پاکەتی شیرین مەفادی حەزرەتی شاهانە هات

بۆ شێخانی تەوێڵە و بیارەیە
از کتاب:
دیوانی ناری
اثر:
ناری (1874-1943)
 2 دقیقه  1128 مشاهده
پاکەتی شیرین مەفادی حەزرەتی شاهانە هات
هەروەکوو تووتی بە کۆڵێ قەندەوە مەردانە هات
بۆ موبارەکبایی ئەم عەیش و سروور و عیشرەتە
تایەفەی ئاغا و بەگلەر، عەشرەت و بێگانە هات
جەمعی دەروێش و مەلا و سۆفی لەگەڵ ئەهلی تەریق
ساقی و مەینۆش و مەست و مورشیدی مەیخانە هات
دەف زەن و شمشاڵژەن و سەرپاکی دەنگخۆشی وڵات
شێت و سەرعی گێژ و غافڵ، عاقل و فەرزانە هات
سەر بە پرچ و دەس بە زەرگ و مل بە ڕەشمار و بەڵێ
سەف بە سەف دەم پڕ لە ئاگر، تاقمی دێوانە هات
پرچی دەروێش و چرا تێکەڵ بە یەک بوو، بوو بە شەو
نوور و زوڵمەت هاتە پێش و بۆ سەما پەروانە هات
بەرخ و مێ، هێهێی بەران و کاوڕ و شەک بێ حیساب
قەند بە خەروار و خەرار و دووبەرەی پڕ شانە هات
سەد ژن و سەد پیرەژن، دووسەد کچی نەرم و نیان
سەد مناڵی بێکەس و کەسداری دوو ساڵانە هات
سەد لە جوو، یەک سەد لە تەرسا، سەد لە ڕەهبانی مەجووس
سەد لە گەورەی بتپەرست و سادە ڕوومەستانە هات
سەد قتوو ئەنواعی عەتری، سەد لە شووشەی پڕ گوڵاو
سەد چەپک خونچە و وەنەوشە و نێرگس و ڕێحانە هات
موفتی بۆ فتوا بەنەی، قازی لە بۆ تەحلیلی مەی
سەد مودەڕڕیس بۆ ئیباحەی بەزمی ئەم مەیدانە هات
بوو بە ڕۆژی جەژن و شادی، وەک جلووسی پادشا
هاتی ناریتخلص بوو لە سایەی تۆ، کە وا ئازانە هات