لە باوەشی جوانییا

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  964 مشاهده
دەمەو ئێوارەی خۆرنشین
دوا عومری پاییزی غەمگین
هەنگاوی خەمی تەنیایی
ملی پێنام بەئەسپایی:
بەرەو جێیە کە خامۆشیی
دنیای گرتبێتە کۆشی
بەرەو جێیە کە بێدەنگی
تیایا بژی بۆ دڵتەنگی
پەستی و ئێوارەی خۆرنشین
لە دەروونی منا ئەژین.
ئەم دیمەنی خۆرنشینە
لەناو گیانما جێنشینە.
پەڵەی هەوری سوورهەڵگەڕاو
بە دوا تیشکی خاوی هەتاو
وەکوو تارای بووکی لادێ
ڕووی ناز بە ئاسۆدا ئەنێ
دەم ئەنێتە دەمی جوانی:
لەناو ڕەز و چەم و کانی
ڕیزە شاخی دووری شینکار
تەمەنێکن بۆ کردگار.
ئاسمانی سەر لووتکەی بەفرین
وەک کەژاوەی بووکی سەر زین
چاوی هیوا هەڵئەهێنێ
دیوی دنیای دڵ ئەبینێ.
تاک تاک درەختی ڕووتاوە
لق نووشتاوی بۆ ناو ئاوە.
گۆڕستانی گردی ئەو بەر
نیوەی هەتاو، نیوەی سێبەر.
دووکەڵی لادێی بن بنار
پێچ ئەخوا بۆ گەرووی نزار.
لە دوور ڕێبواری ماندووی ڕێ
بە لەشکفتیی هەنگاو ئەنێ.
باخی نزیک قەراغی شار
ئەمساڵیش وەک پار و پێرار
وشکوبرنگی تیا دیارە
چاوەڕێی ئاوی بەهارە.
کڵاوی زەردی خۆرنشین
لەسەر لووتکەی بەرز چەسپین.
پێچەوانەی تیشکی هەتاو
شکایە ناو جۆگەلەی ئاو.
تەمومژی بەری گۆیژە
پەرژینی دۆڵ و ڕێی لێژە.
گردی زۆر و بەرزی و نشێو
سواری یەک بوون تا سەری کێو.
پێدەشت لە سەرنجی چاوا
زەردە بە تیشکی ڕۆژاوا
گەڵای ئاڵتوون ڕەنگی وەریو
خزانە ناو قوڵاییی شیو.
گوومەزی سەر گردی یارە
وەک پیرۆزەی یادگارە،
کە لە پەنجەی دەستی یادا
بریقە بۆ ژیان ئەدا.
وەک ڕیزە پڵپڵەی زێڕین
تاکوتەرا یان چین بە چین
گڵۆپی تازە هەڵگیرساو
لە شارا وا دێتە پێش چاو.
پەپوولەی سەر چڵی تەنیا
بە سەرنجی چاوی وریا
ئەگەڕێ بۆ خۆشەویستێ
دڵی لەگەڵا ببەستێ
لە لانەی خۆزگەدا ساتێ
گوڵاوی ناودەمی باتێ
لەناو جوانیی سروشتا هەر
سەری ئارام بنێتە سەر
ئەو دنیایەی وەک فریشتە
میوانی کۆشکی بەهەشتە.