ئاخ و داخ دڵ غافڵە نازانێ قسمەت چی دەکا

میوانی ماڵەعارەبێک بووە لە شاری حیللە
از کتاب:
دیوانی سالم
اثر:
سالم (1800-1866)
 4 دقیقه  2224 مشاهده
حەسرەتا دڵ غافڵە نازانی قسمەت چی دەکا
ئەمڕۆ ئێرەم بوو بە مەسکەن، ئاخۆ فەردا کوێم دەبا؟!
بەدرەقەی میحنەتنومایە شاتری تەقدیر مودام
دەستکەشمە و پێشڕەو، دەمبا بە مەنزڵگای بەڵا
نابەڵەد بێچارە بوو دڵ، ئارەزووی ئارامی کرد
هات و نەیزانی لەپڕدا کەوتە ناو چاهی جەفا
حیللە خورمایە، منیش مێش، جیسری دامی عەنکەبووت
نەفسی سەرکەش دامنەدیوە، ڕوو لە شیرینی دەکا
گەردشی دەوران جڵەوکێش بردمێ ماڵی عارەبێ
چووم و دیم، ئەمما نەچوومایە، درێغا، حەسرەتا!
تەڵخکام و تەڵخوەقت و تەڵخڕووم کرد ساعەتەن
تەڵخیێکم خستە ڕووی، ژەهریش بە ئینسانی نەکا
عالەمی ئینسانییەت لاچوو لە ڕووی ئەمن و ئەوی
من لەتاو عیجزی زەمیری، ئەو لەبەر فەقدی وەفا
لای یەساری دیدە و گوێ بۆی نەما سەمع و بەسەر
ئەهلی دەستی چەپ لە یومنی من ئومێدیان لێ بڕا
هێندە مات دانیشتم و نەیپرسی ئەژنۆم هاتە ژان
ناعیلاج وەک پووش لە مەوجی نابەڵەد خۆم گرتە لا
حوجرەیێکم کەوتە دەست و چوومە ناوی وەک قەفەس
کەبکی جەنگئاسا لە برسان دڵ لە سینەم سەر دەدا
خۆم چەپۆکم دا بەسەردا ئەسپەکەم شیوەنیەتی
تازەمان کرد هەر دوو لا شینی شەهیدی کەربەلا
ئەهلی کووفە فەقدی ئاویان کرد لە میهمانی عەزیز
خانەخوێی من مەنعی نان و قووت و جێگە و ڕێ دەکا
خانەخوێم میهماننەوازە وەرنە سەیری حورمەتم
دۆشەکی خۆم خاک و خۆڵە، سەرکەشی ئەسپم سەما
شیشی سوور بێنن وەرن خاڵیگەمان داخ کەن بە جووت
چوونکە ژانمانە من و ئەسپم لەبەر سەردیی هەوا
توورەکەی ئەسپم زەمین و موتتەکای خۆم زانووە
قووتی من خوێنی جگەر، خۆراکی ئەو تەسویری کا
کورکەکورکییە ئەسپەکەم، خۆشم دەناڵم جاربەجار
ئەو لە داخی ئاخوڕ و جۆ، من لە حەسرەت جێ و چرا
با من و بارگیری کوێت هەر دوو بنووین بەشکەم بە خەو
من ببینم ڕووی تەعام و ئەو ببینێ ڕووی چەرا
ئاخوڕی ئەسپم هەوایە خوانی خۆراکم خەیاڵ
لازمە بۆ ڕەفعی جووع هەر دوو بکەین دەممان لە با
ئاهی خۆم بۆ نانی جۆ سمکۆڵی ئەسپم بۆ حەشیش
ئەم گەییشتە پشتی ماهی ئەو گەییشتە ڕووی سەما
چاوی قووچان ئەسپەکەم باقڵ تەویلەی هاتە یاد
دڵ لە سینەم ماتە تەحقیق یادی جێگەی خەو ئەکا
لووتی داژەند ئەسپەکەم خۆم دەستەئەژنۆ ماتی غەم
من لە فیکری حاڵی ئەو، ئەو شینی حاڵی من دەکا
ئەمن و ئەسپ ئوستاد و شاگردین لە تەسویری خەیاڵ
ئەو لە نەقشی توورەکە ئەمنیش لە سونعی بۆریا
شاممە میغناتیسە بۆ بۆنی کەبابی سەر گوزەر
لێوی ئەسپم جازیبی پووشە بە میسلی کەهڕوبا
موژدە بێ یاران لە برسانا ددانی ئەسپەکەم
بۆ بژارەی پووشی ناو خشت کاری دیواربڕ دەکا
سەنگکرۆژێکە لە برسانا ددانی گردەکوێت
هەر دەڵێی مێبازی ناو شارە و خەیاری نەو دەخوا
زۆر دەترسم تا سەحەر دووبڕسیفەت بێ تەوسەنم
وا لە حەسرەت پووشی خورما دەم لە کلکی خۆی ئەدا
وا دەزانێ زینەکەی پاڵانی پووشە گردەکوێت
وەک مقاش جارجار لەلاوە لچ لە لاپێچکەی دەخا
سانیی عەنقایە وەیا گۆگردی ئەحمەر پیاوەتی
لەم دەرە میوانی مەزڵووم ئەر نەچێ، چۆن دەردەبا؟
مەجلیسێ بۆ زیب و زینەت جیم و ڕێی پێ لازمە
ئیبتیدای ئیسمی لەسەر ڕێ ئەلف و نوونی موقتەزا
گەر عەرەب بەم نەوعە بن با شیری وشتر بێتە ناو
وەر زەبیب تەبعن هەزاران مەرحەبا ئەهلی سەفا
من لە فیکری حاڵی خۆمدا، ئەسپەکەش هذا القياسعربی
تۆی خودایا قادر و تۆی ڕەبەننا موشکیلگوشا
هەمنشینم قەت نەبێ ئیتر عەرەب تا حاڵی مەرگ
ئاینە کەسبی جەلا حەیفە لە خاکستەر بکا