27- نەمل

از کتاب:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
اثر:
هژار (1921-1991)
 13 دقیقه  1128 مشاهده

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) تا، سین. ئەمانە نیشانەکانی قورعانێن و کتێبێکی دیاری دەرە.

2) ڕێشاندەرە و مژدەدەرە بۆ گرۆی خاوەن باوەڕان.

3) ئەوانەی نوێژان دەکەن و زەکات دەرن و بە تەواوی بڕوایان بەو دنیا هەیە.

4) ئەو کەسانەی بڕوایان بەو دنیانە بێ، کردەیانمان لە بەر چاو ڕازاندوونەوە و بە سەر لێ شێواوی ماون.

5) بەش ئەوانە هەر ئازاردانی بەژانە و لەو دنیاشا زیانی زۆر بۆ ئەوانە.

6) تۆ ئەم قورئانەت هەر لە لای کارزانێکی زۆر زاناوە، پێ فێر دەکرێ.

7) [بێنەوە بیر] ئەو کاتەش کە مووسا بە خێزانی خۆی گوت: من ئاگرێکم لێ دیارە؛ ئەوا دەچم خەبەرێکوو بۆ دێنمەوە؛ یان بزووتێکی لێ دێنم؛ بەشکوو گەرمتان بێتەوە.

8) وەختێ لێی نزیک کەوتەوە، بانگ کرا: پیت و پیرۆزە ئەو کەسەی کە لەوێدایە و ئەوی لە دەورەی ئەویشە و پاکی و بێ عەیبی بۆ خوایە؛ کە خودانی گش دنیایە.

9) ئەی مووسا! ئەوە منم، خوای بە دەستەڵاتی لەکارزان.

10) چۆ دەسەکەشت باوێژە! کاتێ دیتی هەروەکوو مارێک شێڵەها، هەڵات بێ ئاوڕدانەوە. مووسا! ترست ڕێ نەنیشێ، پێغەمبەران نابێ لە لای من بترسن.

11) مەگین کەسێ کە وا ناهەقی کردووە؛ ئەگەر ئەویش خراپەکەی بە چاکە گۆڕیبێتەوە، دیارە کە من لێبووردە و دلۆڤانم.

12) دەسیشت بخە باخەڵت [و دەریخەوە]؛ بە سپیەکی [وەک چۆڕی شیر] بە بێ زیان دیاری دەدا. وەل نۆ بەڵگە، بچۆ بۆ لای فیرعەون و دار و دەستەکەی؛ کە ئەوانە کۆمەڵێکی نافەرمانن.

13) جا وەختێکیش نیشانە ڕوون کەرەوەکانی ئێمەیان گەییشتە لا، گوتیان: ئەمە جادوویەکی ئاشکرایە.

14) هەرچەند لە دڵی خۆیاندا هەموویان بە ڕاست دەزانی، خۆبەزل زانی و ناهەقی، بوونە هۆی حاشا کردنیان. جا بڕوانە پاشەڕۆژی بەدفەڕەکان بە کوێ گەیشت!

15) هەر ئێمەش بووین کە زانستمان دا بە سولەیمان و داوود. گوتیان: شوکور بۆ خودایێ ئێمەی لە چاو زۆرێ لە عەبدە باوەڕدارەکانی خۆی، بەڕێزتر گرت.

16) لە پاش داوود، سولەیمان بوو بە جێنشین. بانگەوازی کرد: خەڵکینە! ئێمە فێری زمانی مەلان کراوین؛ هەموو شتێکیان پێداوین؛ دیارە ئەمەش چاکەیەکی ئاشکرایە.

17) سوپای سولەیمان - تێکەڵاو لە جندۆکە و مرۆ و مەلان - دەنگ درابوون، هەموو بە ڕیز دەرۆیشتن؛

18) تا گەینە بوهلی مێروولان. مرۆچەیەک دەنگی مێروولەکانی دا: بچنەوە ناو کونەکانوو! تا سولەیمان و لەشکری - بە بێ ئەوە پێ بحەسێن - دەبەر پێیانوو نەبەن.

19) ئیتر کە ئەو ئەمانەی گوت، بزەی هاتێ. گوتی: ئەی پەروەرندەی من! وام ڕابێنە سوپاسی چاکەی تۆ بکەم کە دەربارەی من و داک و بابمت کرد؛ ئاکاری چاکی واشم بێ، پەسندی کەی؛ هەر لە بەزەیی خۆشتەوە بمخە ڕێزی عەبدە کارچاکەکانتەوە.

20) چاوی بەمەلاندا گێڕا، گوتی: چۆنە پەپووسێمانە نابینم، ئاخۆ خۆی دزیوەتەوە؟

21) لەسەر ئەمە ئەشێ سزای زۆری بدەم؛ یان ملی هەڵدەقرتێنم، یان بەڵگەیەکی ئاشکرا بۆ من بێنێ.

22) ماوەیێ زۆری نەخایاند، هات و وتی: من شتێکم دەس کەوتووە کە دەستەتۆ نەکەوتبوو؛ وا من لە سەباوە هاتووم، دەنگوباسی دروستم بۆ هێناوی.

23) من لەوێ ژنێکم دیوە پاشایە بە سەریانەوە و خاوەنی هەموو شتێکە و تەختێکی زۆر گەورەی هەیە.

24) دیتم کە خۆی و هۆزەکەی - بە جێ خودا - سوژدە دەبەنە بەرخۆر و شەیتان کردەوەکانی بۆ خەمڵاندوون و ڕێگەی هەڵەی نیشان داون و ڕێ دەرناکەن.

25) [وەی کردووە] سوژدە بۆ خودایەک نەبەن کە پێواری ناو ئاسمانەکان و زەوی خۆیا دەکا و، چی وەیشێرن و هەرچێکی ئاشکرای بکەن، ئەو دەیزانێ.

26) ئەو خودایەی کە لەو بەدەر هیچ شت بۆ پەرستن نابێ و ئەو پەروەرێنی تەختی هەرە مەزنە.

27) گوتی: بەم زووانە دەڕوانین تا بزانین بەڕاستت بوو، یان تۆش هەر لە ڤڕ بێژانی.

28) ئەم نامەیەم بۆ بەرە و بۆیان باوێژە و ئەوسا تۆزێک دوورەوەکەوە و بنواڕە پەرسڤیان چییە؟

29) وێ گوت: ئەی پیاوماقووڵەکان! نامەیەکیان بۆ هاویشتووم زۆر گرینگە؛

30) کە لە سولەیمانەوەیە و بە ناوی خودای دەهندە و دلۆڤانە.

31) نابێ خۆتان لە من بە زلتر بزانن، وەرنە لام و خۆتان بە دەستەوە بدەن.

32) وێ گوت: ئەی پیاوماقووڵەکان! ئێوە دەربارەی ئەم کارەم، بێژن چ بکەم؟ هەتا ئێوە کۆ نەبنەوە، بڕیاری هیچ کارێ نادەم.

33) گوتیان: ئێمە هەم بەهێزین هەم زۆر بوێر، فەرمانیش هەر بە دەس خۆتە، تۆ بۆ خۆت بڕوانە چ فەرمانێک دەدەی؟

34) وێ گوت: گەلی پادشایان بچنە ناو هەر شارێکەوە، تێکی دەدەن؛ خەڵکەکەی - هەر کام بە گەورە ناوی هەبێ - سووکایەتی بەسەر دێنن و ئەو تەرزە کارانە دەکەن.

35) ئەوا من دیارییەکیان بۆ دەنێرم؛ چاوەڕێم کە ڕاسپاردەکان بە چییەوە دەگەڕێنەوە.

36) وەختێ هاتە لای سولەیمان؛ گوتی: ئێوە دەتانەوێ بە ماڵ یارمەتی بکەن؟ ئەوی خودا داویە بە من، لەوەی کە بە ئێوەی داوە هێژاترە؛ بەڵام وادیارە کە ئێوە بە دیاری خۆتان دڵخۆشن.

37) وەگەڕێ بچۆوە لایان، وا مە بە لەشکرێکەوە دێنە سەریان؛ کە ئەوان دەرۆستی نایەن. بە زەلیلی و سووکایەتییش لەوێندەرێ دەریان دەکەین.

38) گوتی: ئەی گەلی دیوانێ! - بەر لەوە بێنە ئامانێ - کێو دەتوانێ تەختی ئەو ژنەم بۆ بێنێ؟

39) لۆزندەرێک لە جنەکان گوتی: ئەمن بەر لەوە لە جێی خۆت هەستی بۆتی دێنم؛ توانام بە سەریدا هەیە و دەسپاکیشم.

40) ئەوی کە لە کتێب شتێکی دەزانی، هەڵیدایە: هێندەی چاوت بترووکێنی بۆتی دێنم. کە لێ مەیزاند، وا لایەتی گوتی: ئەمەش چاکەی پەروەرندەی منە، ویستی تاقیم بکاتەوە؛ ئاخۆ شوکرانە بژێرم یان پێ نەزان. هەر کەسێکی شوکر بکا بۆ خۆی دەکا و کێش سپڵە بێ، ئەوسایە پەروەرندەی من بێ نیاز و دڵاوایە.

41) گوتی: تەختەکەی بگۆڕن؛ تا بزانین دەتوانێ بیناسێتەوە یان بەسەری ناکاتەوە.

42) کاتێ گەییشتە بەرەوە، وتیان: تەختەکەی تۆ وابوو؟ گوتی: هەر ئێژی خۆیەسی؛ لە بەریشەوە دەتزانی و ئێمە هەر گوێ بە فەرمان بووین.

43) ئەوەی کە وێ - غەیرە لە خودایە - دەیپەرست، ئەوی [لەباوەڕی هێنان] گێڕابۆوە، چونکە پێشو لەڕێزەی خوانەناسان بوو.

44) پێی وترا: وەرە ناو کۆشک. کە لێی ڕووانی، هەر پێی وابوو ئاوێکی زۆر و زەبەندە و [داوەستاوە و] لنگی هەڵکرد. پێی وت: ئەم کۆشکە لە شووشەی ڕوون و حولی داڕژاوە. گوتی: خودانی ژیانم! من تا ئێستا ناهەقییم لە خۆم کردووە و لە ئێستاوە - وەل سولەیمان - خۆم دەدەمە دەس ڕاهێنەری گش جیهان.

45) ساڵحیشمان ڕاسپاردە هۆزی سەموود؛ کە هاوڕەگەزی خۆیان بوو. کە: دەبێ خوداپەرست بن. کەچی ئەوان بوونە دوو دەستەی دژی یەک.

46) وتی: گەلۆ! بەر لەوە تووشی چاکە بن بۆ بەرەوخراپە دەچن؟ بۆ لە خودا داوا ناکەن عافووتان کا؟ بەڵکوو بەزەیی پێتاندا بێ.

47) وتیان: ئێمە تۆش و ئەوی لەگەڵ تۆشن، بە شووم و بێ فەڕ دەزانین. گوتی: چارەنووسی ئێوە بە دەس خوایە؛ بەڵام ئێوە هۆزێکن کە کەوتوونە بەر ئەزموونەوە.

48) لەو شارەدا نۆ دەستەی [نەگونجاو] هەبوون، کە وڵاتەکەیان تێک دەدا و بۆ لابردنی بەدفەڕی هیچ تەقالایان نەدەدا.

49) گوتیان: ئێوە سوێند بخۆن، ئێمە ئەمشەو خۆی و ماڵ و منداڵیشی لە ناو دەبەین؛ بە خوێنگرانیشی ئێژین: کە ئەو خێزانە کوژراون، ئێمە ئاگامان لێ نەبووە و ڕاستیش دەکەین.

50) خەریک بوون کەتنێ بگێڕن؛ ئێمەش کەتنی خۆن پێ کردن، بێ ئەوە هەستی پێبکەن.

51) سا بنۆڕە، سەرەنجامی کەتنەکەیان بە کوێ گەیشت: بەوانەوە کۆمەڵەکەی ئەوانیشمان لە بەین برد.

52) ئێستا [جێ] ماڵەکانی وان - لەسەر ناهەقی کردنیان - چۆل و هۆڵە و دەرسێکیشە بۆ ئەوانەی کە دەزانن.

53) ئەو کەسانەشمان ڕزگار کرد کە ببوونە خوداناس و لێی دەترسان.

54) لووتیشیان وەبیر بخەوە، کە وا بە هۆزەکەی خۆی وت: ئێوە چلۆن کاری بێ نامووسی دەکەن، کەچی دەشزانن خراپە؟

55) لە ژنان وازوو هێناوە و پەلاماری پیاوان دەدەن؛ دیارە ئێوە زۆر کۆمەڵێکی نەزانن.

56) تەنیا وەرامی هۆزەکەی هەر ئەمە بوو: خێزانی لووت لە شاری خۆتان دەربکەن؛ چونکە ئەوان چاویان لە داوێن پاکییە.

57) سا ئەویش و خێزانیشیمان ڕزگار کرد؛ مەر ژنەکەی، کە بڕیارمان دا بمێنێ.

58) بارانێکمان بۆ باراندن ئەمما باران؛ بارانی ترسێنراوەکان چەن خرا بوو!

59) بێژە: شوکرانە بۆ خودا و دروود لەسەر عەبدە هەڵبژاردەکانی. ئاخۆ خودا چاترە یا ئەوی دەیکەنە شەریکی؟

60) یا ئەو کەسەی چاترە کە عاسمانەکان و زەمینی وەدی هێنا و لە حەواوە ئاوی بۆ ئێوە ناردووە؟ گەلێک باخچەی بە دیمەنمان بە ئاوەکەی شین کردووە، کە خۆتان نەتان دەتوانی دارەکانی بەرهەم بێنن؛ ئاخۆ هیچ پەرستیوێکی وەل خوا هەیە؟ نەخێر دیارە گەلێکی لە هەق لادەرن.

61) یا ئەو کەسەی چاترە کە زەوی کردە جێی سانەوە و ئەو گش جۆبار و ڕووبارەی تێدا کێشا و کەژ و کۆی لێ بەرهەم هێنا و لە نێوان دوو دەریادا بەرزەکەی دانا؟ ئاخۆ هیچ پەرستیوێکی وەل خوا هەیە؟ نەخێر دیارە زۆربەی ئەوان نەزانن.

62) یا ئەو کەسەی چاترە کە هەر وەختێ هومێد بڕاوێک لە بەری بپاڕێتەوە، دەهانای دێ و لە چۆرتم ڕزگار [ی] دەکا و دەتانکاتە جێنشین لەم سەرزەمینە؟ ئاخۆ هیچ پەرستیوێکی وەل خوا هەیە؟ ئەمانە کەم پەند وەردەگرن.

63) یا ئەو کەسەی چاترە کە لە تاریکی بەژ و دەریا، لە ڕێ شارەزاتان دەکا و هەر ئەویشە ئەو بایانە بەڕێ دەکا کە مزگێنی خێروبێری ئەویان پێیە؟ ئاخۆ هیچ پەرستیوێکی وەل خوا هەیە؟ خوا زۆر لەوەی بەرزترە کە دەیکەنە شەریکی ئەو.

64) یا ئەو کەسەی چاترە کە بوونەوەر وەدی دێنێت و لە دواییدا دەیباتەوە؟ ئەدی کێیە لە ئاسمان و زەمینەوە بژیوتان بۆ بەڕێ دەکا؟ ئاخۆ هیچ پەرستیوێکی وەل خوا هەیە؟ سا ئەگەر پێو وایە ڕاستن، بەڵگەی خۆتان نیشان بدەن.

65) بێژە: ئەوانە وا لە ئاسمانەکان و زەمیندا هەن - لە خوا بەدەر - لەبەر پێوار بێ خەبەرن. هەستیش ناکەن زیندوو دەکرێنەوە.

66) زانستەکەیان بڕ ناکا سەڵا ڕابێ، دوودڵن دەبێ یان نابێ؟ ئەم چاوی دینەیان نییە.

67) خودانەناسەکان وتیان: ئاخۆ وەختێ ئێمە و باب و باپیرانمان بووینە خۆڵێک [بە زیندوویی لە گۆڕ] دەمانهێننە دەرێ؟

68) ئەو بەڵێنەی بەمەی دەدەن، لەوەپێشیش بە باب و کاڵن دراوە؛ ئەمانە گش چیرۆکی پێشینەکانن.

69) بێژە: گەشتێ بەم سەرزەمینەدا بکەن، تا ببینن سەرەنجامی تاوانباران بە کوێ گەیوە.

70) خەمیان مەخوە و لەبەر گزیکاری ئەوان دڵتەنگ مەبە!

71) ئێژن: دەسا ئەگەر ڕاستن، ئەم بەڵێنەو کەی دێتە جێ؟

72) بێژە: ڕەنگە ئەو بەڵێنەی - کە ئێوە پەلەی لێ دەکەن - زۆر لێتانەوە نزیک بێ.

73) پەروەرندەت چاکەی زۆری بەسەر ئەو خەڵکەوە هەیە؛ بەڵام زۆربەیان ناشکورن.

74) پەروەرندەت لە هەر شتێ لە دڵیاندا و نهێنیە و لە هەر شتێ دەیدرکێنن، ئاگادارە.

75) هەر پێوارێ لە عاسمانان و زەمیندایە - گش لە گشتی - لە کتێبێکی ڕوون کەرەوەدا نووسراوە.

76) ئەو قورئانە بۆ تۆرەمەی ئیسرائیلێ - لەمەڕ زۆربەی ئەو شتانە کە لەسەریان هەرایانە - قسە دەکا.

77) بێ سۆ بۆ خاوەن باوەڕان، ڕێشاندەر و بەزەییە.

78) بێگومانە پەروەرندەت بەرانبەر بە فەرمانی خۆی، بە نێو ئەوانە ڕادەگا. کۆڵ نەدەر و هەرە زاناش هەر خۆیەتی.

79) دەسا خۆت بە خوا بسپێرە؛ بەڕاستی تۆ وا لەسەر حەقی ئاشکرای.

80) بانگەوازت بۆ ئەوانەی کە ڕوو لە تۆ وەردەگێڕن، وەک ئەوەیە مردووی گۆڕستان بدوێنی؛ یان بە گوێی کەڕدا بخوێنی؛ کە لە وزەی تۆدا نییە.

81) تۆ ناتکرێ کوێران لە گومڕاییەکەیان ڕزگار کەی و بیانخەیە سەر ڕاستەڕێیە. تۆ هەر دەتوانی دەنگی خۆت بە ئەوانە بگەیەنی کە بە نیشانانی ئێمە بەبڕوان و ملکەچی فەرمانی خودان.

82) هەر دەمێکیش بەڵێن [مان] بۆیان هاتە جێ، دەحبایەکیان لەم زەمینە بۆ دەردەخەین، کە دەگڵیان قسە دەکا [و پێیان ئێژێ:] مەردم بە دڵ نیشانەکانی ئێمەیان نەدەسەلماند.

83) ئەوێ ڕۆژێ مە لە ناو هەر تیرەیەکدا، تاقمێک لەو کەسانە وا باوەڕیان بە نیشانانمان نەدەهێنا کۆ دەکەین و ، جا ئەو کاتە ڕیز دەکرێن و بەڕێ دەکرێن.

84) هەتا دەگەنە بەرەوە، ئێژێ: ئێوە نیشانەکانی ئێمەتان - بێ ئەوە چییان لێ بزانن - بە درۆ زانی؟ ڕاستی ئێوە چیتان دەکرد؟

85) هەر بە سزای ئەوە کە ناهەقییکار بوون، وەبەر بەڵێنەکە کەوتن، هەر متەقیشیان لێ نایە.

86) بۆ ئەوانە نەیان دەدی ئێمە شەومان داهێناوە، ئەوانی تێدا وەحەسێن؛ ڕۆژیش هەموو شت ببینن؟ لەمەشدا زۆر نیشانە هەن بۆ ئەوانەی بڕوا دێنن.

87) ئەوێ ڕۆژێ دەکەڵەشاخ دەمێندرێ، هەر کەس لە عاسمانەکان و زەمیندایە - گلا - ترسیان ڕێ دەنیشێ و بە زەلیلی دێنە بەر بارەگای خودا؛ مەگین کەسێ کە بەر مەیلی خودا کەوێ.

88) کێویشت وا دێنە بەرچاو، کە هە رنابزوون؛ کەچی وەک ڕەوینەوەی هەور دەڕەونەوە. ئەمەش کری خودایێکە هەموو شتی زۆر بە چاکی چێ کردووە. هەر ئەویشە لە کردەتان شارەزایە.

89) هەر کەسێ چاکەیەک بکا، لەو چاتری دێتەوە ڕێ و لەمە ترسی ئەوێ ڕۆژێ ئارخەیانن.

90) هەر کەسێکیش کاری خراپی لێ ڕوو دا، لەپەوڕوو دەخرێتە ئاگر. ئاخۆ زیاتر لە قەرەبووی کارەکەتان ئازاروو بۆ دەبڕێتەوە؟

91) بە من هەر فەرمان دراوە کە خودانی ئەم باژێڕە - کە بۆ خۆی ڕێزی لێ ناوە - بپەرستم. هەموو شتێکیش لەوڕایە و فەرمانیشم پێدراوە لە ڕێزەی موسوڵمانان بم؛

92) هەروا، قوڕعانیش بخوێنم. جا کێ شارەزای ڕێگە بوو، هەر بە قازانجی خۆیەتی و هەر کەش لە ڕێگە کلا بوو، بێژە: من هەر یەکێکم لە ترسێنەران.

93) بێژە: سوپاس بۆ خودایە و بەم زووانە ئەو نیشانەکانی خۆیتان نیشان دەدا و دەیانناسن. پەروەرندەت ئاگاداری هەموو کردەوەیەکتانە.