یەکەم و دووهەم قۆناخی نەسری کوردی

از کتاب:
تاپۆ و بوومەلێڵ
اثر:
سواره ایلخانیزاده (1937-1976)
 4 دقیقه  1071 مشاهده

سەلامێکی گەرم وگوڕ و پڕ بەدڵ پێشکەش بە گوێکرانی هۆگری هونەر و بیستیاری هەستیاری بەرنامەی تاپۆ.

بڕێ لە گوێکرە بەڕێزەکان پرسیاریان کردووە کە بۆ چ لە بەشی وێژەیی ئێران و کوردەواری و بەگشتی لە وێژەی ڕۆژهەڵاتا هەر باسی شیعر هەیە و لە بەرنامەکەتاندا ناوێک لە نەسر نابەن. ئەو گوێگرە بەڕێزانە پێیان خۆش بووە بزانن کە نەسر لە کوردەوارییا چ بارێکی هەبووە و هەیە.

بەڵێ ئەمە راستە کە لە شەرقا زیاتر باوی شیعر و وتەی رێک و ئاهەنگداربووە تا نەسر و ئەم باسە چەن هۆی هەیە کە ئێمە لامان وایە لەبەرنامە پێشووەکاندا باسمان کردبێ، بەڵام وەڵامی پرسیارەکە:

پەخشان یا نەسر لە ئەدەبی کوردییا لکێکی ساوایە، لەبەر ئەمە سەردەمانی پێشوو باری تایبەتی ژیانی کورد نیازێکی زۆری پێی نەبووە.

ئەزانین کە ژیانی کورد بەدوو قۆناخی ئابوورییا تێپەڕیوە: یەکیان ئابووری خێڵاتی و عێڵاتی کە بە ئاژەڵداری و بەخێوکردنی ماڵاتەوە بەستراوە، دووهەمیان ئابووری فێئۆداڵی یا دەرەبەگی نیشتەجێ کە لە سەر زەوی وزار دامەزراوە هیچ کام لەو دوو ژیانە ئابوورییانە نیازیان بە نەسر نەبووە، چونکە نە واقعە نووسین نە شیکردنەوەی بەوردی ژیان بەچەشنی نەسر پێویست نەبووە و لەگەڵ گیانی ئابوورییەکە نەهاتۆتەوە، تا کاتێ کە شارنشینی و لانی کەم ئابووری سەودا گەری و بازرگانی لە شار پەرە ئەگرێ. بەپێی ئەو پەرەگرتنە گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردیش پەیدا ئەبن و نیاز بەنووسینی نەسر لە ئەدەبی کوردییا خۆی ئەنوێنێ.

ئەم نیازە و هەروەهاش پەیدابوونی نەسر بەناوی لکێکی تایبەت لە وێژەی کوردییا لە بەرامبەر مێژینەی شیعرەوە ساوا و کەم تەمەنە، لەم تەمەنە کورتەی پەخشانی کوردیشا دوو بەشی جیاواز بەر چاو ئەکەوێ: بەشی هەوەڵ زیاتر تەرخانی راگەیاندنی مەبەستی رامیارییەو هێشتا تاشراو و رێکوپێک و لێک و لووس نەکراوە. نەسرێکی پڕ لە زەنازەنا و رمبەرمبە کە زیاتر لە نوتق و خەتابەیەکی ساکار ئەچێ کە جگە لە ڕواڵەتی دەرەوە مانایەکی جوانی لە ناوەڕۆکیا نەشاردۆتەوە؛ بە جۆرێکی تر بڵێم هێشتا نەسر راسپێری تایبەتی وێژەیی دەس نەکەوتووە و لەگەڵ خەتابە و وتاری هاندەرانەی دروشمداری رامیاری جیاوازی نییە، نووسەری لەو کاتەدا شارەزایی و پسپۆری گەرەک نییە، هەرکەس خاوەنی- هەرچەند کەم و کەم قووڵایی و بێ تێبینی- دەس ئەداتە پێنووس و رووپەرەی ڕۆژنایەک رەش ئەکاتەوە. گاهێ نووسەر ماوە بەخۆی کە مەبەستی تەواو شەخسی وەک سکاڵا لە دەس خزمێکی خۆی یا گلە لە کابرایەکی ئاپۆرەی نەناسراو لە ڕۆژنامەدا بنووسێ. نەسری ئەو کاتە پڕە لە مەبەستی ئەفسانەیی و مێتافیزیکی کە مەزهەب و ڕەوشتی کۆنی ئەفسانەیی ئەخاتە ڕوو، وەک خەو دیتن و ئاوات خواستن، ئەڵێی هەموو کەس لە دەروونیا دەریایەکە کە سەر ڕێژ ئەکاو پەلەیەتی لە نووکی پلووسکی پێنووسەوە بیڕێژێتە سەر کاغەز.

دوایی ئەم بەشە کەمێک باشترە، ئەگەرچی هێشتا نەسر نووسین هەروەک مناڵێک کە خەریکی پێ گرتنە، هەڵدەستێ و دەکەوێتەوە، بەڵام فێربوونی زمانی بێگانەو کرانەوەی ڕوانگەی هەراوی وێژەی بێگانە بەتایبەت ڕۆژاوا ماوە ئەدا کە وەرگێڕانەی شوێنەوارە لاوییەکان باو بێ، وەرگێڕراوەکان ناوەرۆکێکی پتەو و بەکەڵکیان هەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی دەسەڵاتی وەرگێڕەکان، وشە هێشتا ناقۆڵاو نەسازاوە؛ باشە ئەمە بڵێم کە لەو کاتەدا مەیدانی نووسراو هەر سەر لاپەڕەی گۆڤارەکانەو داستانێ لە زمانی بێگانەوە ئەبێ تەرجەمە بکرێ کە لە لاپەڕەی تەنگ و تەسکی گۆڤارا بگونجێ، بەم چەشنە زیاتری تەرجەمەکان داستانی کورت و نۆوێلن. نەسری تەحقیقی لە بارەی هۆز و رەگەزی کوردەوە هەروەهاش وەرگێڕانی شوێنەواری کوردناس و ئۆریانتالیستەکانیش بەرهەمی ئەو کاتە. کارم بەسەر ئەمەوە نییە کە زۆر جار بڕوای سەیر و شیاوی پێکەنین لەم نووسراوانە دەرئەکەوێ، یەکێک ساسانی بەکورد ئەداتە قەڵەم و کەسێکی تر کە یانی بەکورد ئەزانێ و سێهەمی پارتەکان ئەباتەوە سەر رەگەزی مادی؛ بێ ئەوە شارەزای دێرینەناسی و عیلمی تاریخ بن، ئەبینین کە تەنانەت لە مەبەستی تەحقیقیشا هەستی بە لەز و خورۆشانی گەلی کار ئەکا.

لەبەرنامەیەکی ترا لەسەر ئەم مەبەستە ئەڕۆین و ئەگەینە قۆناخی سێهەم کە لەراستییا قۆناخی دوایی و ئەمڕۆیی نەسری کوردییە. تا حەوتەی داهاتوو خواتان لەگەڵ.