گیانە

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  1382 مشاهده
١
گیانە، مەترسە، وا شەوی
پڕ ترس و لەرز
باری نەوی
لە لووتکەی بەرز.
ئۆردووی بەسامی تاریکی
وا خەریکی
گیانەڵاوە
لە گشت لاوە.
وا خەریکە زەبروزەنگی
شەوەزەنگی
هەڕەشەی زۆر
بتوێتەوە بە تیشکی خۆر.
هەوری تۆفان و بەناڵە
کەڕ و لاڵە
لە ئاستی خۆری ڕووناکا
وا ڕا ئەکا.
گیانە، سبەی کە ڕۆژ بۆوە
لە ئاسۆوە
ژیان خاکی
بە رووناکیی
بەیانی گەش
گرتە باوەش.
ڕەوایەوە دەنگی بەسام
بە بای ئارام
بووژایەوە گوڵی ناکام.
گیانە، ئەوساکە ئەبینی
کە وا ژینی سەرفرازی
تەنیا بۆ تیشکی ئاسۆیە
بۆ منە گیانە، بۆ تۆیە
ئەوەی بە خەو ئەمانبینی
هاتۆتە دی:
کام لووتکە زۆر بەرزە، گیانە
بۆ دڵ ئەیکەین بە هێلانە
لە ناخی گیان و هەستەوە
قوربانی ئاسۆی ڕوون ئەبین
هەتا مابین بە بەستەوە
گۆرانیی «خۆر» ئەڵێین بۆ ژین.
٢
گیانە، وتیان: «ئەم بەهارە
جوێ لە پارە
پاری بێدەنگ
شوومی وشکانی و بێئاوی
پاری دڵتەنگ
ون بێ ناوی
دوابڕاوی».
هەموو وتیان: ئەم بەهارە
دەروون خۆشی لێوە دیارە
بەهاری نیاز و ئاواتە
بووکی ئاوەدانی و هاتە
فریشتەی بەخت و هیوایە
خۆشیی هەموومانی تیایە
ئەوی دوورە لەم بەهارە
عومری تارە.
بەڵام گیانە، ئەم بەهارە
دڵی منی لێ بێزارە
هەرچەند ئەکەم و ئەکۆشم
خۆشیی خەڵکی لێ نانۆشم.
دڵی من و دڵی ئەوان
دوورن وەک ئاسمان و ڕێسمان.
مادام «بێ تۆم» ئەم بەهارە
من هەر «وشکیم» لێوە دیارە.
بەهاری پار بوو کە خۆشیی
خۆشەویستی بە من نۆشی
بۆیە تەنیا بەهاری پار
ئەکەم بە دیاریی یادگار.
چونکە لای من گوڵی بەهار
لەو شوێنەیە، لێیەتی یار.