6

از کتاب:
مەسەلەی ویژدان
اثر:
احمد مختار جاف (1896-1935)
 7 دقیقه  7595 مشاهده

بەعزەن لەبەر بێتاقەتی و موحتاجی تەنهایی بوون، بە تەنها ئەچووم بۆ سەحرا. چونکە وەقتی بەهار بوو وە هەموو کەس ئێواران ئەچوو بۆ دەرەوە، تەسادوفی زۆر جەمعیەتم ئەکرد کە دانیشتوون دەستە دەستە. بەعزێک عەرەقیان ئەخواردەوە، بەعزێ خەریکی تریاک و بەعزێ خەریکی بەنگکێشان بوون.

تاقمێ عەرەقخۆر لەسەر سەوزە گیا، دەنکە کوولەکە و گۆشتی برژاویان دانابوو. هەر جارێ پیاڵەیەکیان هەڵبگرتایە، هەر کەس بە ئەوی تریانی ئەوت «ئەمە بە شەرەفی تۆوە!» یەکێ ئەیوت: «بە نامووسم ئەم جەمعیەتەم لە برای خۆم لا موحتەرەم و عەزیزترە». یەکێ لە سیاسەت قسەی ئەکرد، یەکێ لە فەلسەفە بەحسی ئەکرد، زۆر مەجلیسێکی خۆشیان بوو. ئەموت ئەمانە وەکوو برا وەهانە، هیچ وەقتێ عاجز نابن، وە لە ئەهلی ئەم عەسرە ناکەن!

تاقمێ بەنگکێش هەر لە خۆیانەوە پێ ئەکەنین. نازانم پێکەنینیان بە وەزعیەتی حازرە ئەهات یا بەوانەی کە عاقڵن و ئیددیعای بەشەرییەت ئەکەن وە یاخود بە خۆیان پێ ئەکەنین لە خۆشیانا کە ئەو مەسلەکەیان قبوڵ کردووە و وەکوو بەعزێ کەسی عاقڵ خۆیان دووچاری فیکرکردنەوە وە یا خەیاڵاتێ نەکردووە! بە هەر کامیان پێ کەنیبن هەقە. ئەمما تاقمی تریاککێش کە یەک لەسەر یەک نەفەسیان لێ ئەدا و چاییی شیرین و پڕ ڕەنگیان ئەخواردەوە، مات و مەلوول دانیشتبوون و قەتعەن سەدایان نەبوو و حەتتا لە دەنگی خەڵقی عاجز بوون. نازانم ئەو مات و مەلوولییە کە بوویان چی بوو؟ فیکرمان لەوە ئەکردەوە کە بۆ چی خۆیان موبتەلا کردبوو بە ئیستیعمالی ئەو زهرە کە حەیاتی عەزیزی ئەوانی مەحوو کردبووەوە. یاخو موازەنەیان ئەکرد بزانن تریاک کە بۆ تەداویی سحەتیان ئیستیعمالیان کردووە، تەئسیری بەخشیوە یان نا. چونکی ئەکسەری ئەوانە کە موبتەلا بوون بە ئیستیعمالی تریاک بە بەهانەی نەخۆشییەوەیە، کە لەپاشاندا موبتەلا بوون و لە میعادی خۆیدا ئیستیعمالیان نەکرد، وجوودیان تێک ئەچێت. هەر کە ئیستیعمالیان کرد، فەورەن وجوودیان چاک ئەبێتەوە. جا لەبەر ئەوەیە کە بۆ هەموو عیللەت بە دەرمانی ئەزانن. ئایا هەر لە ئەوەڵەوە فێر نەبن چاکتر نییە؟

عەودەتم کردەوە ناو شار. سبحەینێ کە چووم بۆ سەرا، هەموو عەرەقخۆرەکانم لە ساڵۆنی مەحکەمەدا چاو پێ کەوت. یەکێ سەری شکابوو، یەکێ دەستی، یەکێ خەنجەرێکی پێوە بوو. حاسڵی، هەر یەک بە نەوعێک بریندار بوون. زۆر تەعەجوبم کرد. لە فەڕاشی مەحکەمەم پرسی:

- لام مەعلووم بکە ئەمانە چییە؟

- قوربان ئەمانە دوێنێ عەرەقیان خواردووەتەوە و لە ئەسنای سەرخۆشییا شەڕیان بووە لە ناو خۆیانا.

زۆر تەعەجوبم کرد، نەتیجەی ئەو هەموو موحەببەتەی دوێنێ کە من لەوانم دی، بۆ چی وای لێ هات؟ مەعلووم بوو ئەو موحیبەتەش هەر خەیاڵی سەرخۆشی بووە. ئەڵبەتە شتێک کە عەقڵ زایل بکا نەتیجەی هەر وەها ئەبێت.

تەسادوفەن، ئێوارەیەکی تر چووم بۆ سەحرا، تێ فکریم لە کەناری ئاوێکی پاک و سەوزە گیایەکی جواندا دەروێشێک دانیشتووە کە سیمای شەهادەتی ئەدا پیاوێکی عاقڵ و تێگەیشتووە. چووم سەلامم کرد و جوابی دامەوە. لە لای دانیشتم، ئەو هیچ قیامی لەبەر نەکردم. من لە دڵی خۆمدا پێم ناخۆش بوو. وام زانی لەبەر کوسرەتی تەفەکور بوو، ئەمما لەپاش چەند دەقیقە بۆم مەعلووم بوو لەبەر لاقەیدییە لە دنیا. لەپێش ئەوەدا کە من قسە بکەم ڕووی تێ کردم و وتی:

- برادەر لە زەمانی قەدیمەوە شاعیر و فەیلەسووفەکان ناوی دنیایان بە پیرەژن بردووە. ئەمە لە لای تۆ سەحیحە یا نە؟

منیش چونکە هیچم لێ نەئەزانی وتم:

- چیت عەرز بکەم؟

- عەزیزم دنیا پیر نەبووە! چونکە مەعنای پیر ئەوەیە کە ئینسان پیر بوو، قووەتی هەموو ئەعزای کەم ئەبێ، هەر کامیان لە وەزیفەی خۆیاندا. تۆ تەماشا بکە بزانە ئەم دنیایە هیچ لە وەزیفەی خۆیدا، یەعنی لە پەروەردەکردنی ئینسان و حەیوانات و نەباتاتدا کەمی کردووە؟! لاکین ئەوەندە هەیە، خۆمان پیر ئەبین، لە کار ئەکەوین و ئەمرین، قەباحەت ئەخەینە سەر دنیا. بە پێچەوانەوە دنیا هێشتا منداڵە، چونکە ڕۆژ لە ڕۆژ وا لە تەرەققیدا وە هێشتا تەکامولی نەکردووە. لەوانەدا کە ئەو پەروەردەیان ئەکا، قیسمێکی ئینسانە کە گوایا لە هەموو ئەو شتانەی کە ئەو پەروەردەی کردوون حیس و عەقڵیان زیاترە. با وجوودی ئەوە، هێشتا قیسمێکی زۆر لە ئینسان وان لە حاڵەتی وەحشەتدا کە زۆریان ماوە تەکامول بکەن. ئەوانەیشیان کە لایان وایە خۆیان تەکامولیان کردووە، هێشتا لە لای من وەها نین، چونکە ئەگەر وەها بوونایە، ئەوەڵ وەزیفەی تەکامولی ئەوانە، دۆستی بە هەموو بەنی نەوعی خۆتە. ئەبوایە سەعییان بکردایە ئەوانەی کە هێشتا لە حاڵەتی جەهالەتدا ماوەنەتەوە تەکامولیان پێ بکەن. ئایا منداڵێکی نەفام کە لەلەی لەگەڵدا بێت، شتێکی خراپ بکات یا دەستی خۆی بسووتێنێ، خۆی مەسئوولە یا لەلەکەی؟ تەبیعی ئەگەر بیزانیایە ئاگر دەست ئەسووتێنێ، دەستی خۆی نەئەکرد بە ئاگردا! کە وا بوو کابرای لەلە مەسئوولە. ئایا مەعنای تەکامول ئەوەتە ئینسان هەر بۆ خۆی هەوڵ بدات؟

بەیاناتی دەروێش تەئسیرێکی گەورەی کرد لە دڵمدا وتم:

- بۆ چی تەشریف ناهێنی بچین بۆ ماڵی ئێمە؟ من ڕەئیسی ئەم قەزایەم، ماڵی جوان و خۆراکی باش و نوێنی پاکم هەیە و چەن ڕۆژێک خزمەتت بکەم؟

جوابی دامەوە وتی:

- هیچ وەقتێ باوەڕ ناکەم لەم جێگەی خۆمە خۆشتر بێت. چونکە ئەو فەرش و نوێنی تۆیە موتڵەقەن هەقی غەیری وا بەسەرەوە. ئەو نانی تۆیە بە تەحقیق لە نەتیجەی زوڵمێکەوە پەیدا کراوە. ئەو خانووە جوانە، ئەمینم کە زۆر کەس بە ناڕەزامەندی ئیشی تیادا کردووە. کە لە ئۆدەکانیدا دائەنیشی زۆر مەحدوود ئەبینی، یەعنی هەر چاوت وا لە دیوارەوە وە تەجەمولاتی ناوەیەوە. ئەمما لەم سەوزە گیایە کە من لە سەری دانیشتووم، لە قودرەتی سانعێکی بێ منەتەوە دروست کراوە کە موحتاجی هیچ نییە. وە ئەم ئاوە موباحە، بەم پاکییە بەپێش چاومدا ئەڕوات و مەنزەرەیەکی زۆر جوان تەشکیل ئەکات، ئەویش بە قوردرەتی سانعێک کە فەوقی هەموو عالەمە، لە نەتیجەی بارانەوە پەیدا بووە. تەماشای ئەم فەزای ناموتەناهییە ئەکەم زۆر لە سەیری ئۆدەکەی تۆ جوانترە، چونکە ئیحتیمالە وەقتێ تۆ سەیری ئۆدەکەت ئەکەیت بەعزێ شتی تیادا ئەبینی کە هینی غەیر بووە، وە لە نەتیجەی زوڵمێکەوە پەیدات کردووە. ئیحتیمالە ویژدانت موعەزەب ببێ، ئەمما من کە سەیری ئەم فەزا ناموتەناهییە ئەکەم کە هەقی غەیری تیایدا نییە ویژدانم موستەریحە و زۆر پێی موتەلەزیز ئەبم کە سەیری ئەم مەوجووداتە ئەکەم کە چەن نەوع مەخڵووقاتی تێدا خەڵق کراوە. جا لەبەر ئەمانە من ناتوانم بێم بۆ ماڵی ئێوە!

بەیاناتی دەروێش تەئسیرێکی گەورەی کرد لە دڵمدا. خوداحافیزیم لێ کرد و بە مات و مەلوولی عەودەتم کردەوە بۆ ماڵێ.

***