26- شوعەراء

از کتاب:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
اثر:
هژار (1921-1991)
 15 دقیقه  711 مشاهده

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) تا، سین، میم.

2) ئەمانە نیشانەکانی ئەم کتێبە دیاری دەرەن.

3) لەوانەیە بەو خەمە خۆت لە بەین بەری، کە ئەوانە نایانەوێ بڕوا بێنن.

4) ئەگەر ئێمە حەزێ بکەین نیشانێکیان لە حەواوە بۆ دەنێرین، کە ملیانی لەبەر کەچ کەن.

5) هەر قسێکی تازە بابەت لە ڕەحمانەوە بۆیان دێ، ڕوویانی لێ وەردەگێڕن.

6) [ئەوان] باوەڕیان نەهێنا؛ بەم زووانەش هەر دەنگوباسی ئەوەیان پێدەگەیێ، کە گاڵتە و گەپیان پێدەکرد.

7) ئاخۆ زەمینیان نەدیوە، کە چەند جووتەی ڕووەکی پڕ لە بەهرەمان تێدا ڕوواند.

8) لەمەدا دەرسێ [باش] هەیە؛ بەڵام بەشی هەرە زۆریان بەبڕوا نین.

9) خۆ دیارە پەروەرندەت هەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە.

10) [بێنەوە بیر] ئەو کاتە کە پەروەرندەت بانگاوازی لە مووسا کرد، کە: بچۆ لای کۆمەڵەی ناهەقییکاران؛

11) بۆ لای دارودەستەی فیرعەون. ئاخۆ ئەوانە ناترسن؟

12) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ترسم هەیە کە بە ڤڕ بێژم بزانن.

13) دڵم تەنگ دەبێت و زمانم گۆ ناکا؛ ڕاسپێرە بۆ لای هاڕوون.

14) ئەوانە تاوانێکیان لەسەر من هەیە، دەترسم هەر بشم کوژن.

15) گوتی: نەخێر، قەت وا نییە. سا ئێوە نیشانەکانی ئێمە بەرن؛ ئێمەش دەگەڵ ئێوەدا هەین و دەبیسین.

16) سا بگەنە نک فیرعەون و بێژن: ئێمە پێغەمبەری پەروەرندەی گش جیهانین.

17) تۆرەمەی ئیسڕائیلێمان ڕەگەڵ بخە.

18) [فیرعەون] گوتی: تۆ هەر منداڵەکە نەبووی کە ئێمە پەروەردەن کردی و چەند ساڵێکیش لە ناومان مای؟

19) ئەوک ارەشت کرد کە کردت؛ دیارە ئەتۆ لە ڕێزەی ناسوپاسانی .

20) گوتی: ئەوەم لە دەس قەوم و ئەوسا کە لە گومڕایان بووم.

21) لە ترسی ئێوە بازم دا؛ دوایە پەروەرندەی من، لەکارزانی پێ بەخشیم و منی خستە ڕێزەی پێغەمبەرانەوە.

22) تۆ منەتی ئەو چاکەیەم لەسەر دەنێی، کە تۆرەمەی ئیسرائیلت - هەموو - کردۆتە عەبدی خۆت؟!

23) فیرعەون گوتی: پەروەرندەی هەموو جیهان وەچەئێژن؟

24) گوتی: ئەگەر بیسەلمێنن، ڕاهێنەری ئاسمانەکان و زەمینە و هەرچی لە ناویاندا هەیە.

25) لە دەوروبەری خۆی پرسی: گوێتان لێیە؟

26) گوتی: پەروەرندەی ئێوە و پەروەرندەی باب و کاڵی پێشووتانە.

27) گوتی: دیارە پێغەمبەرێ کە بۆ ئێوە ناردراوە، جن دەستی لێ وەشاندووە.

28) گوتی: گەر ئاوەزتان هەبێ، ڕاهێنەری خۆرهەڵات و خۆراوا و نێوانی وانە.

29) گوتی: ئەگەر بەدەر لە من بپەرستی، خاترجەم دەبەندێت دەکەم.

30) گوتی: ئەگەر نیشانێکی بە ئاشکرام بۆ هێنابی؟

31) گوتی: ئەگەر لە ڕاستانی ، کوا؟ بیهێنە.

32) عاساکەی دەستی فڕێدا؛ ئاشکرا بوو بە حەزیایەک.

33) دەستیشی دەرخست، بۆ وانەی لێیان ڕووانی سپی دەچوو.

34) بەسەر گەورەکانی دەوروبەر خۆی گوت: دیارە ئەمە جادووگەرێکی زانایە.

35) گەرەکیەتی بە جادووی خۆی، لە زێدی خۆتان دەرتان کا؛ ئێوە لەو بارە دەڵێن چی؟

36) گوتیان: خۆی و براکەی لێرە بمێنن؛ تۆ بنێرە لە شاران خەڵکی وەکۆ کەن.

37) هەم جادووگەری زانات بهێننە لا.

38) ئەوساکە جادووگەرەکان لە ڕۆژێکی دیاری کراو کۆ کرانەوە.

39) بە مەردمیشیان ڕاگەیاند: ئاخۆ ئێوەش کۆ دەبنەوە؟

40) ئەگەر ئەم جادووگەرانە بیبەنەوە، لەوانەیە ئێمەش وەشوێن ئەوان کەوین.

41) جادووگەران - کە هاتن - بە فیرعەونیان گوت: ئەگەر ئێمە بیبەینەوە چین دەدەیەی؟

42) گوتی: دیارە ئەوسا ئێوە لە نزیکانی خۆم دەبن.

43) مووسا بەوانی ڕاگەیاند: چیتان ئامادە کردووە بۆ هاویشتن، بیهاوێژن.

44) جا ئەوساکە پەت و داردەستەکانیان فڕێ دا و گوتیان: سوێندا بە گەورەیی فیرعەون، هەر بۆ خۆمان دەیبەینەوە.

45) ئەوسا مووساش داردەستەکەی خۆی فڕێ دا. گوزوگوممەت، هەموو فێڵی جادووگەرانی چنیەوە.

46) جادووگەران [بە پانەوە] کڕنۆشیان برد.

47) گوتیان: ئێمە بڕوامان کرد بە پەروەرندەی جیهانێ.

48) پەروەرندەی مووسا و هاڕوون.

49) گوتی: بەر لەوە ڕێو بدەم، ئێوە بڕاواتان پێ هێنا؟ دیارە هەر ئەو گەورەتانە و خۆی فێری جادووی کردگن. دوایی تێتان دەگەیەنم؛ دەستولاقوو بە پێچەوانە دەبڕم و سەرلەبەروو لە دار دەدەم.

50) گوتیان: منەتت بە پووشێک؛ ئەوسا بەرەو پەروەرێنمان دەچینەوە.

51) هیوان وایە پەروەرندەن لە گوناهەکانن ببوورێ؛ کە بەرلە گش ئێمە باوەڕیمان هێنا.

52) ئێمە مووسامان تێگەیاند: عەبدەکانم لە شەوێدا وەڕێ بخە، کە دیارە بە دووتاندا دێن.

53) فیرعەون وەکۆکەرانی نارد بۆ شارەکان.

54) [وتی:] ئەوان کۆمەڵەیەکی هێندکن.

55) بەڕاستی کە ئێمەیان تووڕە کردووە.

56) ئێمە هەموو وریایانین.

57) ئیتر باغات و کانیاون پێ جێهێشتن.

58) وێڕای هەموو گەنجینە و خانووە خۆشەکان.

59) هەر بەو جۆرە ئەم هەمووەشمان دا بە تۆرەمەی ئیسڕائیل.

60) هەر گزینگ لە سەرانی دا، دوایان کەوتن.

61) ئەو کاتە کە هەر دوو کۆمەڵ یەکتریان دی؛ هاوڕێیانی مووسا گوتیان: پیس پێوە بووین.

62) گوتی: نابێ لە هیچ بترسن، چون پەروەرندەم دەگەڵە و بەم زووانە دەروێکم لێ دەکاتەوە.

63) ئەوسا مووسامان تێگەیاند: بە عاساکەت لە زەریا دە؛ زەریا قەڵشی و هەر لایەکی وەک چیایەکی مەزن بوو.

64) وامان کرد ئەوانی تریش هەر لەوێ نزیک بنەوە.

65) مووسا و هەرکێ دەگەڵی بوون، نەجاتن دان.

66) پاشان ئەوانی دیکەمان بە خنکان دا.

67) ئەم ڕووداوە بەڵگەیەک بوو؛ زۆربەی زۆریش هێشتا باوەڕیان نەهێنا.

68) خۆ دیاریشە پەروەرندەت هەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە.

69) ڕووداوی ئیبڕاهیمیشیان بۆ وەخوێنە.

70) ئەو سەردەمەی کە بە ئاپ و هۆزی خۆی گوت: ئەمە چییە دەیپەرستن؟

71) گوتیان: ئێمە بتانێک دەپەرستین و هەر وازیشیان لێ ناهێنین.

72) گوتی: ئاخۆ ئەگەر هانایان بۆ دەبەن، لێو دەبیسن؟

73) یاخۆ هیچ بەهرەو پێ دەدەن؟ یان هیچ زیانوو لێدەدەن؟

74) گوتیان: نەخێر، بەڵکوو باب و کاڵی ئێمەش هەر ئەمانەیان دەپەرست.

75) گوتی: ئاخۆ زانیوتانە چیو دەپەرست؟

76) خۆتان وێڕای باب و کاڵانی پێشووتان؟

77) هەموویان دوژمنی منن؛ جگە لە ڕاهێنەری حەموو دنیایە.

78) ئەوی منی دروس کرد و هەر ئەویش شارەزام دەکا.

79) هەر ئەویشە خواردەمەنیم پێدەدات و ئاویشم دەفریا دەخا.

80) ئەگەر تووشی نەساغیش بم، هەر خۆی چاکم دەکاتەوە.

81) هەر ئەویشە دەم مرێنێ و پاشان زیندووم دەکاتەوە.

82) ئەو کەسەیە کە بە هیوام ڕۆژی سەڵا لە هەڵەکانم ببوورێ.

83) پەروەرندەم! خۆت فێری کارزانیم بکە و بمگەینە بە پیاوچاکان.

84) وەبکە لە ناو چینە دوایینەکانیشا ناوم بە چاکە دەربچێ.

85) وابکە من لە بەشبەرانی بەهەشتی پڕ لە خۆشی بم.

86) لە ئاپی منیش ببوورە؛ کە ڕێگەی هەڵە کردبوو.

87) لە ڕۆژی زیندووبونەوەش ڕیسوام مەکە.

88) ئەو ڕۆژە کە ماڵ و مناڵ بە کار نایە.

89) مەگین ئەوەی وەل دڵی پاک، بچێتە بارەگای خودا.

90) کە بەهەشتیش بۆ خۆپارێزان نزیکە.

91) جەهەندەمیش دەخرێتە ڕوو بۆ گومڕایان.

92) [کە ئەو ڕۆژە] پێیان ئێژن: لە کوێن ئەوی دەوپەرستن،

93) لەغەیرەز خوا؟ ئاخۆ ئەو دێنە هاناتان، یان ئەوان هانا دەخوازن؟

94) سا دەمەوڕوو ئەوانیش و گومڕاکانیش دەوێ دەخرێن.

95) لەشکرەکانی شەیتانیش - بە تێکڕایی -

96) هەر لەوێدا - بە کێشە - دێن و دبێژن:

97) سوێند بە خودا ئێمە ئاشکرا لاڕێ بووین؛

98) کە ئێوەمان دەگەڵ داهێنەری جیهان بەرانبەر کرد؛

99) تاوانبارانیش ئێمەیان لە ڕێ لادا؛

100) ئێستاش نە تکاکارمان هەن،

101) نە هەواڵێکی دڵسۆزیش.

102) خۆزی جارێ وەگەڕاباین، ئەوسا باوەڕیمان دێنا.

103) ئا لەمەدا نیشانێکی [بەهێز] هەیە و بەشی زۆریان بێ باوەڕ بوون.

104) دیاریشە پەروەرندەی تۆ هەر خۆی خاوەن دەستەڵاتە و دلۆڤانە.

105) هۆزی نووحیش بە وتەی پێغەمبەرانیان بڕوا نەکرد.

106) کاتێ نووحی برای خۆیان گوتی: ئێوە مەر ناترسن؟

107) من بۆتان پێغەمبەرێکی جێ باوەڕم.

108) دەسا لە خوا بترسن و بە فەرمانی منیش بکەن.

109) پاداشێکم - بۆ ئەم کارە - لێتان ناوێ؛ پاداشی من پەروەرندەی جیهان دەیدا،

110) ئیتر هەر ترسوو لە خوا بێ و بە گوێم بکەن.

111) گوتیان: چۆن بڕوات پێدەکەین؟ تۆ هەر ڕووتەوپووتەت لە دوون!

112) گوتی: ئەمن چووزانم کە ئەوان بەرێ چییان دەکرد؟

113) ئەر تێبگەن، پەروەرێنم دەبێ بە کاریان ڕابگا.

114) لەوانە نیم - بە هیچ ئاوا - باوەڕداران وەدەربنێم.

115) من هەر تەنیا ترسێنەرێکی ئاشکرام.

116) گوتیان: ئەی نووح! ئەگەر لەم کارەت بەس نەکەی، ئەشێ سەنگەسارت بکەین.

117) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! هۆزەکەی من هەر بڕوایان پێ نەکردم.

118) سا تۆ لە نێو من و ئەوان ڕێگەیەکمان بۆ بکەوە و من و ئەو باوەڕدارانەی دەگەڵ منن، ڕزگار بکە.

119) ئەوسا خۆی و ئەو کەسانەی دەگەڵی بوون، لە کەشتییە تژی کەدا نەجاتن دا.

120) ئەوانی تریش لە پاشان ئاوەوئاو چوون و توونا بوون.

121) لەمەشدا بەڵگەیەک هەیە؛ [بەڵام] زۆربەیان هەر بڕوایان نەهێنا.

122) پەروەرندەت هەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە.

123) هۆزی عادیش بە پێغەمبەرەکان بڕوایان نەهێنا.

124) کاتێ کە هوودی برایان پێیانی گوت: چۆنە هیچ ترسێکونیە؟

125) من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم.

126) ترسوو لە خودا هەبێت و لە فەرمانی من دەرمەچن.

127) [بۆ ئەم کارە] من هیچ پاداشم لێو ناوێ؛ پاداشی من پەروەرندەی جیهان دەیدا.

128) ئاخۆ ئێوە لە هەر جێگایەکی بەرز، کۆشکی تەرز دروس دەکەن، کە هەر خەریکی کارگەلی پڕوپووچ بن؟

129) کۆشک و قەڵای زۆر پتەویش دادەڕێژن، لاتان وایە هەر دەمێنن؟

130) هەرگا پەلاماریش دەدەن، ملهوڕانە هێرش دەبەن.

131) سا لە خودا بترسن و بە گوێم بکەن.

132) با ترسوو لەو کەسە بێ کە لەو شتانەی دەیزانن، یاری کردوون.

133) وڵسات و کوڕگەلی داونێ.

134) دەگەڵ باغات و کانیاویش.

135) ئەمن هەر لێو نیگەرانم، بۆ ئازاری ڕۆژی مەزن.

136) گوتیان: ئەگەر ئامۆژگاریمان بکەی و هیچ ئامۆژگاریشمان نەکەی، لای ئێمە هەر وەکوو یەکە.

137) ئەمانە گش پڕوپووچی پێشینییانە.

138) کەس ئازاری ئێمە نادا.

139) ئەو هەر بڕوایان پێ نەکرد؛ ئەوسا ئێمەش قڕمان کردن. لەمەشدا بەڵگەیەک هەبوو؛ [بەڵام] زۆری ئەوانە بڕوایان نەبوو.

140) پەروەرندەت هەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە.

141) هۆزی سەموود بڕوایان بە پێغەمبەرەکان نەهێنا.

142) وەختێ ساڵحی برایان پێیانی گوت: چۆنە هیچ ترسێکتان نییە؟

143) من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم.

144) سا لە خودا بترسن و بە گوێم بکەن.

145) من پاداشی کاری خۆم لە ئێوە ناوێ؛ پەروەرندەی هەموو جیهان، بۆ خۆی پاداشی من دەدا.

146) ئاخۆ هەروا لێو دەگەڕێن، هەر لێرە دڵنیا بژین؟

147) لە باغات و لە کانیاوان؟

148) کێڵگەکان و دارەخورمای خاوەن شکۆفەی نەرم و نۆڵ؟

149) هەر بە خۆشی و شادمانی ماڵان لە کاوان دەتاشن.

150) سا لە خودا بترسن و بە گوێم بکەن.

151) گوێش مەدەنە فەرمانی هەڵەڕۆیەکان؛

152) ئەوانەی لەم زەمینەدا هەر خەریکی خراپەن و کاری چاکیان لە دەس نایە.

153) گوتیان: ببێ و نەبێ، جادووت لێکراوە.

154) تۆش هەر مرۆی وەکوو خۆمان. سا ئەگەر تۆ بە ڕاستیتە، دە نیشانێکمان نیشان دە.

155) گوتی: ئەمە وشترێکە، کە نۆرەئاوێکی هەیە و ئێوەش نۆرەئاوێکتان هەس؛ لە ڕۆژێکی دیاری کراوا.

156) هیچ وەزەنیشتان بۆی نەبێ، دەنا تووشی جەزرەبەی ڕۆژی مەزن دێن.

157) پەیان کرد و سەریان بڕی و دوایە پەشیمان بوونەوە.

158) ئازار هەموو لای لێ گرتن. لەمەدا نیشانە هەبوو؛ کەچی زۆریان بێ باوەڕ بوون.

159) پەروەرندەت خۆی خاوەنی دەستەڵاتە و دلۆڤانە.

160) هۆزی لووتیش قسەی پێغەمبەرەکانیان، بە درۆ ژمارد.

161) کاتێ کە لووتی برایان پێیانی گوت: ئێوە بۆ هیچ ترسوو نییە؟

162) من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم.

163) سا ترسوو لە خودا هەبێ و بە گوێم بکەن.

164) بۆ ئەم کارە من هیچ پاداشم لێو ناوێ؛ پاداشی من پەروەرندەی جیهان دەیدا.

165) ئێوە بۆچی لە ناو هەموو خەڵکی دنیا پەلاماری نێران دەدەن؟

166) لە ژنەکانیشوو واز دێنن، کە خوا بۆ ئێوەی چێ کردوون؟ ئێوە هۆزێکی لە ئەندازە لادەرن.

167) گوتیان: ئەی لووت! گەر لەم قسانە بەس نەکەی، سوور بزانە دەرت دەکەین.

168) گوتی: لەو ئاکارەی ئێوە یەکجار قەڵسم.

169) پەروەرندەم! لەو کارانەی ئەوان دەیکەن، من و خێزانم ڕزگار کە.

170) سا ئەویش و هەموو خاووخێزانیشیمان ڕزگار کرد.

171) مەگین تاقە پیرێژنێک لە ناو ئەوانا مایەوە.

172) پاشان ئەوەکانی ترمان قڕان تێخست.

173) بارانێکی [بەڵا] مان بۆ داباراندن. چەند بە زەڕ بوو بارانی ترسێنراوەکان.

174) ئا لەمەشدا بەڵگە هەبوو؛ کەچی زۆریان بێ باوەڕ بوون.

175) پەروەرندەت هەر خاوەنی دەستەڵاتە و دلۆڤانە.

176) خاوەن دەحلان قسەی پێغەمبەرەکانیان بە درۆ ژمارد.

177) کاتێ شوعەیب پێیانی گوت: چۆنە هیچ ترسێکوو نییە؟

178) سا لە خودا ترسوو هەبێ و بە گوێم بکەن.

179) من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم.

180) بۆ ئەم کارە من هیچ پاداشێکم لێو ناوێ؛ پاداشی من پەروەرندەی دنیا دەیدا.

181) ڕاست بن لە پێوانەپێوان و زیان بە کەس مەگەیەنن.

182) کێشانەشتان بە تەرازووی بەرانبەر بێ.

183) شت لە مەردم مەدزنەوە و پا دامەگرن لە سەر بەدفەڕی لە هەردا.

184) دەبێ بترسن لەو کەسەی ئێوە و کۆمەڵانی پێشووی بەدی هێنا.

185) گوتیان: ببێ و نەبێ، جادووت لێکراوە.

186) تۆش هەر ئەوا مرۆیەکی وەکوو ئێمە و پێمان وایە تۆش هەر لە ڤڕبێژەکانی.

187) دەسا ئەگەر تۆ ڕاست ئێژی، چەند پاژێکمان - لە ئاسمان - بەسەردا باوێژە خوارێ.

188) گوتی: پەروەرندەم پتر ئاگای لە ئاکاروو هەیە.

189) ئیتر باوەڕیان نەهێنا، تا لە ڕۆژێکی هەوردا، گڕەبامان لێ هەڵکردن؛ لەو ڕۆژەدا ئەو بەڵایە زۆر مەزن بوو.

190) لەمەشدا نیشانە هەبوو؛ کەچی زۆریان بێ باوەڕ بوون.

191) پەروەرندەت هەر خاوەنی دەستەڵاتە و دلۆڤانە.

192) ڕاهێنەری گش جیهانە؛ ئەم قورئانەی ناردۆتە خوار.

193) «ڕوح الامین» هێنایە خوار.

194) بۆ سەر دڵت؛ تا تۆ لە ترسێنەران بی.

195) بە زووانێکی عەرەبی ڕەوان و هاسان.

196) لە کتێبەکانی پێشووشدا باسی هەیە.

197) داخۆ ئەمە بۆ ئەوان بەڵگەیەک نییە؟ کە زاناکانی تۆرەمەی ئیسڕائیلیش، هەر لەوە ئاگایان هەیە.

198) خۆ ئەگەر بمان ناردایە بۆ لای عارەبی نەزانێک،

199) بۆ ئەوانەی وەخوێندبا، قەت باوەڕیان پێ نەدێنا.

200) هەروەهاینە قورئانیشمان خستە دڵی تاوانباران.

201) هەر بڕواشی پێ ناهێنن، هەتا ئازاری زۆر بەژان بە چاوی خۆیان ببینن.

202) لەنەکاویش دێتە لایان، کە هەر هەستیشی پێ ناکەن.

203) ئەوساش ئێژن: ئاخۆ مۆڵەتمان پێدەدەرێ؟

204) بۆ لە ئازار دانی ئێمە، پەلە دەکەن؟

205) تۆ پێم بێژە ئەر بێڵین چەن ساڵ ڕابوێرن،

206) ئەمجار ئەو ئازارەی کە لێ ترسێنرا بوون، بێتەلایان؛

207) ئەو ماوەیەی کە ڕای دەبوێرن، چ بەهرەیەکیان بۆ دەدا؟

208) هەر شارێکمان قڕ کردبێ، سوور بزانە ترسێنەرانێکی بووە؛

209) کە ئامۆژگاری وەرگرن و، ناهەقییمان نەکردووە.

210) شایەتینیش نەیانهێناوەتە خوارێ.

211) نە لێیان دەوەشێتەوە و نە دەشتوانن.

212) دیارە ئەوان لە بیستن بێ بەش کراون.

213) تۆ وێڕای خوا، هیچ شتی تر مەپەرستە؛ دەنا لەوانە دەبی کە ئازار دەدرێن.

214) نزیکترین خزمی خۆشت بترسێنە.

215) باڵت شۆڕ کە بۆ ئەو بڕوادارانەی کە شوێنت کەوتوون.

216) جا ئەر بە گوێیان نەکردی، بێژە: من بێزارم لەوەی ئێوە دەیکەن.

217) هەر خۆشت بە خاوەن دەستەڵاتی دلۆڤان بسپێرە؛

218) ئەو کەسەی کە تۆ دەیبینی، وا بە پێوە هەڵدەوەستی.

219) هاتوچووشت دەگەڵ سوژدەبەرەکاندا [لەبەر چاویە].

220) بیسەر و زاناش هەر ئەوە.

221) دەوهەوێ ئاگاداروو کەم شایەتینی دێنە لای کێ؟

222) ئەوان لە لای درۆ نەخشینی تاوانبار دادەبەزن.

223) گوێ دەگرن و زۆریان درۆزنن.

224) شاعیرانیش، کێ لە دوویان دەچێ گومڕان.

225) مەر نەت دیوە - بە شێواوی - سەر بە هەر شیوێکدا دەکەن؟

226) ئەوان شتێ دەبێژن کە خۆیان نایکەن.

227) مەگین ئەوانەی باوەڕیان بە خوا هەیە و ئاکارچاکن و زۆر یادی خوایان کردووە و پاش ئەوەی چەوسێنرانەوە، هەر تۆڵەی خۆیان کردەوە. ناهەقانیش زۆر پێ ناچێ دەوە دەگەن کە سەرەنجام کێوە دەچن.