دارئەرخەوان

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  1243 مشاهده
لە یادێتی سلێمانی
بەسەرهاتی ئەرخەوانی
گردی سەیوان
جێنزرگەی باپیرانی
ئاریانی
مەردی ژیان.
لە یادێتی کە چۆن تەوری
زوڵم و جەوری
دەستی تاوان
چۆن سەربازی داگیرکەری
عوسمانییەکان
کەوتنە دەوری
گردی سەیوان
بۆ بڕینی دارئەرخەوان
ئەرخەوانی گیانی یاران.
لە بیرێتی کە پۆستاڵی
جەندرمەکان
پێشێلی کرد چەند مناڵی
گڕوگاڵی
ساوای ژیان.
لە بیرێتی کە چۆن دوژمن
وەک شێت و هار
کەوتنە شاڵاوی پەلامار
بۆ خوێنڕشتن
تاڵانکردن
لە لادێ و شار!.
لقی سووتاوی ئەرخەوان
بوو بە تانەی خەمی کوردان
لەسەر چاوان.
ڕەش بوو ئاسمان
بە دووکەڵی دارئەرخەوان
بەڵام کاتێ کە بەهاری
لادێ و شاری
کەوتنە گەشە و بووژانەوە
داری ڕووتەڵ ڕوانەوە
وەکوو جاران
سەوز بۆوە ئەرخەوانی
سەر گومەزەکەی بابانی
گردی سەیوان
ئەوساکە دوژمن پێی زانی
ڕەگی ئەو دارئەرخەوانە
بنجی قووڵی وەک ژیانە!