7

از کتاب:
مەسەلەی ویژدان
اثر:
احمد مختار جاف (1896-1935)
 7 دقیقه  7613 مشاهده

لەو مودەتەدا کە لەسەر ئەو وەزیفەیە بووم، کابرایەک دوو سێ قەتعە موڵکی بوو لە خاریجی مەرکەزدا و بە مەسافەی دوو سەعات ڕێگا دوور. زۆرم حەز لێ کردبوون و ئارەزووم ئەکرد ڕێگایەک پەیدا بکەم ئەو موڵکانەی لێ بستێنم، چونکە هەر وەکوو لە غەربدا ئەوسا قاعیدە بوو، هەر کەس ئەرازییەک یا موڵکێکی نەبووایە ناوی «کۆنت»ی نەئەدرایە، بیلخسووس لە خاکی فەرانسەدا، کە بەبێ ئەرازی قابیل نەبوو ئینسان ببێ بە کۆنت. منیش هەر چەند ئەوەندە لە قاعیدەی غەرب شارەزا نەبووم و ئەوەندە مەعلووماتی تاریخیشم نەبوو، ئەمما وەها حاڵی بووبووم کە ئەگەر موڵکم نەبێ، بەو مەسلەکانەی کە خۆم ئەمەوێت قایل نابم. مەسەلا وەکوو ئەعزایەتیی پەرلەمان، یا ئەعیانی، یاخود وەزارەت. چونکە وەهام چاو پێ کەوتبوو کە ئینسانی بێ سەروەت و بێ موڵک، با زۆر عاقڵیش بێ، قایل نابێت بە ئەو مەسلەکانە.

بەخت موساعەدەی کردم، کابرای ساحیب موڵک بە مەسەلەیەک ئیتیهام کرا و حەپس بوو. هەر کە ئەمەم بیست، ئەوراقەکەیم لە پۆلیسخانە داوا کرد هەتا خۆم بە قانوونی عەشایری تەماشای بکەم. هەر چەندە کابراش خۆی عەشایر نەبوو، ئەمما لە ئەوەڵەوە، بە سوێند ئیقناعم کرد کە زەرەرم بۆی نابێ، هەتا ئیستیدعایەکم پێ نووسی کە ئیستیرحام ئەکەم من عەشایرم، ئەم دەعوای منە بە موافقی قانوونی عەشایری تەماشای بکەن!

هەر کە عەرزوحاڵەکەیم دەست کەوت، فەورەن سێ کەسم تەعین کرد بە حەکەم کە خۆم ئیعتیمادم پێیان بوو، وە دەرحاڵ نووسیم بۆ مالیە، کە فڵان کەس ئێستا مەوقووفە زیممەتی چی هەیە لێی تەحسیل بکەن. زوو بە زوو، مالیە ئیختاریان کرد کە لە مودەتی دە ڕۆژدا، ئەو میقدارە زیممەتە کە لەسەرتە ئەگەر نەیدەیت، مودەتی سێ مانگ و یەک شەو، موافقی قانوونی تەحسیل ئەموال، حەپس ئەکرێیت، یەعنی نەوەد و یەک ڕۆژ.

ئەوراقەکەیم تەودیع کرد بە هەیئەتی حوکم، ئەو هەیئەتە کە حەتتا ئیمزای خۆیانیان نەئەزانی بنووسن. لە حزووری کابرای موتتەهەما وتم بە هەیئەتی حوکم کە ئەم کابرایە نابێ لە سێ ساڵ کەمتر مەحکووم بکرێت، چونکە مەسەلە ئیسپاتە. کابرای موتتەهەم کە ئەمەی بیست وە لەو لاشەوە لە تەرەف مالیەوە تەهدید کرابوو، دەستی کرد بە هاوارکردن و وتی: «بۆ خاتری خوا! قانوونی عەشایر بۆ تەسهیلی ئومووری عیباد دانراوە. ئەو وەختە کە ئەم قانوونە دانرا مەقسەد ئەوە نەبوو کە بەعزێ کەس بیکەن بە ئالەتی شەڕ».

دەستم کرد بە حیددەت کردن، ئەمرم کرد بردیانەوە حەپسخانە.

کابرای موتتەهەم، پیاوێکی عاقڵ بوو. فیکری کردبووەوە، زانیبووی هاوارکردن فائیدەی نییە. تەحقیقاتی کردبوو موعتەمیدی من کێیە. بە هەر نەوعێک بووبوو، چاوی پێ کەوتبوو، پێی وتبوو: «جەنابی ڕەئیس مەقسەدی چییە؟» وتبووی: «مەقسەدی ئەوەتە ئەو موڵکانەی پێ بفرۆشیت، بە کاری تۆ نایەن و ئەگەر تۆ ئیتاعەتی ئەمری بکەیت لە هەموو شتا معاوەنەت و موساعەدەی تۆ ئەکات». کابرا لەبەر مەجبووری ڕەزا بوو!

بۆ سبەینێ زوو، لە دائیرەی تاپۆدا، تەقریری بۆ دام و موڵکەکانی پێ فرۆشتم، منیش قیمەتی حەقیقییان چەند بوو نیوەم دایێ. هەر لەو پارەیە زیممەتەکەی تەسلیم کرا، ئەمریشم کرد بە هەیئەتی حوکم، قەراری بەرائەتیان نووسی. کە لە حەپس هاتە دەرەوە، زۆر ئیحترامم گرت و دوو سێ ڕۆژ لە ماڵی خۆمدا دامنا و موحەببەتێکی زۆرم لەگەڵیدا کرد، لەپاشا عەودەتی کردەوە.

جا کە بووم بە ساحیبی موڵک، لە وەقتی تەخمیندا، ئەموت بەو مەئموورانی تەخمینەی کە هەموو ئەهالیی قەزاکە بە دەستیانەوە فریادی بوو وە ئەوەندە تەخمینی فەلاحەتی ئەهالییان زیاد کردبوو کە هەموو مەحوو بووبوونەوە، تەخمینی دێهاتەکەی منیان زۆر کەم ئەکرد. لەبەر ئەوەی کە فەزڵەی تەخمینەکە بۆ خۆم بمێنێتەوە شتێکی زۆر کەمیان لەسەر دائەنان وە خۆم سەرکارم تەعین ئەکرد. لەگەڵ هەقی تاپۆدا هەقی میریشم جەمع و جبایەت ئەکرد وە خۆم ئەو تەخمینە کە لەسەر ئەهالی کرابوو، لە مەعاشی خۆم ئەمدا بە ناوی فەلاحەکانەوە و لە نیهایەتی حاسڵاتدا قیمەتی ئەو وەختەی دەغلودان چەند بوو، دوو قاتم لە ئەهالی دێهاتەکانی خۆم ئەسەند. هەر کەس بۆی مومکین نەبووایە بیدات، بۆم ئەکرد بە قەرز بۆ ساڵی ئاتی، ئەمما یەک بە دوو. تەبعەن ئەهالیی بێچارە لە ترساندا نەیانئەتوانی بڕۆن و ڕێگای شکاتیشیان نەبوو، جا نازانم عەقڵیان پێ نەئەشکا یا ئەیانزانی شکات فائیدەی نییە.

ئەو موڵکانەی کە بووم، حدوودیان نەختێ کەم بوو، دەستم کرد بە تەعەڕڕوز کردن بە موڵکی ئەو کەسانەی کە نزیکم بوون. بە واسیتەی ئەو وەزیفەیەوە کە بە دەستمەوە بوو، لە مودەتێکی کەمدا، حدوودی قەدیمیی موڵکەکانم چەند بوون، کردم بە دوو ئەوەندە بە زۆری خۆم! ساحیب موڵکەکانی ڕەفیقم نەیانئەوێرا دەنگ بکەن، چونکە ئەیانزانی، ئەگەر قسە بکەن، دووچاری خەتەرێکی گەورە ئەبن وە بە ناهەق بە مەسەلەیەکی سیاسی ئیتیهامیان ئەکەم.

***

سبحەینێیەک کە چووم بۆ دائیرە، لە ناو کۆلانێکدا دوو منداڵم دی، کە بە یەکەوە یارییان ئەکرد.

- تۆ ئەزانی خودا کێیە؟

ئەوی تریان وتی:

- تۆ قسەی قۆڕ ئەکەی! چۆن نازانم؟ دیارە خودا ڕەئیسی قەزا، زۆراب ئەفەندییە!

کە منداڵەکەی تر ئەوەی بیست دەستی کرد بە پێکەنین و وتی:

- پەشیمان بەرەوە، زۆراب ئەفەندی عەبدێکی زەعیفە وەکوو من و تۆ! خودا ئەوەتە کە لە هەموو جێگایەک حازرە و ئەم دنیایەی دروست کردووە وە هەمیشە باقییە.

منداڵەکەی تر وتی:

- جا ئەگەر زۆراب ئەفەندی خودا نییە، بۆ چی هەزار ئەمر بدات ئیجرا ئەکرێت و بۆ چی بە حیددەت و لوتفی، هەموو خەڵق ڕازین؟ سەبەب چییە کەس نییە کە هەقی خەڵقی لەو بستێنن؟ مەعلووم بووە تۆ شێتی و تێ نەگەیشتوویت کە زۆراب ئەفەندی بە خوا نازانی؟

دووبارە ئەوی تریان وتی:

- برای خۆم تۆ بۆ چی خۆت شێت کردووە، خودا فەوقی هەموو عالەمە نیهایەت ئەم زۆراب ئەفەندییە مەئموورێکە، لە تەرەف حکوومەتی خۆیەوە تەعین کراوە، قانوونێکی دراوەتە دەست معامەلەی پێ بکات. ئەمما چونکە لە موحیتی ئێمە قانوونەکە بە زوبانی خۆیان نییە، وە لە مەعنای نازانن وە یاخود خوێن لە وجوودیاندا نییە، وە لە تەڵەبی هەقی خۆیان عاجزن هەزار زوڵم و زۆر بکات کەس دەنگ ناکات، لەبەر ئەوەتە ئەوانەی کە بێعەقڵن بە خودای ئەزانن. ئەگەر ئەو کابرایە کە تۆ بە خودای ئەزانی لە بەعزێ مەملەکەتی موتەمەددیندا بێ، حەتتا حەماڵیشی دەست ناکەوێت.

تیکرار منداڵەکەی تر وتی:

- ئێمە کە تازە چووینە مەکتەب خۆت ئەزانی لە ڕەفیقەکانمان بیستووە کە لە بەعزێ مەملەکەتی موتەمەددینا، حەتنا ئەوانە کە مەئزوونی مەکتەبن، ئوتومبێلچییەتییان دەست ناکەوێ. ئەی سەبەب چییە ئەم کابرایە ئەوەندە گەورە بووە؟

- عەزیزم ئەو مەملەکەتانە هەموو خوێندەوارن وە لەوانە عالمتر هەیە.

- بۆ چی لە زۆراب ئەفەندی عالمتر لەم موحیتەدا نییە؟

- بەڵێ هەیە، لاکین ئیحتیمال ئەوەی کە وا ئەم قبووڵی ئەکا، خوێندەوارەکان تەحەمولی ناکەن! ئەمما هیچ عاجزیش مەبە ڕۆژێک ئەبێت حەقیقەت جێگەی خۆی بدۆزێتەوە و ئەم میللەتە فەقیرە بێدار بێتەوە و ئەم نەوعە میقرۆبانە دەفع بکەن. چونکە ئەم زوڵمە کە ئەمانە کردوویانە بە پیشە، ئاخری ئەهالی مەجبوور ئەبن بە فیکرکردنەوە بۆ پەیداکردنی ڕێگایەکی نەجات، چونکە حەپسی تا زیاتر ئەزیەتی بکەن، زیاتر فیکر ئەکاتەوە بۆ ڕێگەی وەسیلەی فیرار.

کە ئەم قسانەم بیست لە منداڵەکان، زۆر لە دڵی خۆمدا حیددەتم کرد، وتم: «ئەم شەیتانانە تازە چوونەتە مەکتەب و فیکریان وەهایە، ئاخۆ ئەگەر تەحسیل تەواو بکەن چلۆن ئەبن وە حاڵی ئێمە چی لێ بێت؟ ئاخ مومکین ببووایە ئەم نەوعە شەیتانانەم لەم موحیتەدا نەهێشتایە!» لەپاش فیکرکردنەوە بە عاجزییەوە چووم بۆ مەقامی خۆم.

***