89- فەجر
وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە
1) سۆندەکە بە بەری بەیان،
2) لە شەوانیشدا بە دەیان،
3) بە جووت، بە تاک،
4) بەو شەوگارە کەڕادەبرێ،
5) ئاخۆ سوێندی وەها خواردن، بۆ خاوەن ئاوەز بەس نییە؟
6) خۆ دیتت کە پەروەرندەت چی کرد بەرانبەر هۆزی عاد؛
7) بەرەی ئیرەم خێوی خانووی ئەستوونداری [تەرز و گوشاد]؛
8) ئەو ماڵانەی وێنەیان لە شارانیشدا چێ نەکرابوو.
9) هۆزی سەموودیش، ئەوانەی لە ناو دۆڵ و گەڵیەکاندا بەردیان تاشی.
10) فیرعەونیش، خێوی کۆشکانی گەورە و بڵند؛
11) ئەوانەی لە وڵاتاندا یاخی ببوون.
12) خراپ هەبوو، ئەوان زێدەتریشیان کرد.
13) ئەوسا کە پەروەرندەی تۆ وەبەر قەمچی ئازاری دان.
14) بێ سۆ کە پەروەرندەی تۆ، هەموو ئەوانە دەبینێ.
15) بەڵام مرۆ هەر کاتێکی پەروەرندەی دەیخاتە بەر ئەزموونەوە و ڕێزی لێ دەگرێ و بەهرەی پێ دەگەیەنێ، ئێژێ: [ئەوا] پەروەرندەم قەدری گرتم.
16) ئەگەریش –هەر بۆ ئەزموونێ– پەروەرندەی بژیوی لێ کەم کردەوە، ئەوسا ئێژێ: پەروەرندەم سووکایەتی بەسەر هێنام.
17) نەخێر، بەڵکوو ئێوە ڕێز لە هەتیو نانێن.
18) بۆ نان بە هەژار بەخشینیش، ئێوە هانەی یەکتر نادەن.
19) میراتیش بە هەڵپە دەخۆن.
20) خۆشەویستنی ماڵیشتان لە ئەندازە دەرکەوتووە.
21) نابێ وابێ! هەرگا زەمین زۆر بە سەختی تێک شکێنرێ و،
22) فەرمانی پەروەرندەت بێ و فریشتەکانیش پۆل بە پۆل ڕیز ببەستن،
23) دۆژەهیش بێننە پێشەوە، ئەوێ ڕۆژێ مرۆ خۆی وەبیر دێتەوە؛ بەڵام ئەم وەبیر هاتنەوە، کوا بەهرەی پێ دەگەیێنێ؟
24) ئێژێ: خۆزی بۆ ژیانم چاکەم وەپێش خۆم خستبا.
25) سا ئەو ڕۆژە کەس وەک ئەو جەزرەبە نادەن.
26) کەسیش وەک ئەو بە زنجیر شەتەک نادرێ.
27) تۆش ئەی گیانی لەخەم ڕەخسیو!
28) بە دڵخۆشی بچۆوە لای پەروەرندەت؛ چون ئەوت لە خۆ ڕازی کرد.
29) سا تۆش ڕەگەڵ عەبدەکانی من بکەوە.
30) [وێڕای ئەوان] بچوە بەهەشتی منەوە.