ڕۆژێ ورچێکی دڕندەی بێ خێر

چیرۆکی ورچ و مەیمون
از کتاب:
دیوانی شێخ محەممەدی حیلمی
اثر:
شیخ محمد حلمی (1909-1985)
 4 دقیقه  531 مشاهده
ڕۆژێ ورچێکی دڕندەی بێ خێر
ڕۆیی بۆ گەڕان سکی بکا تێر
ڕێی کەوتە شوێنێ دارستانی چڕ
کۆمەڵێ مەیمون تووشی بوون لە پڕ
بایی بو لە خۆی پەلاماری دا
یەک دو مەیمونی کوشت هەر لەوێدا
ڕەفێقەکانی هات کۆ بو نەوە
تۆڵەی برایان لە ورچ کەنەوە
پەلاماریان دا ورچیان کرد زامار
ورچیش لە ترسا هەڕای کرد ناچار
بۆ ناو کۆمەڵی خۆی ڕای کردەوە
ئەیناڵان بە دەس ئێش و دەردەوە
وتی ئەی کۆمەڵ ئێوە بێ خێرن
مەیمون خۆ هیچە بۆ پێی ناوێرن
بە سە ر هاتەکەی بۆ کردن بەیان
ئەمجا ورچەکان هەڵسان هەموویان
کۆمەڵیان خێرا حازر کرد بۆیان
لە شەبەیخوونا چوونە دارستان
چەندیان لێ کوشتن چەندیان کرد زامار
ئەوەی کە مابوون ڕایان کرد ناچار
کۆمەڵی مام ورچ دیان دارستان
پڕە لە ئاو و میوەی تەڕ و جوان
بەجێیان نەهێشت دڵیان جێگیر بوو
لانەی شەو و ڕۆژ ناو باخی چڕ بوو
ئەمجا کۆمەڵێ مەیمونی فەقیر
ئاوارە لە ماڵ دوور کەوتە و زویر
ڕۆژێ کۆ بونۆ بە دڵەی پەرێشان
وتیان تەکبیرێ بکەین بۆ خۆمان
هێلانە شێواو وەک مەلی فەقیر
یەکێکیان وتی من ئەکەم تەکبیر
لە ناویان ببەین بە زۆر یا بە شەڕ
لە نیشتماندا بیان کەینە دەر
مەیمونێکیان بوو ئازا و بە تەکبیر
پێی وتن ئێوە قەد مەبن زویر
بە شەڕ ناکرێ چارەی دوژمنان
هێز و قووەتیش پەنایە بۆمان
خۆم لە ناو ئەبەم بۆتان نامێنم
تا وەکو تۆڵەی ئێوە ئەسێنم
کاتێ کە مردم مەبن دڵ گران
جار جارێ یادم بکەن هەمووتان
وتی بە کۆمەڵ بەر بنە گیانم
بشکێنن تێکڕا ئەندامە کانم
هەڵگرن لاشەم ئێوە هەندێکتان
بم بەن جێم بێڵن لە لای دارستان
هەڵیان گرت بردیان دایان نا لەوێ
خێرا گەڕانۆ لە نیوەی شەوێ
ئەمجا مەیمونی تەنیا و بریندار
بە ڕا و بیری گەل بکا ڕزگار
ناڵە ناڵی کرد مەیمون بە ئازار
بە ئاگا هاتن ورچانی زۆردار
وتیان بۆ کەوتوی مەیمون ئا لێرە
شەڕت هێناوە و هاتنت خێرە
وتی ورچینە دڵسۆزم بۆتان
نابینن گیانم شکا لە ڕێتان
پێو وتن ئایا ڕۆژێ لە ڕۆژان
دڵی ورچەکان چۆن ئێشا لێمان
با هەمو بڕۆین ببینە خزمەتکار
هەر کارێکیان بوو نەکێشن ئازار
ببن بە ڕەعیەت تا وەکو مردن
لە لای دۆست خۆش بێ و شەق بەری دوژمن
کۆمەڵی مەیمون زانیان حاڵم
لاشەیان ەاڕیم شکاندیان باڵم
ئەی مام ورچینە دەخیل سەد دەخیل
گوێ گرن لە من با نەبن زەلیل
قەراریان وایە شەوێ لە شەوان
هەڵمەتێ بەرن بۆ ناو دارستان
لە شەبەیخۆنا لە ناوتان بەرن
جەرگ و هەناوتان هەموو هەڵدڕن
ئەمجا پاشای ورچ وتی بە مەیمون
چارەمان بکە با نەبین زەبوون
دای بنێ ڕێیەک نەبین سەرگەردان
بمێنینەوە لە ناو دارستان
وتیان بە مەیمون ئەزانی جێیان
بۆچ پێمان ناڵێی شوێن و ڕێگایان
شەوێ هەڵمەتێ بەرین کوڕانە
لە ناویان بەرین لە ڕووی زەمانە
وتی ئەی پاشا قەزات لە گیانم
چۆنت پێ ناڵێم ڕۆحی ڕەوانم
منیش وەک ئێوە دڵ بریندارم
دەریان کردووم و کوژراوی دارم
شەوێ هەڵ ئەسین هەموو لە جێگە
خزمەتگوزارم پێت ئەڵێم ڕێگە
بەڵام ئەی پاشا شکاوە باڵم
ناتوانم بڕۆم قەزاو لە ماڵم
پاشای ورچ وتی ئەتگرینە کۆڵ
ببە بە دەلیل لە سەحرا و لە چۆڵ
ئێستا کە مەیمون دڵی زۆر خۆشە
فەوتانی ورچی لا فەرامۆشە
ئەبێتە پێشەنگ دەلیلی ڕێیان
ئەمجا بزانە چی ئەکات پێیان
بیری ئەو وایە لە دەشت و سەحرا
سەرنگوومیان کا بیانکا فەنا
قەراریان وا بوو هەموو سبەی شەو
حازر بن هەموو حەرامی کەن خەو
شوێنی مەیمون سەر پشتی ورچ بوو
ئیرشادی کردن کۆ بوونۆ هەموو
بردینە ڕێیە لە هەردە و سەحرا
دوور لە ئەو شوێنەی خۆیان تیا ئەژیا
دوور کەوتنەوە بە شەو تا بەیان
لە سەحرای چۆڵا بێ ئاو و بێ نان
کاتێ کە دەرکەوت سەحرای چۆڵ وهۆڵ
هیچی تیا نییە غەیری لم و خۆڵ
شوێنیان زۆر دوورە خۆ لە دارستان
ئەمجا کە گەرما چی ئەکا پێیان
گرەی سەممومە لم وەک ژیلەمۆ
ئەسوتێ گیانیان وەک ئاگری پڕ سۆ
بێ ئاو، سک برسی، هەم گەرمای سەحرا
هیچ کەسیان نەمان فەوتان هەر لەویا
ئەمجا کۆمەڵی مەیمون زانییان
کردیان بە شایی نەما دوژمنیان
فکری مەیمونە، چەند تیژ وو بەکار
لە ناوی بردن دوژمنی سەگسار
مەیمونی داناش لە گەڵ ئەواندا
گیانی فیدایی دا بە هەوادا
ئەم حیکایەتەم بە ناوی حەیوان
پڕە لە پەند و کردەوەی زۆر جوان
هەر کەس کردەوەی وەها بنوێنێ
ناوی لە دڵی گەل دا ئەمێنێ