ژیان چییە؟
ژیان چییە؟ ئەو دەنگەیە کە لە دوورەوە دێ و نەرم نەرم پەردەی گوێت ئەلاوێنێتەوە و تاری دڵت ئەلەرێنێتەوە؟! یا ئەو بۆنە خۆشەیە کە لە پرێسکەی نەسیمەوە ئەپێچرێ و لەبەر هەناسەت ئەکرێتەوە، بێ ئەوە بزانی ڕۆژێک هەڵدەستی و ئەڕوانی خۆرەتاو هەروەک ڕۆژان لە خۆرهەڵاتەوە سەری هەڵداوە، وێنەی تازە بووکێکی شەرمن و ڕووسوور بەکراسی خارای زەردەوە لەنجەولار ئەکا. مەلی هەڵەشە و تیژباڵ بەبەر پەنجەرەی هۆدەکەتا هەڵئەفڕن و چەشنی دوێردێکی تیژ ئەتڵەسی شینی هەوا ئەبڕن. ژیان تۆمار بەتۆمار بۆنی خۆشی هیوا و لاوی بەسەرتا ئەپژێنێ و تۆ بەهەموو بڕوایەکتەوە کە خستووتەتە ناو چوارچێوەی ئاڵتوونی زەردەخەندەیەکەوە، بەخۆت ئەڵێی «ژیان چەند جوانە! سروشت چەندە دڵاوا و بە دەهەندە!؟» تۆ وای لە پەنا پێرس و چیای شیرن و جەبەل حەمرین و قەندیلی ئاکۆ و هەڵگورد!
ژیان هەموو واتەی بەرین و یەزدانی خۆی ئەگرێتەوە. هەست ئەکەی هەزاران ساڵە ئەژی. لەو کاتەوە کە تیری تۆ نێزە بوو لە چاوی هەڤاڵانی گزنفۆن (Xenophon)، لەو کاتەوە کە تۆ کەوڵی ئاسنگەرییەکەت کردە ئاڵای کەیانی و بەنیشانەی هێرشی گەرمت لەسەر هەموو چیایەکی بەرزی وڵاتەکەت بڵێسەی ئاگری پاک بەرز بۆوە و کۆشکی بێدادی «زوحاک»ی مێشک خۆری کرد بەخۆڵەمێش؛ لەو کاتەوە کە «فەرهاد» کەوتە ناو گێژاوی خەیاڵاوی ئەوینی شیرینی «شیرین»ەوە.
تۆ جارێک «مەم»ی «ئالان»ی، جارێک «سیامەند»ی، کاتێ شادمانی، کاتێ دڵمەندی؛ بەڵام هەمیشە هەر بووی و ئێستە نە تۆ بێ ئەم خاکە تەواوی، نە ئەو خاکە بێ تۆ ئەتوانێ بژی بەپاراوی.
ڕۆژێک هەڵدەستی، تەمێک تەواوی مێشکت پڕ ئەکا. لە ئاسمانا بەشوێن خۆرا ئەگەڕێی، لە هەوادا چاوت پەل ئەکوتێ بۆ مەلێکی تیژباڵ، بەهەموو هێزێکی هەستەوە خۆت مڵاس ئەکەی تا چپەیەک، جریوەیەک، کورکەی پێکەنینێک، یا تەنانەت نووکەی گریانێک پێت بڵێ: تۆ ماوی! تۆ هەی!
بەڵام داخێک و هەزار ئەفسووس، ژیان ئیتر دڵی لێ نادا، چاوی ناڕوانێ، لێوی زەردەی تێ نازێ!
تۆ هەمیشە لە بەستێنی دەریایەکی پڕ شەپۆڵدا ژیاوی، شەو بەلایە لایەی قورینگی دەریایی و لاوکی شەپۆل سەرت ناوەتە سەر سەرین، ئێستە ناچاری لە کەناری گۆلێکی لێڵ و لیخن دانیشی و چاو ببڕیە چاوی گۆلی مردوو کە بێ هیچ جووڵانەوەیەک تەسلیمی چارەنووسی تاڵ بووە و دوورە لە باوەشی دایکی دەریا، تەریک لە خانەدانی ئاو، دوا هەناسەی داوە و گۆڕی تەنگی خاک گرتوویەتە بەر گۆڕەوشار.
لەپڕ هەست ئەکەی هەور ئەگرمێنێ، برووسکە ئەدا و قەمچی ئاگرینی تەوێڵی پاکی وڵاتەکەت هەڵئەدڕێ، خەلە و خرمانت کە هیوای سەوزی هەزاران کشتیاری ڕەنجبەرە، ئەکا بەپووشی سووتاو. هەر ماڵە قرمەی دێ، هەر مناڵە بەدەم زامی تەڵەزمی بۆمباوە ئەناڵێنێ و تۆ کە هەزاران ساڵ ژیاوی، هەست ئەکەی لەشت شەقار شەقار ئەبێ و زووخاو لەبەر برینت ئەڕوا. تۆڵە وەک کارگی ژاراوی بەگرمەی هەوری فڕۆکەی دوژمن لە ناو دەمار و هەناوتا سەر هەڵئەدا و دەمت بەپانایی «گەڵی عەلی بەگ» ئەکرێتەوە و هەرات بەرزتر لە دەنگی هەورەگرمە و نرکەی فڕۆکە بەڕەگی ئەندامی نیشتمانەکەتا ئەگەڕێ. تۆڵە، تۆڵە... ئەزمەڕ و پێرس و قەندیل وەڵامت ئەدەنەوە: تۆڵە، تۆڵە... ئەو چەپکە گوڵە سوورەی کە لە داوێنی چیا چنیوتە، تا بیدەیە دەست دڵدارەکەت، ئەیخەیە سەر گۆڕی شەهیدێک کە ماوەیەک بەر لە بۆمباران زیندوو بوو و بەپەلە ئەچۆوە بۆ لای ماڵ و مناڵی چاوەڕوانی و لەبەر خۆتەوە ئەڵێی: «تفەنگەکەم!» ئەمەیە ڕەمزی مانەوەت؛ تۆ کلیلی تەلیسمەکەت دۆزیوەتەوە!
پاش ماوەیەک لە پشت ئاواییی خاپوورتەوە بەرەو باوەشی پەنادەری چیا هەڵئەبی و لەگەڵ پۆلێک ئەکەوی کە هەموو یەک زمان و یەک زانیاری و یەک ئاو و خاک و یەک خوێن و یەک ڕابردوون.
پێشان سڵاوێک و زەردە گرتنێک، پاشان سروودێکی تێکڕایی:
خوێنی گەرم و گەشی ئازادی بەجۆگەی دەم وشکی دەمارتا ئەگەڕێ و چەشنی بنجە گیایەکی دوورە ئاو ئەگەشێیەوە، دیسانەوە هەستی هەر بوون و هەر مان لەشت پڕ ئەکا. تۆ یەکێکی و لەجیاتی گەلێک پەژارەدار بووی و ئێستەش تۆ هەر ئەو یەکەی و لەباتی گەلێک ئەتەوێ تا سەر لووتکەی دوورە دەستی ئازادی ڕێگا ببڕی، بەم چەشنەیە کە تۆ بەدرێژاییی مێژوو ژیاوی و لەبەر تۆفان و با و بۆران و بەفر و سەخڵەت و سەرما وەستاوی. پیرەدارێک لە بەرامبەرتەوە کە هەزاران شەوی بەتۆف و ساردی ڕۆژ کردۆتەوە. چیایەکە ڕووبەڕووتە کە هەزاران سێڵاو بەسەر سینگی سەخت و بەردینیا هاتۆتە خوارەوە، بەڵام هێشتا هەر ماون، چونکە سەریان بۆ مردن شۆڕ نەکردووە. لەبەر خۆتەوە ئەڵێی: «من ڕۆڵەی چیا، چۆن لە چیا کەمتر بم؟! چۆن لەبەر تۆفانی گوللە و بۆمبا و لەبەر هەورەگرمەی فڕۆکە ببەزم؟!»
تۆ ئەزانی تەنیا یەک جار بەزین، تەنیا یەک جار ترسان، کۆتێک ئەخاتە گەردنت کە هەرگیز لە دەستی ڕزگار نابی. بیر ئەکەیەوە سێ ڕێگا هەیە:
یەکەم سەرکەوتن و پڕ بەهەموو دەشت و دۆڵی چیا سەربەرزەکانت نەڕاندن: «ئەی خۆبەختکارانی پێشوو، من سەرکەوتووم، من ڕۆڵەی حەڵاڵی ئێوە بووم. داری خێر و خۆشی و ئازادی بەری هێنا، دادگەریی سەرکەوت.»
دووهەم، کۆڵنەدان و مردن، کە خۆی چەشنێکی ترە لە سەرکەوتن. سێهەم، بەزین و سەرشۆڕی.
بیری تەسلیم هەناوت پڕ ئەکا لە بێزاری، چاوی گەشی کوڕەکەت کە بەجانتای پڕ کتێب لە قوتابخانە ئەگەڕایەوە و بەگوللەی دوژمن بۆ هەمیشە لە ڕوانین کەوت، نیگای میهرەبان و ئەویندارانەی خێزانت کە لەژێر خانووی ڕووخاودا بۆ هەمیشە خامۆش بوو، ئەمانە و زۆر بیرەوەری تریش تەنووری دەمار و بێزاریت تاو ئەدەن و بێ ئەوە بزانی کەست بەدەوروپشتەوە هەیە، یان نا ئەگوڕڕێنی: «نە، هەرگیز، هەرگیز...» و ئاسنی ساردی تفەنگەت دەستی گەرمت ئەلاوێنێتەوە.