باسی ڕۆیشتنی فەرهاد بۆ کێوی بێستوون
از کتاب:
شیرین و فهرهاد
اثر:
کمالی (1886-1974)
8 دقیقه
24 مشاهده
هەڵسا بە پڕتاو فەرهادی مەحزوون
ڕۆیشت گەیشتە کێوی بێستوون
گوتی ئەلسلام ئەساسی دینم
قاتڵی سەری شازادەی چینم
لە پڕ دەنگێ هات لەسەر قولەی کێو
گوتی ئەی فەرهاد زویر و باربەلێو
مبارەکت بێ یاخوا مەرگی نەو
بۆ ماملەت کرد تۆ لەگەڵ خوسرەو
جوابی دایەوە فەرهاد بە گەرمی
وتی ئەی بێستوون بە تۆ نیە نەرمی
بەڵکوو لە سایەی قولەی بەرزی تۆ
بگەم بە وەسڵی نەونەمامی نۆ
بە قوڵنگ فەرهاد زوو تاشی تاشان
وەک قاشی پەنیر هێنایە دامان
چەند ڕۆژێ لەمە کەوا تێپەڕ بوو
خێڵخانەی شیرین جا بۆ قەسر چوو
هۆشی لانەما بۆ فەرهادی چین
بۆ فڕسەت دایم ئەگەڕا شیرین
شیرینی ئەرمەن عاقیبەت یەک شەو
نەنووست هەتاکوو شاهی کردە خەو
ئێشکچی نووستن هەڵسا دەستوبرد
شەودێزی دەرکرد ئازا زینی کرد
سواری شەودێز بوو شیرینی ئەرمەن
ئاوزەنگی لێدا بە یادی کۆکەن
شۆخی نازەنین بەبێ چەند و چوون
بەغار گەیشتە کێوی بێستوون
سەیری کرد فەرهاد ئەوا لەسەر کۆ
تێر تێر سەیری کرد نەونەماومی نۆ
گوێی لێ بوو فەرهاد بە دڵی حەزین
وا شیعر ئەخوێنێ لە عەشقی شیرین
قوڵنگ لێ ئەدا ئەڵێ ئەی دڵدار
کەی بێ لە ڕێتا ڕووح بکەم نیسار
پارچەیەک لەبەرد تەشوێی ئاگرڕێز
لە پڕ هات و دای لە ڕانی شەودێز
لە زەربی بەردی ئاگراوی سەر یاڵ
ڕانێکی شەودێز ورد بوو وەک خرخاڵ
شیرین دی زامی شەودێز بوو کاری
بەربووە شین و گریان و زاری
گوتی بە فەرهاد شیرینی ئەرمەن
هەر کەس کە وەک تۆ ببی بە کۆکەن
بۆچ ئەبێ چاوی نەبینێ دەییار
ڕانی ئەسپی دۆست بشکێنێ بە قاڕ
ئێستا چۆن بکەم من چارەی شەودێز
چی بدەم جوابی خوسرەوی پەروێز
فەرهاد هات کە دی وا یاری شیرین
ئەگری بە دڵی عاجز و غەمگین
ساتێ حەبەسا تفی لە خۆی کرد
وتی ئەی فەرهاد پەنجەت ببێ ورد
بە ئەدەبەوە بە دڵی حەزین
سوجدەی بردەبەر خاک و پای شیرین
گوتی وەفادار شاهی چاومەستان
نەترسای لە شەڕ خوسرەوی دەستان
وا تەشریفت هات شیرینی ئەرمەن
بە قوربانت بێ فەرهادی کۆکەن
پەنجەم هەڵوەرێ من نەمزانی تۆی
ئاگام لێ نەبوو لە داوێنی کۆی
هەرگیز مەترسە لە زامی شەودێز
بێ خۆف لە باسی خوسرەوی پەروێز
شیرینی گرتە باوەشی فەرهاد
تێر یەکیان ماچ کرد بە دڵێکی شاد
ئەو شەوە عەیش و نۆشیان کرد تەمام
بەڵام نەیان کرد کارێکی حەرام
شازادان هەموو قورس و سەنگینن
عەشقیان زۆر پاکە حەقیقەت بینن
لە پاش چەند سەعات فەرهادی کۆکەن
خستیە سەر شانی شیرینی ئەرمەن
شیرن و شەودێزی هەڵگرت بە سەرشان
ڕۆیشت بەرەو ڕووی شاری کرماشان
لە ماهیدەشت چوو بۆ هاڕوون ئاوا
گەیشتە کەرەند وەکوو ڕەشەبا
ڕۆیشت بۆ سەرپێڵ فەرهادی ئازا
هەتاکوو چوونە مەنزڵگای گەرا
لەبەر پای تاقا چل نەفەر زەنگی
ڕاداری ڕێ بوون وەک فیلی جەنگی
گەرای بێ ئیمان سەرداریان بوو
دایم شەڕ و شوڕ هەر کاریان بوو
نۆبەتچی لە دوور کە دی هات فەرهاد
بەربووە هاوار بە داد و بێداد
گەرای سەگ سفەت کە فەرهادی دی
هاتە ڕێ بە قاڕ بە حیددەت وتی
ئەرێ ڕێبوار شێتی بێ خەبەر
بۆچی وا هاتووی بێ خۆف و خەتەر
بۆچی نەتبیستوە تۆ ناوی گەرا
هاتووی بۆ ئێرە بەبێ خۆف ئێستا
ماڵی شاهانت بە دزی بردووە
بەم نیوەشەوە ڕێت گوم کردووە
ڕاستیم پێ نەڵێیت ئەگەر هەر ئێستا
سەرت بە شمشێر من ئەکەم جیا
فەرهاد وتی پێی گەرای بەد خیساڵ
منم کۆکەنی وەستای کەمەر لاڵ
ئەمیش شیرینە بانووی پادشا
هاتبوو بۆ ڕاو ئەمڕۆ لە ڕێگا
بە شوێن ئاسکدا تاوی داوە، سەنگ
ڕانی شەودێزی وا کردووە لەنگ
منیش وا شیرین هەم لەگەڵ شەودێز
ئەیان بەمەوە بۆ قەسری پەروێز
گەرا وتی پێی ئەی خاکت بەسەر
چاک کەوتنە دەستم تۆ لەگەڵ دولبەر
ئەم کەی بە واتەی سەر ڕۆزگاران
یاخۆ ببمە سەنگ لەسەر دیاران
خوسرەو زاڵمە یەکجار خوێنڕێزە
فەرهاد کە هاوڕاز بانووی پەروێزە
بەمە بزانێ هەموو ڕووی دونیا
تێک ئەدا ئەمجا من چیبکەم ئەوسا
شیرین گوتی پێی ئەی گەرای سەرشێت
هەرچی تەڵەب کەی شەرتە بیدەم پێت
بگەڕێرەوە واز بێنە لێمان
هێندە بەهانە تۆ مەگرە لێمان
جوابی دایەوە گەرای ڕووسیا
گوتی ئەی شیرین قەحبەی بێ حەیا
شەرت بێ بە پەندی دەرماڵی شات کەم
شەرمەندەی هەموو حەرەمسەرات کەم
فەرهاد ئەمەی بیست هەڵیگرت قوڵنگ
هەڵمەتی بۆ برد بۆ گەرای سیاڕەنگ
گەرا بانگی کرد چل نەفەر زەنگی
گرتیان چوار دەوری فەرهادی جەنگی
شیرن وەختێ دی فەرهادی دانا
بە زەنگی سیا چواردەورەی گیرا
بە نینۆک گۆنای خۆی کرد بریندار
بەربووە شین و گریان و هاوار
ڕۆیشت بەرەو ڕووی گەرای ڕووسیا
نەڕاندی وتی چیت ئەوێ گەرا
لەعنەت لە قەومی زەنگی بێ یاخوا
ئێوە چل کەسن فەرهاد بە تەنیا
گەرا سەیری کرد کەوا هات شیرین
سوجدەی بردەبەر شۆخی نازەنین
وتی ئەی نازدار شیرینی ئەرمەن
من گەرام ئەمیش فەرهادی کۆکەن
من لە عەشقی تۆ خوم کرد بەڕادار
دوور بووم لە تەخت و تاجی شەهریار
ئەمە چەند وەختە ئینتیزاری تۆم
عاشقی لێوی شەکەرباری تۆم
ئەگینا قوربان خوسرەو حەدی کوا
بسپێرێ بە من نۆبەتچی ڕێگا
شیرن وتی پێی شازادەی زەنگی
بۆچی تۆ ئێستا مایل بە جەنگی
من لە عەشقی تۆ فەرهادم هێنا
کە بۆ من و تۆ تاقێ دروست کا
تیا داگیرسێنین فانۆس و چرا
کەیفی تیا بکەم تێر لەگەڵ گەرا
بنۆشین شەراب بە کامەرانی
بە عەیش و نۆش و بە شادمانی
جا گەرا وتی فەرهادی کۆکەن
تۆم بەخشی بە عەشق شیرینی ئەرمەن
بەڵام بەشەرتێ لەم کێوە ئێستا
تاقێ دروست کەی مەردانە ئازا
تا من و شیرین زوڵف ڕێحان بێز
یاری تیا بکەین بە کوێری پەروێز
قوڵنگی هەڵگرت فەرهاد دڵ پەشێو
بەربووە تاشین سەنگی سیای کێو
بە چەند سەعاتێ کێوەکەی تاشی
تاقی دروست کرد زۆر بە نەقاشی
سووڕەتی شێر و ئەژدەها و پەڵەنگ
لەگەڵ دوو پیاوی ئازای عەرسەی جەنگ
تێیدا دروست کرد فەرهادی کۆکەن
هاتە خاکی پای شیرینی ئەرمەن
ئافەرینی کرد شیرین لە فەرهاد
دەستی گەرای گرت بە دڵێکی شاد
گەرا سەیری کرد فەرهادی دانا
تاقی تەواو کرد لە جێی خۆی هەڵسا
دەستی شیرینی گرت چوونە ناو تاق
دانیشتن لەناو ئەو تاق و ڕەواق
گەرا بە ناڵە و ئاهی ساردەوە
یەخەی شیرینی بە زۆر کردەوە
بە پەنجەی وەکوو چڵۆسکی سیا
مەمکی شیرینی تێر گوشی گەرا
بە ددانی وەک کەڵبەی سەگی پیر
بچڕی ڕوومەتی شیرینی زویر
بۆنی کرد زوڵفی عەنبەرینی ئەو
بێ باک لە فەرهاد، بێ ترسی خەسرەو
شیرینی گرت و خستیە سەر زەمین
ڕاست بۆوە.... وەک گورزی قیرین
بەندۆخینەکەی پچڕاند بەند بە بەند
خەریک بوو بانووی شا بکا بە پەند
شیرین زیڕاندی وتی ئەی فەرهاد
نامەرد نامووسم وا ئەچێ بە باد
حەیا و نامووسم وا ئەدرێ بە با
فەرهاد دەخیلم پێم بگە خێرا
یاخوا فەرهاد عومرت بی بەرباد
قەد دانەنیشی بە دڵێکی شاد
یاخوا خوێنت ڕەنگ بکا کەفەن
گەرا بوو بە یار شیرینی ئەرمەن
دوو چاوت کوێر بێ فەرهادی چینی
بزانە شیرین چلۆن ئەبینی
فەرهاد ئەمەی بیست بە گورجی هەڵسا
هەڵمەتی برد بۆ گەرای ڕووسیا
وتی ئەی گەرا وا هات خوێنڕیزت
عیزرائیل ئەبات گیانی عەزیزت
ڕۆیشت هەتاکوو گەیشتە زەنگی
دایهێنایەوە تیشەی فەڕەنگی
دای لەسەر سەری مێشکی دەرپەڕی
جگەری گەرای مەلعوونی بڕی
پێی نایە سەر پێی زوو بە دەستی ڕاس
هەڵی قڵیشاند هەر وەکوو پەلاس
هەوای دا لەسەر تاقی ئەبلەق ڕەنگ
ئەمجا زەنگیان خرۆشان بۆ جەنگ
چوو بەرەو ڕوویان پاشازادەی چین
وتی سەیر کە لە چاوت شیرین
شەڕی کرد لەگەڵ زەنگی نابەکار
بە قوڵنگ هەمووی کردن لەتوپار
ئەمجا هاتەوە بۆ خزمەت شیرین
شیرین بە سەد ناز فەرمووی ئافەرین
بە ڕاستی فەرهاد شازادەی چینی
هەر تۆ نازکێشی عەشقی شیرینی
ئەلحەق تۆی کوڕی پادشاهی چین
بە قوربانت بێ سەدی وەک شیرین
فەرهاد عەرزی کرد شیرن خێرا کە
شەوگار درەنگە با بڕۆین چاکە
شیرین و شەودێزی زوو هەڵگرت بە شان
ڕووی کردە دەشت و چۆڵ و بیابان
سێ بەشی لە شەو یا زیادە و یا کەم
مابوو گەیشتنە قەسری جەم حەشەم
شیرین خۆی چۆوە ناو حەرەمسەرا
فەرهاد شەودێزی بۆ تاوڵە کێشا
کۆڵەکەیەکی هەڵکەند بە بێدەنگ
تا بڵێن بەمە شەودێز بووە لەنگ
جا بە عەجەلە گەڕایەوە دوا
هەتا گەیشتە بێستوون ئەوسا
هەزار قوڵنگی ئازانە وەشان
ئەمجا لە مەشریق خورشید بوو عەیان
هەتا چەند مودەت خەریکی کار بوو
ڕۆژێ لە ڕۆژان تاقی بەهار بوو
سەریان دەرهێنا گوڵاڵەی خۆشڕەنگ
ئەدرەوشانەوە وەک لەعلی فەڕەنگ