8

از کتاب:
مەسەلەی ویژدان
اثر:
احمد مختار جاف (1896-1935)
 5 دقیقه  7597 مشاهده

تەسادوفەن ئەو ڕۆژە، ڕۆژی ئیحالەی ئەو نەهرانە بوون کە عائیدی حکوومەت بوون، وە زۆر کەس لە ئەهالی و ئەشراف هاتبوونە دائیرە، ئیجرا بکەن. لاکین لەو وەقتەدا کە خەریک بوون پەی بخەنە سەر نەهرەکان، پیاوێک کە هەموویان ئەیانزانی پیاوی منە، هاتە ژوورەوە و بە تەسدیقێکی زۆرەوە وتی: «من تالبی فڵان نەهر و فڵان جۆگەم.» خۆلاسە تالبی عمووم جۆگەکان بوو بە تەنزیلی بەدەلی پێشوویان با وجوودی ئەوەی کە ئەوانەی دانیشتبوون ئەیانزانی بەدەلی نەهرەکان نیسفی واریداتیان نییە وە خۆشیان عمووم بە نیەتی تیجارەکردن هاتبوون. کە چاویان کەوت بە کابرای پیاوی من وتیان:

- «ئێمە تاڵب نین وە ئەزانین کە بەدەلی ئەو نەهرانە زۆر گرانە».

وە بەغەیرەز ئەم زاتە کابرایەکیان وتی:

- من زەم ئەکەم!

فەورەن وتم:

- تەسدیقت هەیە؟

تەسدیقەکەی نیشان دام. وتم:

- ئەم تەسدیقە لە وەقتێکا من لێرە نەبووم، لە تەرەف وەکیلمەوە تەسدیق کراوە و نەیزانیوە، تۆ هەزار ئیشی کەت هەیە و سەروەتت ئەمەندە نییە!

خەریک بوو قسە بکات، دەستم کرد بە حیددەت کردن و دەرم کرد. لەپاشا کابرا لەم خسووسەوە هەر چەند شکاتێکی زۆری کرد، هیچ فائیدەی نەبوو، وە لەبەر ئەو مەسەلەیە زەرەرێکی زۆرم لێ دا. هەر لە ئەو ڕۆژەدا ئیحالەی نەهرەکان درا بە ئەو پیاوەی من. دائیرەی مالیە، چونکە پرۆغراممان یەک بوو، بە کەماڵی مەمنوونیەتەوە قبووڵی کرد.

لە وەقتی حاسڵاتا، هەر وەکوو بەحسمان کرد، هەر معامەلەیەکم لە موڵکەکانی خۆمدا ئیجرا کردبوو، لەو ئەنهارانەشدا ئیجرام کرد، یەعنی وەکوو ڕووتاندنەوە و خوێن خواردنی ئەهالیی مەزڵووم.

بەم نەوعە ئیشانە پارەم زۆر بوو، یەعنی بێجگە لە تەحەمولاتی ناو ماڵ و قەرز، بووم بە ساحیبی بیست، سی هەزار لیرەی نەقد.

***

هەر وەکوو لەمەو پێش بەحسم کردبوو خولیای گەورەیی ئەوەندە لە سەرمدا بوو، هیچ ئارامم نەبوو. جا ناردم لە وڵاتێکی خاریج بەعزێ قاڵیچەی ئاوریشمی جوان و بەعزێ شتی بەقیمەتم سەند و بە نیازی تەرەققی کردن، مەئزوونیەتی یەک مانگم وەرگرت و چووم بۆ پایتەخت. کە گەیشتمە پایتەخت، واقیعەن لە ئەوەڵەوە، هەر وەکوو خۆم ئارەزووم بوو، ئەوەندە حورمەتم نەبوو. ئەمما لەپاش تەقدیم کردنی ئەشیاکان بۆ ئەو جێگایانە کە لازم بوو، حورمەتم ئەوەندە زیادی کرد خەریک بووم خۆم نەناسمەوە. هەر ئێوارەیەک لە ئوتێلێک و هەر شەوێک لە سینەمایەک، لەتەرەف پیاوێکی گەورەوە دەعوەت ئەکرام و لەو شارەدا ناوێکی گەورەم پەیدا کرد.

زۆر کەسی وا بوو کە چاویان پێم نەکەوتبوو، نەیانئەناسیم و هیچ ئیستیفادەم بۆیان نەبووبوو، هەر لە خۆیانەوە مەدح و سەنایان ئەکردم. بە مەحزی ئەوەی کە بیستبوویان زۆراب ئەفەندی پیاوێکی موهیمە، ئەوانیش بە تەقلیدی خەڵقەوە مەجبوور بوون بە تەعریف کردنم. ئاخر ئەگەر ئەهلی ئەم وڵاتە ئەوەندە سەریعولقەرار نەبوونایە حاڵیان وەها نەئەبوو.

لەپاش چەند ڕۆژێک وەعدەم وەرگرت کە بە وەزیفەیەکی گەورەتر تەعین بکرێم. دوای تەواوبوونی مودەتی مەئزوونیەتەکەم، گەڕامەوە محەلی وەزیفەکەی خۆم.

***

تەسادوفەن بۆ دەوریە، لە مەرکەزی قەزا چوومە دەرەوە. لە بەینی دوو عەشیرەتدا کە داخڵی ئەو قەزایە بوون، چەن ساڵێک لەوە پێش شەڕوشۆڕێک واقیع بووبوو، وە سێ چوار کەس لە بەینی ئەواندا کوژرابوون. لەو وەقتەدا کە من گەیشتمە ئەو ناوە، مەشغووڵ بوون لەناو خۆیاندا سوڵحیان ئەکرد و قەراری موساڵەحەیان دابوو. بەم نەوعە کە قاتیلەکانی ئەم عەشیرەتە، دوو کچی خۆیان بدەن بە کوڕی مەقتوولەکانی ئەو عەشیرەتەکەی تر. وە قاتیلەکانی ئەو لاش دوو خوشکی خۆیان بدەن بە برای مەقتوولەکانی ئەم عەشیرەتە. خۆم گوێم لێ بوو کچەکانی ئەم عەشیرەتە هاواریان ئەکرد ئەیانوت: «بۆ خاتری خودا ئێمە ئەوانە ناناسین کە ئێمەتان داوە بە ئەوان، هەتا ئێستا نەماندیون! ئێمە خۆ کەسمان نەکوشتووە کە مەسئوول بین و دڵی قەوم و خوێشیان شاد و مەمنوون بکەین. خوا هەڵناگرێ یەکێکی تر قەتلی کردووە، یەکێکی تر کوژراوە، ئێمە بۆ چی بکەوینە عەزابەوە؟! ئیحتمال ئێمە دڵمان تەعەللوقی بە شەخسێکی کەوە بێت، بۆ چی ئێوە سەرمایەی حەیات و ژیانی ئێمە مەحوو ئەکەنەوە؟! ئەمانە خودا و ویژدان قبووڵی ناکات!»

بێخەبەر بوون کە خودا ئەوەندە سەبری هەیە، هەزار شتی وەهای قبووڵ کردووە و ئەیکات، وە ویژدانیش تەنیا هەر ئیسمی هەیە و کەس بە چاو نەیدیوە! کوڕەکانی عەشیرەتی ئەو لا لەگەڵ کچەکاندا بیستبوویان من لەو ڕۆژانەدا وام لەوێ، بە هەر نەوعێک بۆیان مومکین بووبوو، خۆیان نەجات دابوو و فیراریان کردبوو، هاتنە لای من. ئەوەڵەن کچێکیان کە زۆر جوان و مەحبووبە بوو، پێی وتم: «جەنابی ڕەئیس ئەمڕۆ ئێمە زۆر بەختیارین کە جەنابی عالیتان تەشریفی هاتووە بۆ ئەم ناوە، چونکە ئومێدمان وایە و بە تەحقیق ئەزانین کە هەقی مەزڵووم لە زاڵم دەسێنی».

تەواو