مایەی چمایە وا عاجزی لەم بەندەیی مسکین
از کتاب:
دیوانی ویساڵی
اثر:
وصالی (1902-1973)
1 دقیقه
757 مشاهده
مایەی چمایە وا عاجزی لەم بەندەیی مسکین؟
ئەی دڵ وەرە یەک بۆسە بکە لەو لەبی شیرین
قابیل بە بۆ تەعنەی ئەغیار و ڕەقیبان
مەشغووڵ بە بوستانی خەت و خاڵ و کەمەرچین
هەر چەندە کە وەعزیش وەکوو باران ببارێ
غافڵ مەبە یەک دەم لە خەیاڵی مەهـ و پەروین
مەستی مەی مەعشووقە بە ئەی یار هەمیشە
گەر تالیبی بۆ تەختی جەم و جامی جیهان بین
ئەی دڵ وەرە مەیخانە کە مەی حازرە ئێستا
ڕەنگین بکە ئەم مەجلیسە بە بادەیی ڕەنگین
مەعلوومە کە تۆ غونچەیی بوستانی جیهانی
ڕەحمێ بکە بەم بولبولی بێ چارەیی غەمگین
گوێ بگرە لە ئاوازی دڵی عاشقی فامی
تێ فیکرە چلۆن غەرقە لە بەحری غەم و ئەسرین
بۆ زومرەیی عوششاقە بەزمێ موهەییا
ئەی مەیکەدە بۆیا کە بە ڕەیحانە و نەسرین
یەک دەفعە تەفەککور کە لە ئەحواڵی ویساڵیتخلص
بێ هوشی بە بێ تۆیە لەسەر بەستەری ناڵین