ڕویشتنی خوسرەو بۆ ڕاو و شکار
از کتاب:
شیرین و فهرهاد
اثر:
کمالی (1886-1974)
7 دقیقه
20 مشاهده
خێڵخانەی شیرین زوڵفان عەنبەر بۆ
باریان کرد ڕۆیین بۆ بێستون کۆ
خوسرەو دەستی کرد بە ڕاو و شکار
لە پاشان چوو بۆ سەیرانی موغار
سەیری کرد کەوا فەرهادی دلێر
هەر سەنگ ئەتاشێ وەکوو نەڕەشێر
هێندەی نەماوە کار بباتە سەر
بگا بە وەسڵی شیرینی دولبەر
کە گەڕایەوە بە خاتری زویر
جەمعی کرد هەموو ئومەڕا و وەزیر
وتی دەخیلم جەرگەی ئەمیران
ئەی وەزیرانی خاوەن تەدبیران
هەی داد هەی بێداد پارە پارەم کەن
یاخۆ بە عەقڵ و تەدبیر چارەم کەن
من لەگەڵ فەرهاد گرەوم کردوە
کەچی کارەکەی وا تەواو کردوە
خەریکە کاری خۆی تەواو ئەکا
شیرینی شۆخی نازدارم ئەبا
ئیتر دوای شیرین باڵا نەونەمام
ژیان بە جارێ لێم ئەبێ حەرام
یا خوا کوێر ببم بێ یاری گیانی
دوای ئەو بۆچیمە من زیندەگانی
ئەگەر یەک سەعات شیرین نەبینم
بینایم کوێرە، مردنە ژینم
دیسان دەخیلم ئەمیرانی من
خاوەن عەقڵ و فام وەزیرانی من
تەدبیرێ بکەن بۆ حاڵی زارم
لە دەرد و داخا زۆر بێ قەرارم
ئەگەر من بێتو ئەمر کەم جەلاد
بە شمشیری تیژ سەر ببڕێ فەرهاد
بەدناوی ئەبێ لە ڕۆزگاران
بێ شەرەف ئەبم لای شەهریاران
فەرهاد کەم نییە گەلێ سەنگینە
کوڕی فەغفووری خاقانی چینە
لە قسەی خوسرەو هەموو ئەمیران
مەجلیس نشینان جەمعی وەزیران
مات و سەرسام بوون سەریان خستە خوار
هیچ کەسێ هەرگیز نەهاتە گوفتار
نەیاندا جوابی خوسرەوی پەروێز
زانییان ئەکا خەتایێ خونرێز
کە قسە کەوتە دەمی ئەم و ئەو
خەڵقی زانییان مەقسوودی خوسرەو
ناکاو لە کردار چەرخی کۆنەساڵ
هات پیرەژنێ پیسی پیرەزاڵ
پیرێژنێکی جادووگەری پیس
حیلەباز، بەدخوو، وەک ژنی ئیبلیس
خوێند بووی دەرسی شەڕ لەلای عەزازیل
شەیتان لە مەکری دامابوو زەلیل
ڕەش و دێز و بۆر چەرخی ناوچاو لووچ
مامانی جنی پاشماوەی دوا کۆچ
دوو مەمکی وەکوو جەوەندەی قیرین
قامەت چەوتاوە پیس و ناشیرین
لێوی وەک دەوار دێز و مەیموون دەم
بە ڕەوت هەروەکوو سەگی بەد قەدەم
هاتە ژوورە بە تەک و بە دەو
خۆی خستە بەرپێی تەختەکەی خوسرەو
وتی فیدا بم ئەی شا ئامانە
ڕەنگت بۆ زەردە وەک زەعفەرانە
بە قوربانت بێ دایەی کۆنەساڵ
بۆ من بەیان کە سەرتاپا ئەحواڵ
هەتاکوو ئێستا من بکەم چارەت
بکەم عیلاجی دڵی ئاوارەت
وەختێ ئەمەی بیست، شاهی لەعل پۆش
کوورەی دەروونی زوو هاتەوە جۆش
وتی: ئەی دایە، دڵم زامدارە
شەکر لە دەمما وەک ژەهری مارە
لەگەڵ سەنگتاشێ گرەوم کردووە
شیرینی منی بە گرەو بردووە
ئەگەر شیرینم لێ بستێنی ئەو
یەقین یەک سەعات نامێنێ خوسرەو
بێ شیرین ژیان لە من حەرامە
شیرین قیبلەگای دین و دنیامە
دەخیلم دایە زوو بیر کەرەوە
چارەی ئەم کارە بدۆزەرەوە
ئەگەر تۆ فەرهاد بکەی سەرنگوون
ئاوارەی بکەی لەسەر بێستوون
ئەتکەم بە بانووی حەرەمسەرای خاس
سەرتاپا لە زێڕ بۆت ئەکەم لیباس
دەردم ئەمەیە وا وتم تەمام
تەدبیر بە دەستتە دایە وەسسەلام
هەر کە ئەمەی بیست دایەی پیرەزاڵ
سوجدەی بردەبەر شاهی کەمەرلاڵ
عەرزی کرد وتی ئەمە ئاسانە
شەیتان لە دەستی من هەراسانە
شەرتە من کارێ بکەم بە فەرهاد
خوێنی بڕێژم زوو ببێ بەرباد
سەرتاپا باڵای بە خوێن ڕەنگین کەم
ئاگر لە جەرگی خاقانی چین کەم
بەڵام بە شەرتێ کە جەرگم بڕی
بە من کەرەم کەی وەزنی خۆم خوری
سێ ڕۆژ و سێ شەو ئەمر کە شوان
لە دایکیان جیا کەن کار و بەرخەکان
وەختێ کە چوومە لای فەرهاد ئەوسا
مەڕ و بەرخەکان تێکەڵاو بکا
خوسرەوی پەروێز ئەمری کرد لە شار
جارچی جاڕی دا لە کوچە و بازار
بە ئەمری خوسرەو پادشای سەروەر
جیا بکەنەوە لە یەک بەرخ و مەڕ
سی ڕۆژ و سی شەو لە ئەتڕافی شار
بەرخی خۆی نەدی هیچ مەڕی هەژار
لە پاش سی ڕۆژە بەڕەڵا کران
بەربوونە هاوار مەڕی بەستەزبان
لێیان دا تەپڵ و دەهۆڵ لەگەڵ کووس
دەنگی گەیشتە چەرخی ئابنووس
ئەو جا پیرەژن هەڵسا دەستوبرد
تەبەقێ حەڵوای شەکری دروست کرد
خستیە سەر سینی نایە بانی سەر
ڕووی کردە کێوی سەختی پڕ خەتەر
هەمو هەنگاوی بە گریان و شین
ئەیلاواندەوە بۆ باڵای شیرین
ئەیلاوەندەوە ئەیگووت هەی بێداد
کوێراییم دابێ بو ڕەنجی فەرهاد
گەیشتە فەرهاد بە ڕۆڕۆ و گرین
خوانی حەڵواکەی نایە سەر زەمین
وتی ئەی هەژار شێتی بێ خەبەر
فەرموو تێر بخۆ تۆ حەڵوای شەکەر
بخۆ بە شین و بە واوەیلاوە
حەلوای مردووە بۆ تۆم هێناوە
هەر کە ئەمەی بیست فەرهادی غەمبار
گوتی ئەی دایە پیری ڕۆزگار
سەدای شیوەن و گریان دێتە گوێم
کێیە مردووە توخوا بڵێ پێم
دەخیلە دایە پێم بڵێ ئەحواڵ
هەر شیرین خۆش بێ شۆخی کەمەر لاڵ
هەر شیرین خۆش بێ هەر کەس مردبی
عومری بۆ شیرین بەجێ هێشتبی
پیرەزاڵ وتی فەرهادی چۆڵگەرد
خاکت بەسەر بێ ئەمڕۆ شیرین مرد
ئێستا وا لە ژێر خاکی سیاسەنگ
شیرینی ئەرمەن کەوتووە بێدەنگ
گوارەی شیرینی خوسرەوی لاڵ پۆش
گرتوویە بە دەست کەوتووە بێهۆش
وەک چاوگڵکەران ئەڵێت هەی بێداد
شیرین لە پاش تۆ قەت نەبم دڵشاد
ئاخ بۆ جوانی تۆ شیرینی ئەرمەن
بۆ ڕەنجی بێسوود فەرهادی کۆکەن
فەرهاد کە بیستی مەرگی دولبەری
هۆشی دەرپەڕی لە کەللەی سەری
بێهۆش کەوت ساتێ خاقانزادەی چین
کە هاتەوە هۆش بە دڵی خەمگین
جا بانگی هەڵدا ماڵی بەسەردا
خۆی هێندە کوتا بە دار و بەردا
زۆر لەعنەتی کرد لە چەرخی گەردوون
بە کام نەگەییم لە پای بێستوون
بۆچی تۆ نەتهێشت بگەم بە مراد
ڕەنجی فەرهادت بۆچی دا بەباد
بۆچ بردتە ژێر خاک شیرینی ئەرمەن
بە ناحەق ڕشتت خوێنی کۆکەن
شیرین بەبێ تۆ من چیبکەم ئەمجا
بۆ لای کێ ببم دادی خۆم ئێستا
بۆ تۆ لە شاهی بوردم دەستوبرد
کێوی بێستوونم بە مەسکەنم کرد
شیرین قوربانی باڵای ئاڵات بم
خۆم بە قوربانی زوڵفی سیات بم
قوربانی تەختی ئەرمەن شارت بم
بە فیدای کۆچی نادیارت بم
شازادەی شیرین ئەرمەن شارم ڕۆ
فەرهادی بێکەس، بێ غەمخوارم ڕۆ
گوڵ و گوڵناری ڕەونەقدارم ڕۆ
دوو دیدەی ئاهووی پڕ غومارم ڕۆ
لە پاش گریان و شیوەن و ڕۆڕۆ
وتی پیرەزاڵ ڕاست بڵێ پێم تۆ
کێ مەرگی شیرینی بە ئاوات خواستوە
کێ تۆی بە دەلیل بۆ لام ناردووە
تۆ چیتە لەگەڵ فەرهادی بێکەس
بۆچی منت کرد وەها بە قەقنەس
زۆر حەیفە بمرێ شیرینی ئەرمەن
تۆش وا زیندوو بی پڕ مەکر و پڕ فەن
خەریکی مەکری بە تەک و بە دەو
خەبەری مەرگم ببەی بۆ خوسرەو
تا لە مژدانەی مەرگمدا ئەوسا
گەنج و گەوهەرت بداتێ پاشا
بە میراتت بێ مژدانەی خوسرەو
شەرتە نەیبینی بە چاو ئیتر ئەو
مەرگت ئەخمە پێش مەرگم ئەمجا
هەرچی بە سەرما کە دێت قیروسیا
مەرگت ئەخەمە پێش مەرگی فەرهاد
لە پاشان عومری خۆم ئەدەم بە باد
پیرەزاڵی گرت ڕایکێشا بە پێش
دای بە زەمیندا بە دڵێکی ڕێش
پێی نایە سەر پێی قاچی ڕاستی گرت
هەڵی قڵیشاند وەکوو جاوی تووت
لەسەر بێستوون بە توند هەوایدا
هەموو ئەندامی بوو بە تووتییا