بیرتە؟

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  850 مشاهده
بیرتە! ورد ورد بە گوێ چەمی کەف چڕێندا ئەڕۆشتین
وردەشەپۆل بەئەسپایی قاچی ڕووتی ئەشتین؟
لەبەر هاژە و خوڕەی ئاوی گوێ کپکەری قەڵبەزە
لە ڕازی دڵ، لە قسەی یەک، زۆر جار نەئەگەیشتین؟
***
بیرتە بەدوای پەپوولەدا ڕامانئەکرد دوو بە دوو
تا یەکێکمان لێ ئەگرتن، هەناسەمان سوار ئەبوو؟
وەکوو منداڵ ئاوپرژێنی لەشی یەکترمان ئەکرد
بە تەڕبوونمان پێئەکەنین، قەت تاقەتمان نەئەچوو؟
***
ئەی لەبیرتە بۆ دزینی بەرسیلەی مزر و هەنار
دزە دزەی ڕۆشتنمان بوو بۆ پەنا داری حەشار؟
من خەریکی کردنەوە بووم، کاتێ زانیم خاوەن ڕەز
بە دارەوە دوامان کەوت و، هەڵیبڕین سەرەوخوار؟
***
ئەی لەبیرتە لە ڕێبازا کە هەڵنووتیت و کەوتی
دەسم دایتێ، چاوت داگرت!، بە باوەش هەڵمگرتی؟
نشێوێ بوو، کەس دیار نەبوو، خێرا فرسەتەم هێنا
لەناو دەمت هەتا توانیم ماچێکی گەرمم کردی؟!