خۆکوشتنی فەرهاد لەتاوی شیرین
از کتاب:
شیرین و فهرهاد
اثر:
کمالی (1886-1974)
3 دقیقه
18 مشاهده
ئەمجا لە پاشان زۆر کردی خەیاڵ
گوتی پاش شیرین ساحێب خەت و خاڵ
فەرهاد چی ئەکەی خەیاڵت خامە
بێ شیرین ژیان بۆ من حەرامە
قوڵنگی هەڵگرت بە شین و زاری
بە ناڵە و ڕۆڕۆ بە بێ قەراری
وتی ئەی قوڵنگ ڕەفیقی چۆڵم
خۆت بدە لەسەر کەللەی کاپۆڵم
قوڵنگ چەند وەختە هەر تۆ یارمی
تۆی دایک و باوکم تۆ غەمخوارمی
لە پاشان ئەمجا بە سۆزی دەروون
خواحافیزی کرد لە کێوی بێستوون
گوتی بێستوون هاودەمی غەمخوار
من ئەچم بۆ لای شیرینی نازدار
وەسیەت ئەکەم بۆت ئەی کێوی ئازاد
لە بیرت نەچێ وەسیەتی فەرهاد
هەر وەختێ هاتن زوارانی چین
تۆ پێیان بڵێ بە دڵی غەمگین
بڵێ بێن ئەمە قەبری فەرهادە
کوژراوی قوڵنگ تیژی فولادە
عەرزییان بکە هەموو ئەحواڵم
لە دووری شیرین پەڕیشان حاڵم
ئەگەر شیرن هات ئەی بێستوون کۆ
بڵێ ڕووحی خۆی کرد فەرهاد فیدای تۆ
دەخیل و ئامان نەکەی فەرامۆش
وەسیەتی فەرهاد دێوانە و بێ هۆش
ئەم قسانەی گوت گەلێ دڵتەنگ بوو
وتی ئەی فەلەک مەیلت بە جەنگ بوو
کوا یاوەرانم کوا عەزیزانم
کوا خواجە و غوڵام کوا کەنیزانم
لە قەوم و خزمم کەس نییە لەلام
هەتاکوو کفن ببڕێ بە باڵام
فەرهادی غەریب لە بێستوون مرد
لە داغی شیرین وا خۆی شەهید کرد
پڕ بە دڵ گریا لە دووری یاران
فرمێسکی هەڵڕشت وەک تاوی باران
قوڵنگی هەڵگرت هەڵیدا فەرهاد
گوتی حەیاتم زوو بکە بەرباد
هاژەی کرد قوڵنگ لەسەر هەتا خوار
دای لە تەوقی سەر فەرهادی هەژار
سەرنووکی قوڵنگ نیشتە سەر سەری
لەتی کرد سەرپاک سینە و جگەری
تاساو حەبەسا زوو شازادەی چین
وەک داری شمشاڵ کەوتە سەر زەمین
خوێناو لە سەری دەرحاڵ سەری کرد
ڕەنگی گوڵناری بوو بە لیمۆی زەرد
ئاخی هەڵکێشا لە دڵی پڕ جۆش
پاش چەند دەقیقە ئیتر بوو بێهۆش
یامن هووی کۆکەن لەسەر شاخی چۆڵ
نەما سارد بۆوە وەک تەختەی سەهۆڵ
کەنیزێکی شا هات بۆ بێستوون
ئەگەڕا لەسەر هەردە تووناوتوون
سەیری کرد فەرهاد غەڵتانی خوێنە
یاهوو یامن هووی بێ سەر و شوێنە
بەتاو چوو بۆ لای شیرینی ئەرمەن
وتی: کوژراوە فەرهادی کۆکەن
کە ئەم خەبەرەی بیست دەرحاڵ شیرین
بەربووە شین و گریان و ناڵین
لە سەر تا داوێن یەخەی دادڕی
زوڵفی عەنبەربۆی بە مەقەس بڕی
هاواری ئەکرد ئەیگوت ئەی فەرهاد
یاخوا لە پاش تۆ دانەنیشم شاد