کچە کوردێکم زەریف و هوشیار

از کتاب:
دیوانی مەزڵووم
اثر:
مظلوم (1916-1955)
 1 دقیقه  488 مشاهده
کچە کوردێکم زەریف و هوشیار
بۆ کزی هۆزم، دڵسۆز و غەمخوار
بۆ ژینی کوردی گیروەدەی هەژار
دنیام لێبۆتە شەوی تیرەو تار
ئارامم نییە ناگرم قەرار
تاوێ لە داخی کوردی بەجێ ماو
دەمێ لە حەسرەت لاوانی شێواو
بۆ حاڵی ژینی تاڵی وەک زووخاو
ئازاری قەبرم هاتۆتە بەرچاو
دڵ مەینەت بارە دەروون پڕ جەخار
حەیفە کە کچ و بە کچ ناسراوم
لە تان و پۆی کوڕ جیاواز کراوم
بۆ خزمەتکردن بێبەش کراوم
سەر دانێم لە ڕێی قەومی فەوتاوم
نەقدی جانیشم بکەم فیداکار
ئەوەی، کە کورو گەنج و بەکارە
بۆ خزمەتکردن دەسەڵاتدارە
بۆ شکستێنێ وا گرفتارە
خزمەتی هۆزی لەلا بێگارە
دەمی بەستراوە نایەتە گوفتار
کۆششی خەڵکی لەبەر چاوانە
ئەزانی هەوڵیان کە بێ سامانە
لەسەریان نییە دەستی بێگانە
بۆیە وڵاتیان ئەڵێی جینانە
وەنەوزی غەفڵەت نادا لە ڕووی کار
تکایە برای لاو، چاک و جوان
قۆڵی لێهەڵکەن وا بێنە مەیدان
بە دڵ تێکۆشن، ئازا بێووچان
بەڵکوو بچینە ڕیزی میللەتان
سەربەخۆ بژین نەبین دەستەوخوار