11- پاشکۆی دۆخ (الحقة الحالة)

از کتاب:
زمانی یەکگرتووی کوردی
اثر:
جمال نبز (1933-2018)
 3 دقیقه  86 مشاهده
پاشکۆی دۆخ ئەو پاشگرانەن کە لە هێندێ دۆخدا دەنووسێنرێن بە پاشکۆی نێوەکانەوە. ئەم پاشگرانە بە زۆری «ی î» و «ێ ê»ن. بۆ وێنە: لە هێندێ زاراوای کوردیدا؛ تیپی «ی î» دەبێتە پاشگری نێو لە دۆخی کاراییدا (ملحق للاسم في حالة الرفععربی) و بەوە دەبێتە ئامڕازی ناسینەوە (أداة التعريفعربی). بۆ وێنە ناگوترێ «پیاو پیاو دەخوا»، بەڵکو دەگوترێ «پیاو پیاوی دەخوا».
 
هەروەها لە هێندێ زاراوادا و لە دۆخی خستنە پاڵ (حالة الاضافةعربی)دا، «مضاف إليهعربی» دەگۆڕێ. بۆ وێنە لە هێندێ زاراوادا ناگوترێ «ڕیشی پیاو» یا «پرچی ژن»؛ بەڵکو دەگوترێ «ڕیشی پیاوی» و «پرچی ژنێ». واتا ئەگەر «مضاف إليهعربی» نێر بوو، ئەوا «ی î»ی دەخرێتە پاڵ و ئەگەر مێ بوو، ئەوا «ێ ê»ی دەخرێتە پاڵ. لە هێندێ زاراوای دیدا؛ لە هەردوو بارەکەدا، «مضاف إليهعربی» تیپی «ی î»ی دەخرێتە پاڵ. وەک «ئاشی هەباس» دەبێتە «ئاشی هەباسی» و «کوڕی پیرۆز» دەبێتە «کوڕی پیرۆزی». لە هێندێ زاراوای دیدا ئەگەر «مضافعربی» بە تیپێکی بێ دەنگ کۆتایی هاتبوو؛ ئەوا «ی î» دەخرێتە پاڵ «مضاف إليهعربی». خۆ ئەگەر «مضافعربی» بە تیپێکی دەنگدار کۆتایی هاتبوو، ئەوا «ێ ê» دەخرێتە پاڵ «مضاف إليهعربی». بۆ وێنە ناگوترێ «شیری مەڕ»، بەڵکو دەگوترێ «شیری مەڕی». هەروەها ناگوترێ «بای پاییز»، بەڵکو دەگوترێ «بای پاییزێ».
 
ئەوەی شایانی باسە ئەوەیە لە کرمانجیی ژوورووشدا، هێندێک پاشکۆی لەم بابەتە هەن. بۆ وێنە: دەڵێیت: «چلوچار زەبەشی بدە من» (واتا: چلوچار شووتی بدە من)، بەڵام دەڵێیت: «چلوچار سێڤێ بدە من» (واتا: چلوچوار سێو بدە من). چونکە زەبەش (شووتی) نێرە و سێڤ (سێو) مێیە.
 
زۆر لەسەر قسە نەڕۆین! ئەم جۆرە پاشکۆیانە لە هەموو شێوە و زاراواکانی زمانی کوردیدا هەن، بەڵام بە زۆری لە زمانی ئەدەبی ئەمڕۆماندا بە کار ناهێنرێن؛ چونکە زاراوای سلەیمانی-ئەردەڵان کە بنچینەی شێوە ئەدەبییەکەمانن، هەر لە کۆنەوە دەستیان لەم پاشکۆیانە بەر داوە. ئەمەش شتێکی زۆر باشە و خۆشبەختییەکە بۆ زمانە ئەدەبییەکەمان. چونکە ئەوەی ڕاستی بێ، ئەم پاشکۆیانە؛ بەشێکی زۆریان لە سەرلێشێواندن و زەحمەتکردنی زمانەکەمان بەو لاوە هیچ جۆرە دەورێکی دی نانوێنێ. لەبەر ئەوە خستنە پشت گوێیان زۆر بە پێویست دەزانم، ئەگەرچی لێکۆڵینەوە و تاوتووکردنیان، لە بارەی مێژوویییەوە، سوود بە زانستی زمانەوانیی کوردی دەگەیەنن. بۆیە لە نامیلکەیەکی دیدا نەختێک بە دوور و درێژی لێیان دەدووم.