مەجنوون و سەراسیمە و داماوە دڵی من
لەسەر کێشی شیعرێکی «بێخود»
از کتاب:
دیوانی ویساڵی
اثر:
وصالی (1902-1973)
2 دقیقه
1012 مشاهده
مەجنوون و سەراسیمە و داماوە دڵی من
سەرەگەشتە و دێوانە و خڵافاوە دڵی من
بەینێکە لە من ون بووە خەجڵاوە دڵی من
نازانم ئەو مردووە یا ماوە دڵی من
ئاخۆ وەکوو یەعقووب لە کوێ مەشغووڵە بە گریان
یاخود لە کوێ مەحبووسە وەکوو شاهیدی کەنعان
مەعلووم بە دەمی تیغی غەم و غوسسەیی دەوران
ئەندامی وەکوو قیمەیی کوتراوە دڵی من
پرسیومە گەلێ جار لە ئەحباب و لە ئەغیار
دێوانەیی جیننی بووە یا عاشقی دڵدار
بۆچ وا بووە بێگانە لە باغات و لە گوڵزار
دەردی ئەبێ چ بێ، لە چ ئاڵاوە دڵی من
لەو ساتەوە ڕۆیشتووە تۆراوە لە یاران
نەمزانی بۆ کوێ چووە ئەو ئەبلەهی نادان
وەک وەحشی ئەبێ چووبێ لە بۆ چۆڵ و بیابان
یا ڕەببی بە چ مەتلووبێ خەریک ماوە دڵی من
چی کەم، چ بڵیم بە دڵەکەی زار و عەلیلم
باوەڕ بکە لەوساوە منیش خوار و زەلیلم
وەک حەپسی لە زیندانی غەما بێ کەس و دیلم
یا ڕەب بکەی ڕەحمێ لێی قەوماوە دڵی من
کوێی بۆ بگەڕێم بۆ دڵەکەی عاجز و زیرم
دائیم لە خەیاڵمایە، ئەبەد ناچێ لە بیرم
سەیرێ کە دەمێ شێت و گەهێ خەستە زەمیرم
ئاخۆ بە چ داوێکەوە تاساوە دڵی من
بۆ چی وەکوو مەجنوون ئەبمە غوولی بیابان
بولبول ئەبێ هەر بگری لە بۆ عەیشی گولستان
پەروای نییە ساتێ بەبێ شەمعی شەبستان
بۆ ئەهلی سەفا خۆشە بەڵێ سوحبەت و سەیران
بێ وەسلی دڵارام چ شێواوە دڵی من
لەوساوە کە ئاوارەیە لەم خاک و وڵاتە
هەر چەند ئەگەڕیم بێ ئەسەر و بێدەنگ و ماتە
وا دیارە لەلای یاری بە ئوممێدی خەڵاتە
بۆیە کە وەها بێ سەر و شوێن ماوە دڵی من
ئەو سەروەر و سەردارە کە وا ها لە مەدینە
ئەم مەحرەمی ئەسرارە کە وا ها لە مەدینە
ئەو مەتڵەعی ئەنوارە کە وا ها لە مەدینە
بردوویە بۆ لای خۆیی و نەفەوتاوە دڵی من
ئەو یارە دڵی بردووە، غەمخوار و نەجیبە
موختاری هەموو عالەمە، سالار و حەبیبە
تۆیش هەستە ویساڵیتخلص سەگی دەرگاهی نەبی بە
نایەتەوێ تەئمین بێ هەتا ماوە دڵی من