کەچنەزەر دوغڵ و دەغەڵ میسلی یەکن لاکن بە ڕەنگ

بۆ خوالێخۆشبوو شێخ محی الدینی ئامۆزام
از کتاب:
هەوارگەی دڵان
اثر:
سید طاهر هاشمی (1915-1991)
 2 دقیقه  1148 مشاهده
کەچنەزەر دوغڵ و دەغەڵ میسلی یەکن لاکن بە ڕەنگ
مەعنییان فەرقی هەیە دوور و درێژ وەک ئاب و سەنگ
گیانەکەم دوغڵم نویسا نەک دەغەڵ عاجز مەبە
قەسدی من شۆخی گوزەشتە و دڵ مەهێنە تۆ بە تەنگ
تۆ دەغەڵبازیت لەگەڵ من نەبوە غەیری ڕاستی
ڕوو لە تۆ چەرخاندنم نابێ ئەگەر لێم دەی خەدەنگ
کاکە گیانا گەر دەپرسی تا کە دوغڵیت بۆ بڵێم
دەی لەمەولا فەڕق بخەی دوغڵ و دەغەڵ بێ قاڵ و جەنگ
مامەڵەی ماین بهێنە بەر نەزەر تا تێ بگەی
بۆچ بە دوغڵ و عاجزم زانیت عەزیزی شۆخ و شەنگ
کاتی بەیع و مامەڵە من دوغڵ و تۆ دڵ شادمان
من پەرێشانی بە پێ پیاوڕۆین و دڵ پڕ لە ژەنگ
تۆ سروورت بۆ سواری و قیر و قاج و گاڵەگاڵ
من خەمم بۆ پیادەڕێ تەی کردن و بۆ لەنگەلەنگ
تۆ دەماغت پڕ نیشاتی ڕۆژی ڕمبازی و شکار
من دڵم پڕ مەینەتی ماین نەدان و سەنگەسەنگ
تۆ سەری پڕ شۆڕشی ڕۆژی مەساف و کاتی ڕەزم
من غەمم بوو، پێپیاو چۆن لێم ئەخێزێ زەرب و چەنگ
هەر دوو بەم دەستوورە بووین تاکوو لەیەک جوێ بووینەوە
تۆ موفەڕڕەح من پەرێشان تۆ وەکوو گیو، من پەشەنگ
عاقیبەت وەختێ پەشیمان بوویتەوە هاتیتەوە
لێوبەبار و دوغڵ و عاجز دەردەدار و زە ڕدرەنگ
قەسدی من بۆ حەرفی دال و غەین و لام ئەم قیسسە بوو
نەک حکایاتی دەغەڵبازی و شەرووری و دەنگەدەنگ
خۆت ئەزانی من لە تەئسیری دڵە وا شاعیرم
مایلم دایم بە سەوتی خۆش و نەغمەی ساز و چەنگ
کونجی ئازادیم دەوێ و دیداری یاری نازەنین
نەک شەهەنشاهی وڵاتی چین و ژاپۆن و فەرەنگ
دڵ ئەسیری داوی غەددارێکە بێ دانەی ویسال
ئێستە وەک ئاسن لە کونجی سینەدا گرتوویە ژەنگ
وەسڵی شیرین گەر لەبۆی دەسدا چ غەمیە کۆهکەن
خوسرەو ئەر عالەم بکا پڕ تیشە و تەوقوڵەنگ
مەقسەدم ئەی کاکە محیی الدین بەیانی دوغڵ بوو
بۆیە نەقشی نامەکەم کردی بە ئەشعاری قەشەنگ
وەرنە تاهیرتخلص دەربەدەر کەوتووی وڵاتی دانشە
گەرچی ئەوساکە ئەدیب بوو ئێستە نادان و دەبەنگ