەسرێ
دڵێکی دەم بە دەم ئاور نەگرێ
بە دیدارێکی سەد جار نەمرێ
دڵی وام ناوێ تووری سینا بێ
نە زولفی تۆم، بۆچ بێقەرارم؟!
نە چاوی تۆم، بۆچ وا بیمارم؟!
عەجەب شێواوە سەر و کارم
دیارە دەردێ بێدەوا بێ
دەمێکی ڕووت بگرم زولفت لادەم
بە خۆشیی هەردووک دونیات نادەم
کە تۆم بێ چم لە ڕەوزەیی ئادەم؟
بەهەشت وا خۆشە تۆی تێدا بێ
چەند خۆشە ئەمن و تۆ هەتا مردن
وەک زولفی تۆ بین: دەست و گەردن
لە تۆ گوڵ گوڵغونچەت وا کردن
لە من قوربان بوون تا ڕووح مابێ
مەگەر تۆ بووی و هاتیە خەندە
کە وا دونیا پڕ لە کەلەقەندە
بە مەرگی من بڵێ نرخی چەندە؟
دەڵێی دڵ؟ هانێ! دەڵێی ڕۆح؟ تا بێ!
دەڵێ:گوڵزارم، گەردەن ئاسکم
وەنەوشە بسکم، زیوین باسکم
بڵا بزانێ چەند نەرم و ناسکم
ئەگەر ڕووح دێنێ وەفاییتخلص با بێ!