باسی پەشیمانبوونەوەی شیرین لە ڕۆیشتنی خوسرەو
از کتاب:
شیرین خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
6 دقیقه
104 مشاهده
ئەو وەختە خوسرەو لە شیرین تۆرا
ڕۆیشت شیرینیش حاڵەتی گۆڕا
سەبر و قەراری ئەسڵەن لا نەما
وەکوو زوڵفی خۆی ئاڵۆزا و شێوا
لەعنەتی دەکرد لە خۆی جاربەجار
کە بۆچ زۆیری کرد شاهی تاجدار
چوو موهین بانووی زوو کرد باخەبەر
لەو واقعەیە هەموو سەرانسەر
جوابی دایەوە بانووی بە تەمکین
وتی چاکت کرد ڕۆڵە ئافەرین
وا مەسەڵەحەتە کە تۆ سەبر کەی
ئەگەر سەبر کەی بە مەقسوود دەگەی
تۆ بۆ ئەو کوڕە زۆر ڕەنجت کێشا
لە داغی گەلێ جگەرت ئێشا
ئێستەش سەبر کە ئەی ڕۆڵەی دانا
سەبر بەرسیلە دەکات بە حەڵوا
بە قسەی بانوو شۆخی نازەنین
سەبری کرد بەبێ هۆش و بەبێ تین
لەپاش مودەتێ بانوو نەخۆش کەوت
لەڕ و لاواز بوو هەرگیز نەدەسرەوت
بە شیرینی گوت مەعلوومە ئەوا
ئەمرم کۆچ ئەکەم لە داری دونیا
کلیلی گەنج و خەزێنەی تەواو
دا بە شیرینی شۆخی مەستەچاو
لەپاش ئەمانە چەند ڕۆژی پێ چوو
لە دونیا دەرچوو جا موهین بانوو
شیرینی ئەرمەن بوو بە پادشا
دەستی کەرەم و عەدلی ڕاکێشا
دڵی ئەهالی بە کەرەم کرد شاد
مەحبووسەکانی لە بەند کرد ئازاد
هێندە عادل و وەتەنپەروەر بوو
لە دەوری ئەودا گورگ شوانی مەڕ بوو
بەڵام کە چونکە لە خوسرەو دوور بوو
دڵی پڕ غەم و زویر و ڕەنجوور بوو
بیستبووی خوسرەو کە بۆ ڕۆم چووە
مریەمی لەوێ مارە کردووە
مریەم خوسرەوی سوێند داوە کەوا
هەتاکوو ماوە دڵ بە کەس نەدا
شیرین دامابوو لەبەر دەردی دڵ
مانەندی کەرێ بچەقێتە گڵ
وەزیرێکی هەبوو لەجێی خۆی داینا
وازی لە تەختی سەڵتەنەت هێنا
سواری گوڵگوون بوو زوو لەگەڵ شاپوور
گرتییە بەر، دەشت و سەحەرا و ڕێگەی دوور
چەند کەنیزێکی جوان و مەهـ عوزار
لەگەڵ چەند بارێ کوتاڵ و دینار
ئەسپ و گای زۆر و حوشتر و حەیوان
بردی لەگەڵ خۆی نازداری دەوران
ڕۆیشت بە ڕێدا ئەم میل تا ئەو میل
گەیشتە قەسری شیرین بە تەعجیل
خوسرەو خەبەری زانی کە یەقین
گەڕاوەتەوە قەسرەکەی شیرین
زۆری پێ خۆش بوو، لە ترسی مەریەم
نەیوێرا باسی بکا زۆر یا کەم
جاربەجار دەی نارد بۆ لای پەیامێ
سەبووری دەهات هەر بە سەلامێ
گوتی بە مەریەم ڕۆژێ لە ڕۆژان
باوەڕم پێ بکە ئارامی گیان
وەک خوێی پیا بکەن ژان دەکا برین
منیش تا دوور بم چاکە لە شیرین
بەڵام مەعلوومە شیرینی بەدبەخت
بۆ من بەجێی هێشت موڵک و تاج و تەخت
لەگەڵ من دائیم چاکەکاریی بوو
کردەوە و پیشەی وەفاداری بوو
بنێرە با بێت بۆ ئێرە گیانە
حورمەتی بگرین خێر و ئیحسانە
جوابی خوسرەوی دایەوە مەریەم
گوتی واریسی تەخت و تاجی جەم
ئەگەر بێتو من شیرین ببینم
کوێر دەبێ چاوم گیانی شیرینم
شیرین جادووە زۆر حیلەکارە
کافرە و ساحر پیس و مەککارە
تەفرەی تۆ دەدات من لێت دەکا دوور
خۆی دەسەپێنێ و من دەبم مەهجوور
قەت هومێد مەکە لەسەر ڕووی دونیا
لە ئەسپ و ژن و لە شمشێر وەفا
هەرگیز دڵ مەدە بە شیرین ئامان
جادووە، بەڵات تووش دەکا قوربان
سوێندی زۆری خوارد بە تاجی قەیسەر
بە تەخت و بەختی شاهی تاجوەر
گوتی ئەگەر بێت شیرین ببینم
هەر ئەو سەعاتە خۆم دەخنکێنم
خوسرەوی پەروێز زانی بە یەقین
مەریەم هەڵ ناکا قەت لەگەڵ شیرین
چارەی هیچ نەدی پادشای دانا
بە غەیری ئەوەی بەینێ سەبر کا
جاربەجارێکیش شاپوور بە پەنهان
دەچووە لای شیرین بە دڵی لەرزان
قسەی خوسرەوی بۆ شیرین دەبرد
دەگەڕایەوە خێرا دەستوبرد
سەری سووڕ مابوو شیرین کە خوسرەو
چلۆن هەڵ دەکا ئەوەندە بێ ئەو
لە دڵی خۆیا دەیگوت خودایە
لەگەڵ من خوسرەو چەند بێوەفایە
بە خوسرەوی گوت عاقیبەت شاپوور
چلۆن تۆ دەژیت لە شیرین بی دوور
جوابی دایەوە شاهی بەرزەجا
گوتی وا چاکە لەو ببم جیا
چونکە گەر مەریەم شیرین ببینێ
لە قین و ڕقا خۆی دەخنکێنێ
شاپوور ئەمەی بیست لە خوسرەو دەرحاڵ
چوو بۆ لای شیرین وەک تەیری تیژباڵ
وتی پێی خوسرەو تۆی زۆر خۆش دەوێ
لە دووریت خەوی لە چاو ناکەوێ
بەڵام لە مەریەم دەترسێ بە گیان
ڕجایە مەبە ئەسڵەن دڵگران
هەڵسە لەگەڵما بە جووتە ئێستا
سوار بین و بچین بۆ خزمەتی شا
لەگەڵ پادشا تۆ بە پەنهانی
خۆش ڕابوێرە هەتا دەتوانی
شیرین بە توندی گوتی بە شاپوور
گەلێ بێ شەرمی ئەی لە خودا دوور
تۆ خستمتە ناو گێژاوی بەڵا
بە زوبانی لووس منت تەفرە دا
بۆچی نازانی بێ عەقڵ و نەفام
تۆ تاج و تەختی شاهیت لە کیس دام
سەد خۆزگە دایکم منی نەبوایە
یا منی دەرخوارد سەگێ بدایە
وا لەگەڵ مەریەم کەیف دەکا خوسرەو
ئەو منی ناوێ من نامەوێ ئەو
بە شوێنیشما بێت مەریەمی قەیسەر
لەم قەسرە بە شەق من دەیکەمە دەر
مەیلم بێ زوڵفم دەکەم بە زنجیر
دەنێرم خوسرەو زوو بکا یەخسیر
بە برژانگی خۆم بڵێم وەکوو تیر
دەڕۆن بۆم دەکەن خوسرەو بە نێچیر
دڵی پادشا بۆ مەریەم گەرمە
منی بۆ چییە بێ حەیا و شەرمە
من ئەو تەیرە نیم بمگرن بە داو
یا هەموو بازێ بێت و بمکا ڕاو
من عاشق نەبووم وەها بوو تەقدیر
خەتام کرد خەتا سا چییە تەدبیر
ئەگەر ئەو دەڵێت بە شیرین بگەم
بڵێ کەیف بکات با لەگەڵ مەریەم
زۆر لەگەڵ شاپوور قسەی توندی کرد
پەشیمان بووەوە لەپڕ دەستوبرد
گوتی لەباتی من ببە پەیام
بە خوسرەو بڵێ لێت دەکا سەلام
بڵێ کە شیرین عەرز دەکا قوربان
لە فکرییە خۆشسوحبەتی جاران
تۆ دائیم کەیف و خۆشی خوت ئەوێ
کەی یادی منت لە فکر دەکەوێ
وەختێ بێ یار بووی هەر من یارت بووم
هەر من دڵسوز و غەمخوارت بووم
تۆ گوڵت هێنا لە ڕووم بەخەرمان
من تاج و تەختی خۆم کرد پەرێشان
زەلیلم مەکە چونکە عەزیزم
ئازادم بکەی چاکە، کەنیزم
بە ڕۆژ و بە شەو نیمە ئاساییش
لە تۆش نابینم زەڕە بەخشاییش
من بۆچی نەبم بەدحاڵ بەبێ تۆ
پار لەگەڵ تۆ بووم ئەمساڵ بەبێ تۆ
شیرینی ئەرمەن با هەر ڕەنجوور بێ
یاخوا چاوی بەد لە خوسرەو دوور بێ
شاپوور ئەمانەی کە بیست لە شیرین
کوڕنووشی بۆ برد گوتی ئافەرین