غەمزەدەی خۆتم نیشانەی تیری موژگانم مەکە

از کتاب:
دیوانی وەفایی
اثر:
وفایی (1844-1902)
 2 دقیقه  3459 مشاهده
غەمزەدەی خۆتم نیشانەی تیری موژگانم مەکە
عاشقی ڕووتم، عەزیزم، تیرەبارانم مەکە
بەس دڵم بشکێنە بەو ئەبرۆیە بۆ ماچی دەمت
مەمدە بەر تیغ و لەسەر هیچێ لە گریانم مەکە
چیم لە ئەبرۆ داوە من پابەندی زولفم لێم گەڕێ
کافری عیشقم، بە قیبلەی خۆت موسوڵمانم مەکە
عاشقی خەندێکی تۆم با بەس بە ئاهـ و ناڵە بم
بولبولم پەروانە نیم و حەز بە سووتانم مەکە
دڵ بە من ناکا لەبەر ئاوری دەروونم دێتە جۆش
تۆ کە سووتانت نەدیوە مەنعی گریانم مەکە
مەمدە بەر تابووری موژگانت هەتاکوو غەمزە بێ
ها بەجارێک بمکوژە، یەخسیری تورکانم مەکە
سەد کەڕەت کوژراوی یار بم لێم مەپرسە ئەی تەبیب
دەردی یارم خۆشترە بێهوودە دەرمانم مەکە
عەرزەچی نی تۆ، بەقوربان، پادشاهی عالەمی
دادی مەزڵوومان بپرسە، حەیفە بێلانم مەکە
پێم بڵێ: یاقووت و ڕێحان خەتتی کامیان خۆشترە؟
وا عەیارە چاوەکانی، لەعلی خەندانم مەکە
حەقیەتی بەو چاوە کاڵانە کە تاڵانم دەکا
تیفلی نادانم لەسەر ماچێک لە گریانم مەکە
پەنجەکەی پاکی لەسەر خوێنی وەفاییتخلص بۆتە گوڵ
دەمکوژێ و پێشم دەڵێ: ئالوودەدامانم مەکە