بێ تەماشای خاڵی تۆ خاڵی لە مەردوم دیدە ما

از کتاب:
دیوانی سالم
اثر:
سالم (1800-1866)
 1 دقیقه  1269 مشاهده
بێ تەماشای خاڵی تۆ، خاڵی لە مەردوم دیدە ما
عەکسی ئەو بوو مەردومی دانا لە پەردەی دیدەما
شوعلە نەیدا فرسەتی پەروانە مەتڵەب کا بەیان
سیڕڕی سەربەستەی، لە پێی شەمعا، هەموو پۆشیدە ما
وا نەبوو لێوت بە سروەی بای خەیاڵی بۆسەیێ
غونچەیی سێرابی نەشکوفتەت چ بوو، ناچیدە ما
ڕوویی وەک لالەت لە خەشما یەک نیگەهـ ڕەنگێکی ڕیت
داغی حەسرەت تا قیامەت بۆ دڵی ڕەنجیدە ما
تا دەڵێم: مروەت کە، ڕەحمێ، جەوری تۆ ئەفزوون دەبێ
داد و بێدادی لە گوێتا هەر وەها نەشنیدە ما
کوا تەرازوویێ قیاسی وەزنی حوببی پێ بکەم
میهری سەنگینت لە کەففەی دڵ بە ناسەنجیدە ما
نەزمی سامانی لە کوێ بوو، عاشقی شۆریدەبەخت؟!
موویی ئاشوفتەی سەرم دەرهەم، هەموو ژوولیدە ما
تابی بێ میهری نەبوو یەک دەم، وەکوو سالمتخلص، ڕەقیب
سەگ بە تۆپین چوو لە قەحتا، گورگی باراندیدە ما