ئەی یاری نازەنینم وەی سەروی گوڵستانم

پێنج خشتەکی لەسەر شیعری زێوەر
از کتاب:
دیوانی ویساڵی
اثر:
وصالی (1902-1973)
 3 دقیقه  1263 مشاهده
ئەی یاری نازەنینم وەی سەروی گوڵستانم
ڕەحمێ بکە بە حاڵم، تۆی نووری چاوەکانم
شەیدایی زوڵفی خاوی تورکی برۆ کەمانم
بەسراوی ڕاوی چاوی شوخێکی نەوجەوانم
گیراوی حەلقەداوی سەییادی عاشقانم
چارۆکە سپی دووبادە، لا لەم تۆرانە لادە
بەس عومری من بە بادە، بمشێلە حاجی زادە
***
بڕوانە حاڵی زارم، ئەی یاری سەیر و گەشتم
بە باری دووری لێوت هەمتایی قەوسە کوشتم
گاهێ مەکینی مەسجید، گاهێ لە نێو کەنشتم
زەلیلی لەیلی بێ مەیل، مەجنوونی کوهـ و دەشتم
بێ یار و کاروبارم، ڕەفیقی وەحشیانم
چارۆکە سپی هەوری لار، گەردن بەرزی قەد چنار
کوڵمت بێنە ماچی کەم، بۆ دەفعی دەرد و ئازار
***
نەفرینە لەم گوڵینە و مانەندی ئاهوویی سڵ
ناڵینە کەسب و کارم وەک عەندەلیبی سەرچڵ
سووتاوە مورغی ڕۆحم بە نازی شەمعی دوو گوڵ
تکا، شکا بەجارێ، شەراب و شیشەیی دڵ
ئەسراری مەخفیاتم، کەوتۆتە سەر زوبانم
کراس کەتانی چینی، قابیل بە هەڵپەرینی
وەک شەمعی مەجلیس ئارا شیرین و نازەنینی
***
مەنواڕە هایوهۆی من، بنواڕە سفت و سۆی من
مەنواڕە وایوئۆی من، بنواڕە ڕەسم و خۆی من
بە ماچی لەعلی لێوت، بمرێنە کفت و کۆی من
مەنواڕە جستوجۆی من، بنواڕە گفتوگۆی من
شیرینە قیل و قالم، مەدداحی دڵبەرانم
ئەی شاهیدی دڵ ئارام، نەرمۆڵە و ناسک ئەندام
بێ شەوقی شەمعی ڕووی تۆ، یەک لەحزە نیمە ئارام
***
مەشغووڵی دەنگی تار و میزمار و ساز و چەنگم
مەخمووری جامی لێوی موغبەچەیی فەرەنگم
کوژراوی تیغی ئەبرۆ و موژگانی وەک خەدەنگم
من پەستی دەستی شەستی چاومەستی دیدەشەنگم
موحتاجی باجی ماچی ڕوومەت گوڵی جینانم
ئەی نەونیهالی چینی، مانەندی حووری عەینی
لە باغی ئارەزوودا وەک شاهی خۆشنشینی
***
ئەو حۆرە بیکرە تازە، سوڵتانی تەختی نازە
تاراجی عەقڵ و دینە، بێ ڕەحم و بێ نیازە
شاهێنی چاوی تیژی بۆ حەملە شوبهی بازە
هەمیشە حیلەبازە، جارجارە دڵنەوازە
گاهێ لەسەر زەمینم، گاهێ لە ئاسمانم
ئەی لوعبەتی یەمانی، غوڵامی تۆم ئەزانی
دەستم لە مل کە جارێ، تۆ یارەکەی خۆمانی
***
نەخۆش و مەستم ئەی یار، هاتووم لەبۆ زیارەت
کەچ نابێ کەعبە جارێ، بێژی بە من کەفارەت
دەرمانی دەردی دڵ کە تا کەی جەفا و مەرارەت
دڵ بۆتە بۆتە بۆ تۆ، پڕ نار و پر حەرارەت
فەوتاوە دڵ ئەوێستا خەریکی حیفزی جانم
سەرپۆش کەتانی بانە، هەر چەند کە چاوت جوانە
لوتفت ببێ کە جارێ، ئەحواڵی من بزانە