دوایین قۆناخی نەسری کوردی

از کتاب:
تاپۆ و بوومەلێڵ
اثر:
سواره ایلخانیزاده (1937-1976)
 6 دقیقه  1103 مشاهده

سەلام لە گوێگری بەهەست و هونەر پەرستی بەرنامەی تاپۆ.

لە بەرنامەی پێشوودا باسی نەسری کوردیمان کرد و قۆناخی هەوەڵ دووهەمی نەسری کوردیمان هەڵدا و بەڵێنماندا کە ئەمجار باسی نەسری وێژەیی بکەین کە دوایین قۆناخی پەخشانی کوردییە.

لە سەرەتای مەرحەلەی سێهەما، نەسری کوردی ئەکەوێتە سەر بارێکی تر و خۆی لە دەس هەراهەرای بێ سوود و بێ کاکڵ رزگار ئەکات. ئەو نووسەرانە کە خەشی دڵیان رشتووە و جانتایان هیچی تێدا نەماوە، ماڵاوایی لەگەڵ پێنووس ئەکەن و ڕوو ئەکەنە هەرێمێکی تر. نووسەریەتی ئەبێتە بەهرەیەک کەهی هەموو کەس نییە. هەروەک شاعیری، نووسەریەتی وێژەیی لە نووسەریەتی تەحقیقی جیا ئەبێتەوە، واتە لێکۆڵینەوەی زانستی ئەدرێتە زانایان و وێژەی ڕووت ئەگەڕێتەوە بۆ لای هونەرمەندان و عاتفەداران، دیسانەوە هەر چەن شیعر- لێرەدا نەسر و شیعر- واتە پەخشان و وتاری ئاهەنگدار و هەڵبەست لەیەک نزیک ئەبنەوە، هەردووک راسپێریداری شیکردنەوەی بەر و پشتی ژیانی کۆمەڵایەتین؛ هەر کام بەڕوالەتی تایبەتییانەوە، بەڵام هێشتا پەخشان ڕێگای رێئالیسمی بەتەواوی نەدۆزیوەتەوە.

ئەمە سەرەتای قۆناخی سێهەمە و لە ئەنجامی ئەم قۆناخەدا دیسانەوە گۆڕانێکی بەرەو باشی دێتە پێش.

نووسەرانی کوردی ئێرانی هەوڵ ئەدەن رێبازێک کە نووسەری کوردی عێڕاقی پیاسەی بەسەرا کردووە، بێ گرێ وگۆڵتر کەن و ناوەرۆکێک کە لە عێراقا پێکهاتووە پتەوتر و بەهێزتر کەن و نەک هەر لە باری ناوەرۆکەوە، بەڵکو لە ڕوانگەی دیوی دەرەوە واتە لەباری قالب و «فۆڕم»یشەوە بیڕازێننەوە؛ هەروەک شیعری نوێ لە عێراقا بە مامۆستا گۆران دەس پێ ئەکا و لە ئێران بەرز ئەکرێتەوە و شوێن ئەگێڕێ، هەروەهاش پەخشانی کوردی لە ئێران گاهێ شان لەشانی شوێنەوارە بەرزە رێئالیستەکانی جیهان ئەدا، هەڵبەت لە بیرمان نەچێ کە وزە و ئیمکان و بۆ لوان بۆ نووسەر زۆر شەرتە. بەداخەوە گاهێ لە ئێرانیش پەخشان کەمی ئەکەوێتە ناو تەم ومژی سوررئالیسم و سەمبولیسمەوە و لە هەرێمی فام و تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی دوور ئەکەوێتەوە. هەرچی بێ ئەمە ڕەخنەیەکە لەسەر نووسین، لەگەڵ ئەوەشا ئەزانین سەمبولیسم پێتەویستێکی کۆمەڵایەتییە و ئەمڕۆ لانی کەم ناکرێ نەبێ؛ ئەم خۆشاردنەوەی «بووکی مانا»یە لەناو تارای وشە و لە توێی «حەریری تەعبیر»دا بۆ شیعریش هەر هەیە. ڕەنگە هەندێ بپرسن کە ئاخۆ ئەگەر پەخشانێک زۆر ساکار و بێ گرێ وگۆڵ نووسرابێ، یا پارچە شیعرێک کە ئیماژ و ئیستعارەی تێدا نەبێ جیاوازی چییە لەگەڵ وتاری ئاسایی و ڕۆژانە؟

من لام وایە کە ڕاستەقینەی دەرەوە هەر وەک هەن پاش ئەوە لە دەروون و هەستی هونەرمەندا جێگر بوون دەرناخرێتەوە. عاتفە ڕەنگی تایبەتی خۆی لە ڕاستەقینە و ڕووداوی ناو کۆمەڵ ئەدا. پێوەندێکی زەریف و نادیاری لە نێوان ڕووداوەکانا دروست ئەکا. دوێنێ و ئەمڕۆ و بەیانی بە یەکەوە ئەلکێنێ و ئاکامیان بە چەشنی هونەرەکەی جا چ نووسینی نەسری، چ شیعری و چ بەشەکانی تری هونەری پێ دەرئەخا و ئەزانین کە بۆ ئەم دەرخستنە ورد و عاستەمە زمان و وشە و لێکدانەوەیەکی وردیش پێویستە کە ناچارە بەرزتر بێ لە ریزی ئاسایی، بەڵام داپۆشراوی و تەعقید و ئیماژە و ئیستعارەی دوور لە دەسکەوتی دەسکورتی خەڵکی گەڕەک و کۆڵان نابێ ئەوەندە زۆر بێ کە بەتەواوی هونەرەکە بکاتە شتێکی مینیاتۆری و رواڵەت جوان، بەڵام بێ کەڵک و سوودی کۆمەڵایەتی.

ئێستە تکایە گوێ بگرن بۆ پارچە پەخشانێک کە لە سەرەتای نۆوێلێک وەرگیراوە و شوێنەواری نووسەرێکی نەناسراوی ئێرانییە.

هەتاوی ڕۆژپەڕی پاییز بزەی ئەڵێی نا بەدڵی ماڵاواییە. خوایە ئەمڕۆ چەن زوو تێپەڕی؛ دیسانەوە یاوی گەرمی ئەم مناڵە بێگوناهە. عەزیز لە بەربەرۆچکی مزگەوت هەستا، خۆی تەکاند و کەمێ چاوی گێڕا کە خوا حافیزی بکا و بەرەو ماڵ بێتەوە. کەسی نەدی، پێکەنینێک وەک بزەی نا بەدڵی هەتاوی رۆژپەڕی پاییز کەوتە سەر لێوی... «وا دیارە من لە مێژە سەرم بەرداوەتەوە و خەریکی بیرکردنەوەم، هەموو ڕۆیشتوون و من بە تەنیا ماومەتەوە». هاتەوە بیری کە هەمیشە تەنیا بووە، کەس نییە هەواڵی تێشکاو بێ. راستی هەژار بۆ مردن باشە؟! سەری هەڵێنا لەسەر ئاسۆ چاوی بەداری وشکی چاک کەوت، بایەکی نەرم پەڕۆی شینی دارەکەی ئەشەکاندەوە. ئەو پەڕۆیە خۆی دوێنێ لە دارەکەی هاڵاندبوو، ئەیزانی هیچ ناکا، بەڵام باش بوو بۆڵەی لە خێزانی ئەبڕی.

―«تۆ هیچ ناکەی، نابزوویەوە. هیوا لەشی وەک پۆلوو ئەگڕێ، تۆش هەر دەستەو ئەژنۆ دانیشتووی. ئاخر نووشتەیەک، شەخس و پیرێک».

―«کچێ ئافرەت نەخۆش چی داوە بەسەر نووشتە و دۆعاوە؟! هیوا سەرمای بووە، گیانی رووتە ئەبێ بیبەینە لای دوکتۆر».

کاتێ بیرەکەی بەم جێگایە گەیشت پێکەنین گرتی:«کام دوکتۆر؟ بە کام دراو؟!» هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا، وەک بیەوێ لە دەس ئەم بیرە ئاڵۆزانە راکا، هەنگاوی هەڵبڕی بەرەو ماڵ.

―«هیوا چۆنە، ئافرەت؟»

زۆر بۆ وەڵامەکەی ماتڵ نەبوو. لە بەیانییەوە چو بووە دەرەوە کە پارەیەک پەیدا کا، بەڵام هیچی بۆ نەکرابوو. چووە سەر سەری هیوا. لێفەیەکی شڕی بەسەرا درابوو، هەڵی داوە. ئارەق زەنگۆڵ زەنگۆڵ لەسەر گۆنای گەرمی هەڵنیشتبوو، هەناسەی باشتر ئەهات و ئەچوو.

خێزانی پرسی:

―«کارێکت بۆ کرا؟»

عەزیز سەری بەرداوە و بەئەسپایی کوتی:

―«نە، ئەمڕۆ گزیری ئاغا هاتە دەرکی مزگەوت و دەنگی دام بۆ بێگار، بەیانی جۆماڵە».

خێزانی بە ناڵینەوە کوتی:

―«خوا هەڵی نەگرێ»

عەزیز وەک کەسێک لەبەر خۆیەوە قسە بکا کوتی:

«ئەمە راسپێری سەرشانی خۆمانە!»

تا حەوتەی داهاتوو بە خواتان ئەسپێرین، شەوتان باش.