باسی خەبەرزانینی خوسرەو لە عاشقبوونی فەرهاد بە شیرین

از کتاب:
شیرین خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
 5 دقیقه  56 مشاهده
بەدکارێ ڕۆیشت بۆ لای پادشا
لەو کارەساتە خەبەری پێ دا
عەرزی کرد فەرهاد لە عیشقی شیرین
دائیم خەریکی گریانە و ناڵین
لە سەودای عیشقی شێت بووە و شەیدا
گرتوویەتییە بەر، ڕێی چۆڵ و سەحرا
هیچ شەرم ناکا لە جەوان و لە پیر
ناترسێ هەرگیز لە شمشێر و تیر
هەموو هەفتەیە دەچێ بەیەلغار
کڕنووشێ دەبات بۆ قەسری دڵدار
ئەم قسەیەی بیست کاتێ خوسرەو شا
عیشقی شیرینی زیاد بوو لە دڵدا
چونکە مەعلوومە کەوا دوو بولبول
چاکتر دەخوێنن لە دەوری یەک گوڵ
زۆری پێ خۆش بوو کە ئەو مەهڕووە
عاشقێکی کەی بۆ پەیدا بووە
بەڵام لەلایشی گران بوو خوسرەو
فەرهاد عاشقە بە نازداری ئەو
فکری کردەوە گەلێ لەو کارە
کە تەدبیر چییە چۆن بکا چارە
چەند مەحرەمێکی بانگ کرد بۆ تەدبیر
فەرمووی زۆر دڵم عاجزە و زویر
بیستوومە دەڵێن فەرهادی مسکین
شێت و شەیدایە لە عیشقی شیرین
ئەگەر بیکوژم گوناهم دەگا
نەیکوژم یەقین بەدناوم دەکا
وەزیرەکانی تەدبیریان بۆ کرد
چەند سوارەیەکیان نارد بە دەستوبرد
لەگەڵ ئەسپێکدا گوتیان کە ئازا
فەرهادی سەنگتاش زوو بکەن پەیدا
لەپاش تەعزیمی زۆر و ئیحترام
پێی بڵێن خوسرەو لێت دەکا سەلام
ئیشی پێت هەیە هەڵسە لەگەڵمان
بچین بۆ خزمەت پادشای جیهان
سوارەکان هەڵسان بە تعجیل خێرا
گەڕان کەژ و کێو ڕووی دەشت و سەحرا
بەبێ مودارا چەند ڕۆژ و چەند شەو
دەگەڕان بەبێ خۆراک و پێخەو
ئاخری ڕۆژێ سەیریان کرد فەرهاد
وا لە دەشتێکە بە دڵی ناشاد
غەمبار کەوتووە یەخەی کردووە چاک
گەوز دەدا لەسەر بەرد و خۆڵ و خاک
نەوجەوانێکە لاوچاک و دلێر
بەسام و هەیبەت وەکوو نەڕەشێر
سەلامیان لێ کرد بە گورج و چالاک
گوتیان بۆچی وا کەوتویە سەر خاک
سەبەبی چییە کە وا غەمباری
بۆچی عاجزی بۆچ بێقەراری؟
خوسرەو پادشای هەموو ئافاقە
بە دیداری تۆ گەلێ موشتاقە
بفەرموو سوار بە، شاهی تاجدار
چاوەڕێی تۆیە دەکا ئینتیزار
جوابی دایەوە فەرهادی مسکین
بە دڵی غەمبار بە لەفزی شیرین
گوتی کاکە من غەریبم هەژار
دەبێ چی بوێ لە من شەهریار
دێو و جن لە من دەبن هەراسان
منی بۆ چییە پادشای جیهان
تکام وەهایە مەردانی هۆشیار
بگەڕێنەوە بۆ لای شەهریار
بڵێن زۆر گەڕاین سەحرا خوار و ژوور
نەماندۆزیەوە فەرهادی ڕەنجوور
گوتیان ئەی فەرهاد مسکینی هەژار
غەریبی بێکەس شێتی عیشقی یار
قەستەم بە زاتی خالقی عالەم
بۆ لای تۆی ناردووین شاهی جەمحەشەم
بەهانە مەگرە سوار بە ئازانە
بچین بۆ خزمەت شاهی زەمانە
هیچ چارەی نەما فەرهادی هەژار
کەوتە ڕێ لەگەڵ سواری شەهریار
لەپاش هەفتەیەک گەیینە قەسری شاهـ
خەبەریان زوو برد بۆ شای عالی جاهـ
ئەمری کرد دەرحاڵ بردیانە دیوان
دانیشت دڵ پڕ غەم عاجز و گریان
وەکوو شێری مەست فەرهادی مسکین
هیچ فکری نەبوو لە قسەی شیرین
زەڕئەفشان کرا بە حورمەت تەواو
خوسرەو گوتی پێی بەخێر بێیت سەرچاو
لە پاشان خوسرەو گوتی ئەی فەرهاد
ئەسڵەن خەڵقی کوێیت دلێری ئازاد؟
جوابی دایەوە گوتی من گەدام
لە ئەسڵا خەڵقی شاری ئاشنام
گوتی سەنعەتتان چییە و مەشغوڵی چین؟
گوتی دەفرۆشین گیان، خەفەت دەکڕین
گوتی گیان چلۆن دەفرۆشێ ئینسان
گوتی زۆر سەهلە لەلای عاشقان
گوتی عاشقی ئایا بە شیرین؟
گوتی خۆشترە شیرین لام لە دین
گوتی تۆ شیرین دەبینی بە خەو؟
وتی خۆ نانووم نە ڕۆژ و نە شەو
گوتی کەی مەیلی دەر دەکەی لە دڵ؟
گوتی ئەو ڕۆژە کە بچمە ژێر گڵ
گوتی بۆچ سەودای دەر ناکەی لە سەر؟
گوتی دەرناچێ تا ڕۆژی مەحشەر
گوتی ئایا تۆ دەترسی لە کەس؟
گوتی دەترسم لە شیرین و بەس
خوسرەو کە زانی قسە بێ سوودە
هەرچی پێی بڵێ هیچە و بێهوودە
گوتی ئەو شاخەی وا لە ڕێگوزەر
ئێمە ناتوانین پیا بچینە سەر
قەسەم بە سەری شیرینی دڵبەند
لەمە گەورەتر من نیمە سەوگەند
ئەگەر ئەم کارەم بۆ بێنیتە جێ
پێشکەشت دەکەم هەرچی بتەوێ
جوابی دایەوە فەرهادی ئازاد
گوتی پادشا تۆ ببە دڵشاد
بۆت دەکەم بە دەشت کەژ و کۆی سەنگین
قەسەم بە چاوی مەخمووری شیرین
بەو شەرتە وەختێ کارم کرد تەواو
بمدەیتێ شیرین شۆخی مەستەچاو
خوسرەوی پەروێز زۆر ڕقی هەڵسا
تەمای بوو دەرحاڵ لە گەردنی بدا
بەڵام قینەکەی خۆی نەکر ئیزهار
بە فەرهادی گوت ئەی مەردی بەکار
تۆ ئەمە بکەی بزانە یەقین
نامەردم ئەگەر نەتدەمێ شیرین
کاتێ ئەمەی بیست فەرهادی بێدڵ
ڕێی کێوی پرسی لە شاهی عادل
پیاوی لەگەڵ نارد کردی ڕەهنموون
بردی بۆ قولەی کێوی بێستوون
ڕۆیشتە سەر کێو بە مانەندی با
قوڵنگی هەڵگرت کوڕانە ئازا
لەپێشا تەختی درووست کرد لە سەنگ
نەقشی لێ هەڵکەند وەک نەقشی ئورژەنگ
بە ئەڵماس شکڵی شەودێز و شیرین
هەڵی کەند فەرهاد جوان و نازەنین
بە بێستوونی دەگوت جاربەجار
ئەی کێوی سەنگین هاوار سەد هاوار
ڕجا دەکەم لێت خۆت بۆم نەرم کە
لە ئاهـ و ناڵەی فەرهاد شەرم کە
ئەگینا بەخودای حەیی و لامەکان
هەتاکوو لەبەر مندا بێ گیان
دەستبەردار نابم لە ئاقاری تۆ
شەو و ڕۆژ دەدەم من ئازاری تۆ
بە تێشە و قوڵنگ ئەی سەنگی خارە
لاشەت زوو دەکەم من پارەپارە
جارجار دەچووە بەر سوورەتی شیرین
دەگریا دەیگوت شۆخی نازەنین
ڕەحمێ بە دڵی غەمباری من کە
عیلاجی لێوی بەباری من کە
وا لە عیشقی تۆ دەسووتێم لە دوور
پەروانە ناگرێ بەرگەی شوعلەی نوور
ئاخ خۆزگە شەو گوێت لە زاریم دەبوو
گوێت لە ناڵەی شەوبێداریم دەبوو
لە دونیا باسی فەرهادی ڕەنجوور
بڵاو بووەوە تەواو بوو مەشهوور