باسی فەرهادی کوهکەن

از کتاب:
شیرین و خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
 4 دقیقه  6 مشاهده
شیرینی نازدار خاتوونی ئێران
شۆخی دڵڕفێن ئاشووبی توران
لە دەردی دووری خوسرەو زویر بوو
خواردنی دائیم هەر شەکر و شیر بوو
ڕانی حەیوانی لەو شوێنە دوور بوو
لە شیر هێنانا کەنیز ڕەنجوور بوو
چونکە لەو جێیەی شیرینی لێ بوو
لەوەڕی کەم بوو حەیوان برسی بوو
بە سەهلی و گورجی بۆ هێنانی شیر
شیرین خەریک بوو هەر دەیکرد تەدبیر
شەوێک هاتە لای شاپووری دانا
قسەیان دەکرد بەتاقی تەنیا
گوتی بە شاپوور گەڕانی حەیوان
دوورە زۆر زەحمەت دەبەن کەنیزان
شاپوور عەرزی کرد ئەی سەرووی ئازاد
شەخسێک مەشهوورە ناوی بە فەرهاد
موهەندیسێکە بێ میسل و هاوتا
جوان سەنعەت دەکا لە سەنگی خارا
کەژ و کێو لە دەست ئەو هەراسانە
ئەم ئیشە بەدەست فەرهاد ئاسانە
من و ئەو لەلای مامۆستای دانا
تەحسیڵمان دەکرد مناڵ بووین ئەوسا
لە نەتیجەدا من بووم بە نەققاش
فەرهادیش ئاخر بوو بە سەنگتراش
بە سەنعەت لە بەرد ئەتاشێ سەد ڕەنگ
بە قوڵنگ نەقشی چین ئەکات لە سنگ
ئەو بە ئوستادی چارەی تۆ دەکا
مەقسەدت پێک دێت ماهی دڵارا
ئەگەر دەفەرمووی دەچم دەی هێنم
بە ئارەزووی تۆ کارت پێک دێنم
شیرین ئەمری کرد شاپووری دانا
هەڵسا بە گورجی ڕۆیشت بە شوێنیا
فەرهادی هێنا بۆ قەسری شیرین
حورمەتی زۆر گرت شۆخی نازەنین
فەرهادیان دانا لەمدیو پەردەوە
شیرین جا دەرگای قسەی کردەوە
پێکەنی لە دەمی شەکر دەباری
گوڵ هەڵدەوەری بە بار لە زاری
قسەشیرین بوو بە وێنەی هەنگوین
بۆیە وەختی خۆی ناونرا شیرین
هەر کەسێ کە گوێی لە قسەی دەبوو
ئەفلاتوون بوایە زوو لە هۆش دەچوو
لە شیرین کاتێ قسەی بیست فەرهاد
ئەندامی لەرزی بەر بووە فریاد
بە داوی عیشقی گرفتار بوو زوو
خۆی خستە سەر خاک دڵی لەدەست چوو
شیرین تێ گەیشت وەستای بێچارە
بە داوی عیشقی ئەو گرفتارە
گوتی تکایە ئەی مەردی ئوستاد
کارێ بکە بۆم دڵم ببێ شاد
ڕان دوورە لێمان دەخیل و ئامان
منیش موحتاجی شیرم وەستا گیان
دەمەوێ زۆر زوو ڕێگای دوو فرسەنگ
جۆگەیەک بکەی بۆم مەحکەم لە سەنگ
کە ئەو جۆگەیە بگاتە جێی ڕان
شیر بدۆشن بۆم لەوێ کەنیزان
لەو جۆگەیەوە هەتا بێ تەئخیر
بەبێ مەشەققەت بێتە ئێرە شیر
زوبانی نەبوو فەرهادی مسکین
کە بداتەوە زوو جوابی شیرین
هەر دوو دەستی خۆی نایە سەر چاوی
وەک دیزە جۆشی دەدا هەناوی
هاتە درەوە لە هۆدەی زەڕکار
لە کەنیزانی ئەمجا کرد پرسیار
گوتی نازانم شیرین چی فەرموو
تێ نەگەیشتم بەجێ بێنم زوو
کەنیز و کچان قسەیان بۆ کرد
کە فەرهاد بیستی هەڵسا دەستوبرد
تیشە و قوڵنگی هەڵگرتە سەرشان
ڕووی کردە دەشت و چۆڵ و بیابان
بەردی دەتاشی بە وێنەی پەنیر
جۆگەی دروست کرد بۆ هێنانی شیر
لە جێی ڕانەوە تا قەسری دولبەر
جۆگەی ڕاکیشا وەستای قوڕبەسەر
حەوزی دروست کرد لەبەر قەسری جوان
شیری بۆ دەهات وەک ئاوی حەیەوان
بە مانگێ هەمووی تەواو کرد ئازا
ناردی مژدەیان بە نازەنین دا
هاتە دەر وەکوو سەرووی خەرامان
بۆ سەیری حەوز و جۆکێشان کشان
کە چاوی پێ کەوت شۆخی مەهجەبین
گوتی بە فەرهاد هەزار ئافەرین
لازمە ئێستا بەخششێکی باش
من بدەم بە تۆ وەستای سەنگتەراش
فەرمووی شوانەکان دەبێ جیاجیا
بەخشیشی زۆر چاک بدەن بە وەستا
فەرهادی بانگ کرد لەلای خۆی داینا
بە مشت ئەڵماس و گەوهەری پێ دا
گوارەیەکی بوو لە گەوهەر شیرین
خەراجی موڵکی ڕۆم بوو لەگەڵ چین
لە گوێی کردەوە فەرمووی ها وەستا
ئەمە بفرۆشە خەرجی کە، تو خوا
هەتا بمێنم منەتباری تۆم
پێم ئەدا ناکرێ زۆر قەرزاری تۆم
فەرهادیش عەرزی شوکری جێ هێنا
تەعزیمی بۆ کرد لە مەجلیس هەڵسا
گرتییە بەر ڕێگەی چۆڵ و بیابان
بە شین و زاری و واوەیلا و گریان
لە دەردی عیشق و لە تاوی دووری
هەرچەندی دەکرد نەیبوو سەبووری
تەنها مایەوە نەخۆش و ڕەنجوور
لە ڕەفیقان و لە دۆستانی دوور
سەیری قەسرەکەی دەکرد جاربەجار
جل و لیباسی دەکرد لەت و پار
گاهـ لەگەڵ ئاهوی سەحرا دەگەڕا
گاهێ بەتەنها دەیکرد مودارا
هەموو هەفتەیە دەچووە لای شیرین
تەسکینی دەدا بە دڵی غەمگین
هەموو شەو دەچوو غەمبار و زویر
لە حەوزەکەی یار دەیخواردەوە شیر
باسی عیشقی ئەو کەوتە سەر زوبان
لەناو عالەمدا بوو بە داستان