کەویار
بوومەلێڵی بەیانی بوو؛ تەزوویەکی سارد بە لەشی کێو و چیادا ئەگەڕا و گاهێ گیای شلک و گوڵی کێوی چاو بە خەوی ڕائەچڵەکاند.
«مەحموود» ماوەی سەعاتێک بوو چاوی نەترووکاندبوو و هەروەها ڕوانیبووی بۆ باوکی کە بە هەڵپە سەرنجی کەلەکەی پێشانی ئەدا.
مەحموود خۆیشی نەیئەزانی چۆن وا کوتوپڕ ئەو بیرەی کەوتبووە مێشکیەوە کە باوکی لە دڕندەیەک ئەچێ کە زگی برسی مەڵاسی زەوی کردبێ و چنگۆڵەی دادابێ، تا کەی نێچیر ئەگاتە بەر هەڵمەتی!
ڕەنگە نەبزووتنەوەی باوکی، بە گەرمە ڕوانینی، ببوو بەهۆی ئەمە کە مەحموود وەها بێتە بەرچاوی؛ ئاخر سێ چوار سەعات بێ چاو لەسەریەک دانان، بێ وچان، بێ ڕوانین بۆ ئەملا و ئەولا، تەنیا چاوبڕینی شوێنێک وەها کە پیاو لای وابێ ئەم جووتە چاوە یا هەر ناگەڕێن یا بە هەودایەکی نادیاری بە شوێنێکەوە بەستراون؛ ناچارییە کە هەزار بیر ئەخاتە مێشکی ئادەمیزادەوە.
مەحموود بیری کردەوە کە ئەم ڕوانینە بە هەڵپەی هەرگیز بە باوکیەوە نەدیوە. نە کاتێ کە دایکی نەخۆش بوو چاوی نابووە سەریەک و باوکی چاوەڕوان بوو ئەو چاو هەڵبڕێ و دەریخا کە هێشتا گیانی تێدا ماوە، نە ئەو جارە کە کۆرپەی برا گەورەکەی، کە ئەبوو بە نەوەی باوکی، خرا باوەشی. کۆرپەیەکی ئێسک سووکی خوێن شیرین کە بۆنی شیر و گۆشتی زیندوو، لیباسی تازەی بە ئەسپۆن شۆراوی لێ ئەهات و چاوی شینی پڕشنگێکی خستبووە سەر بەروانکەکەی. بە کورتی مەحموود هەرگیز ئەم هەموو تاسە و هەڵپەی لە ڕوانینی باوکیا بەدی نەکردبوو.
مەحموود پڕبەدڵ پێی خۆش بوو پاکانەی باوکی بکا:
«... دەی جا چی بوو، باوکم خێزانێکی زۆری بە ڕیشەوە بووە، مناڵی ورد و درشت و سەروپێچکەی هەیە، دایکم کەوتوو و ڕەوتوو و ناسازە، ئەویش بۆ تێرکردنی ئەم هەموو زارە ئاواڵە و زگە برسییە، ئەبێ هەوڵ بدا، هەوڵ بدا و بە هەموو لایەکا پەل بکوتێ، قەیدی چییە؟ کار، کارە؛ چ کشتوکاڵ، چ سەودا و سەرەنوێ، چ سەپانی و دروێنەوانی و چ ڕاوکەری. باوکم بەم ڕاوکردنە هەم بژێوی خۆمان پەیدا ئەکا و هەم بە فرۆشتنی نێچیرەکان بە کەلەبەرەکانی تری ژیانمان ڕائەگا.»
مەحموود لە دڵی خۆیا ئەیویست ئەو مەبەستانە قبووڵ کا، بەڵام ئەم ڕوانینە بە هەڵپە بۆ کوشتنی کەوی بەستەزمان، «ڕیسەکەی لێ ئەکردەوە بە خوری». هەموو شتێکی لێ هەڵئەوەشاندەوە!
دیسانەوە ڕوانییەوە بۆ باوکی، ڕیشی ماش و برینجی بەدەم شنەی ساردی بەربەیانەوە ئاڵۆز ئەبوو، دەموچاوی گنجاوی و لە بەرتاو سووتاوی باوکی کەوتبووە سەر بەردێکی قەوزە گرتوو و بە هیچ بارێک لەگەڵ بەردەکە جیاوازی نەبوو. باهۆی هەڵکراو و ڕووتی لەگەڵ داری تفەنگەکەی ئەتکوت دوو بەوشی یەک باسکن. ئەمانە هەموو چاریان ئەکرا، بەڵام ئەم ڕوانینە کە بۆنی خوێن و ڕەنگی دڵڕەقی پێوە بوو، شتێک نەبوو کە مەحموود لێی خۆش بێ.
مەحموود لەبەر خۆیەوە کوتی: بابە و، گوێی گرت بۆ وەرامی باوکی. دیسان بای ساردی بەیان بوو کە تۆزی خەوی لە چاوی وڵاتی خەواڵوو ئەسڕی، بەڵام باوکی مەحموود هیچ دەنگی لێوە نەهات. سینگی کە گیا نەرمەکانی شێلابوو ئەهاژا؛ هاژانی مارێک لەبەر گەرمای هاوین. هاژانی سینگی دڕندەیەکی برسی کە بەشوێن نێچیرا ڕایکردبێ.
مەحموود بەرزتر هەرای کرد: «بابە!»
دیسانەوە باوکی ڕووی وەرگێڕا و وەرامی نەداوە. دەنگی مەحموود بە هەرای بابە بەرزتر بۆوە و کێوی ئەوبەر وەرامی داوە: بابە... بابە...!
تەقەی تفەنگ هەستا و باوکی مەحموود نەڕاندی: «یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج، شەش،...»
مەحموود هاواری کرد: «بەسە! بەسە!»
چەن کەو کە هەر کام ساچمەیەکیان بەر کەوتبوو هەڵئەبەزین. کەوێکیش باڵی شکاوی بەسەر زەویا خشکەی ئەکرد و خۆی ئەکێشا بۆ ژێر بنجە تووتڕکێک. باوکی مەحموود وەک تاوێرێ کە خلاری کەیەوە بە چەن باز و چەن سەرەنگرێ خۆی گەیاندە کەوە کوژراوەکان. چەقۆیەکی تیژی دەرهێنا و کەوەکانی سەربڕی و خوێنی چەقۆکەی بە لکی پشتێنەکەی پاک کردەوە و نایەوە ناو گیرفانی. کەوەکانی جەللە کرد و لاقی بە پەتێکەوە بەستن و هەناسەیەکی کە لەمێژ بوو لە سینگیا قەتیس مابوو، دا دەرەوە.
مەحموود وەک خەڵفێکی ساوا کە لە بەرامبەر دارێکی پیرا شین بێ لە بەردەمی باوکی چەقی و بەئەسپایی کوتی: «بابە!»
بابی وەرامی داوە: «ڕۆڵەم!»
مەحموود کوتی: «یەکێ بۆ خۆمان، دووی تریش بۆ فرۆشتن، ئەوانی ترت بۆ کوشت؟!»
باوکی مەحموود لەپڕ هاتەوە بیری کە بە گوللەی دوایی دوو کەوی پێکاوە و ئەبووا حەوت کەوی سەربڕاوی پێ بێ، بەپەلە کوتی: هەر لێرە بە ڕۆڵەم! و لەبەر خۆیەوە کوتی: «کەوە باڵ شکاوەکەم لە دەس دەرچوو!»
دەستی قوژبن پشکنی باوکی مەحموود بەناو تووتڕکەکانا گەڕا و بەکەلاکی کەوەکەوە هاتە دەر.
مەحموود کوتی: «مندار بۆتەوە! بڕوانە پەڕە جوانەکانی شەڵاڵی خوێنە.» باوکی بەڕقەوە کوتی: «حەیف بوو، چەن قەڵەوە!» پاشان بێ ئەوە قسەیەک لەگەڵ مەحموودا بکا، ملی ڕێیەی گرت و بەرەو ماڵ بۆوە.
بای دەمەوبەیان ئەیلووراند. چەن پەڕی نەرم تێکەڵ بەگەردەلوولێکی کەم خایێن بەرەو ئاسمان بەرز ئەبوونەوە و بە لەرینێکی بەئەسپایی ئەکەوتنەوە سەر زەوی. مەحموود ماوەیەک وەستا و تەماشای باوکی کرد. تفەنگەکەی وەها گرتبوو ئەتکوت دەستی خۆیەتی و درێژتر بۆتەوە.
هێشتا مەحموود لە گێژی ڕزگار نەببوو کە دەنگی گڕ و پیرانەی باوکی بەگۆرانی «کەویار» بەرز بۆوە.