ئەو چاوانەی وا خوماری نازن

از کتاب:
دیوانی وەفایی
اثر:
وفایی (1844-1902)
 2 دقیقه  4075 مشاهده
ئەو چاوانەی وا خوماری نازن
بە ئیما ئیمانم لێ دەخوازن
هاتەدەر وەک ڕۆژ شای شەکەر لێوان
غەمزەکە و ڕەمزەی تورکی پێشتازن
دەستی هێنادەر پێی لە سەما دا
چاومەستی چاوبەستن یا سیحربازن؟
زوهرەی یەغما کرد موشتەری کێشا
خرینگەی خڕخاڵ، جرینگەی بازن
نەوبەهار نۆبەی شکۆفە و گوڵن
یا غونچەی دوگمەی سینەکەی وازن؟
بە نەسیم دەپشکووت باغچۆڵەی سێوان
یا بە ئاهی من دوگمە دەترازن
نازانم بۆچ وا ڕۆح و دڵ کەوتوون
غەرقی خوێناون جێی داغ و گازن؟!
یا کوشتەی غەمزەی ئەو دوو چاوانەن
یا ڕەنجەی پەنجەی شەهێن و بازن؟
سیڕڕی زاری تۆ من بە کەس ناڵێم
ڕەنگی زەرد ئەشکی ئاڵ، هەردوو غەممازن
ئەوانەی عاشقن بە چاو و زارت
تا ئەبەد سەرخۆش مەحرەمی ڕازن
موتریبان، موقریبان دەم بەدەم گۆیان
بولبولان، قومرییان نەغمە پەردازن
دڵ دەناڵێنێ ڕۆح لە شیوەندا
قودسیان ئینسییان چەند خۆش ئاوازن؟
دەنگی من، سەوتی تۆ، بۆ بەزمی خوسرەو
چەنگ و نەی، عوود و دەف، تار و شەهنازن
ئەمن و تۆین بۆ ڕوخ و گەنجی پەنهانی
تەلیسم و تەوق و گوڵبرین و بازن
کەمەندی ئاسکان، هاتوچۆی بازان
هەموو بۆ خاتر چاوەکەی بازن
قەفەسی بەدەنم تەنگ و تاریکە
بازی دڵ و مورغی جان، هەر دوو پەروازن
وەفاییتخلص ناژی بە تاری زولفت
سەرتا پای ئازای مارانگازن