حەریفان ئەلئەمان کوشتوومی یارم، چاوی بیماری

از کتاب:
دیوانی وەفایی
اثر:
وفایی (1844-1902)
 2 دقیقه  744 مشاهده
حەریفان ئەلئەمان کوشتوومی یارم، چاوی بیماری
دەسا بێن دەست بە شینم کەن! بە یەکجاری، بە یەکجاری
گرفتاری کەسێکم، دڵ برینداری جوانێکم
جەفاجوو، توندخوو، زنجیر موو، خەییاتییە کاری
چ دڵکێشە ئیلاهی سەبزەیی نەورستەیی کوڵمی
لە دەوری بەرگی گوڵ شیرینە ئارێ خەتتی ژەنگاری
بە خەندە هات نیگاهی کردە من وا مەست و شەیدا بووم
کە نەمدی غەیری وی، هەر غونچە بوو پشکووت و گوڵ باری
خودا تۆبە لە دەست ئەو چاوە بیمارە چ سەححارە
بە عەینی دڵ دەکێشێ گا بە یاری گا بە عەییاری
لە خەندەی زار و جیلوەی تار و کاکۆڵی پەرێشانی
شکا بازاڕی قەننادی و نرخی میشکی تاتاری
بەهاری حوسنی خەمڵیوە بە باری گوڵبونی باڵا
شکۆفە دەمیە، ڕەیحان خەتیە، نێرگس چاوی بیماری
عەجەب ماوم بە چاوت وا بە بیماری دڵئازارە
چ کافر میللەتە - یاڕەب - لە مەستیدایە هۆشیاری!
ئەمن تەشبیهی ڕوخسارت بە میهر و مەهـ بکەم! حاشا
کە تۆ ماهی سنەوبەر قامەت و خورشیدی گوڵزاری
چ خوا بەردارە دایم غەرقی خوێن بێ مەردومی چاوم
لە خوا خۆش نایە، ئاخر کاکە، حەیفە مەردوم ئازاری
بە خۆڕایی نییە وا خاو و وا شێواوی، ئەی سونبول
مەگەر تۆش وەک وەفاییتخلص غەمزەدەی کاکۆڵی ڕەشماری!