حیکایەت خوانە تووتیی دڵ بە دەوری دامی گێسوودا

از کتاب:
دیوانی سالم
اثر:
سالم (1800-1866)
 1 دقیقه  1312 مشاهده
حیکایەتخوانە تووتیی دڵ، بە دەوری دامی گێسوودا
مەزەننە عەکسی خۆی دیبێ لەناو ئایینەیی ڕوودا
لەبت بوو دارویی جێ نێشی ماری عەقرەبت، نەتدا
هەتا دەمرم لە حەسرەت با بدەم دەستم بە زانوودا
تەمام بوو حەڵقە کەم دەستم لە قەددت، زوڵفت ئاڵۆزا
نیهان بوو مەتڵەبم وا کەوتە سەر یەک موو بەسەر موودا
دڵی تووتی لە پەروازا لەسەر گوڵ لەنگەری ڕاگرت
کە یاری شۆخ و شیرینم سەحەر وەسمەی لە ئەبروو دا
تەڵەبکارم بدا ڕوتبەم بە دامەنبۆسیی خاڵت
شەهەنشاهێ کە شاهیی کیشوەری ڕوومی بە هیندوو دا
لە سیدقم شانە و بادی سەحەرگەهـ شاهیدن هەر دوو
غوباری توڕڕەیی موشکینی تۆ نافەی بە ئاهوو دا
لە عەهدی دیدەیی یارا دڵ و سیححەت بەسێ زیددن
بە سالمتخلص کەی دەمێنێ، باز ئەگەر چنگی لە تەیهوو دا