باسی ڕۆیشتنی شاپوور بۆ لای خوسرەو لەوێوەچوونی بۆ لای شیرین
از کتاب:
شیرین خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
4 دقیقه
57 مشاهده
شەوێک لە ئەرمەن خوسرەو بە خۆشی
بەزمی گرتبوو بە بادەنۆشی
ساقی جامی مەی گرتبوو بە دەست
لە نەشئەی شەراب گەلێ بووبوو مەست
لەپڕ کەنیزێ وەک سەرووی ئازاد
هات و عەرزی کرد دڵت ببێ شاد
شاپوور هاتووە دەکا ئینتیزار
ئەمرت بە چییە شاهی تاجدار؟
فەرمووی پێی بڵێن با بێتە حزوور
دڵی گەرم بوو خوسرەو وەک تەنوور
شاپوور سوجدەی برد بۆ بەر تەختی شا
بە وێنەی بەندە چوو لە دوور وەستا
لەپاشان خوسرەو کە کردی سوئال
شاپوور عەرزی کرد سەرانسەر ئەحوال
باسی هاتنی بۆ شاری ئەرمەن
سوورەت نیشاندان بە حیلە و بەفەن
ڕۆیینی شیرین بەبێ مودارا
بۆ شاری «مەدیەن» بەتاکوتەنیا
هەمووی عەرز کرد شاپووری پڕ هۆش
گوتی من چونکە بەینێ بووم نەخۆش
نەمتوانی بڕۆم، لێرە بەجێ مام
ئەحواڵ ئەمەیە، باقی وەسەلام
شازادەش هەروا سەرگوزشتەی خۆی
تەواو و تەکمیل گێڕایەوە بۆی
گوتی لە ڕێدا لە فڵان مەکان
تووشی کچێک بووم زۆر نازدار و جوان
لەناو ئاوێکدا خۆی دەشوشت لە دوور
پرشنگی دەدا وەک شمالەی نوور
من ئەدەبم کرد ڕووی خۆم وەرگێڕا
لەپاش لەحزەیەک سەیرم کرد نەما
یەقین بوو لەلام ئەوە شیرین بوو
مایەی تەسکینی منی غەمگین بوو
پاش ئەم قسانە جا قەراری دا
شاپوور بە تەعجیل بڕوا بە شوێنیا
شەو بەسەردا هات خوسرەوی سالار
ئەمری کرد بەزمی بۆ کرا تەیار
چونکە شەراب و بەزم و تار و چەنگ
نەبووایە خوسرەو زۆر دەبوو دڵتەنگ
لەو زەمانەوە تا عەهدی ئادەم
کەس دڵخۆش نەبوو وەک ئەو لە عالەم
بە خەروار دەیدا درهەم و دینار
بە گۆرانیبێژ بۆ لێدانی تار
«موهین بانوو»ش هات بۆ خزمەت خوسرەو
بە کەیف و عیشرەت ڕایانبوارد شەو
عادەتی وا بوو کە هەنگامی خەو
وەک تاج دەبەسترا پەرچەمی خوسرەو
مەستیی دیاری دا کە لە خوسرەو زوو
باسی شیرینی کرد لەگەڵ بانوو
گوتی بیستومە چەندە لەمەوپێش
هەڵی گرتووە ئوڵاغی سەرکێش
گەلێ گەڕاون لەسەر ڕووی دونیا
سۆراغ نەکراوە هەتاکوو ئێستا
ئەمڕۆ هاتووە قاسدێکی من
دەڵێت کە شیرین وا لە مەدائین
ئەمین بە بانوو، دڵ مەدە لە دڵ
دەهێنمەوە بۆت شۆخی جەبین گوڵ
ئەم قسەیەی بیست کە موهین بانوو
موتەحەیر ما ساتێ بێهۆش بوو
کە هاتە هۆش خۆی دەرلەحزە هەڵسا
سوجدەی بردە بەر تەختی خوسرەو شا
گوتی قاسدت کە نارد شەهریار
تکایە منیش بکە ئاگادار
تاکوو ئەسپێکی ڕەهوانی وەک با
لە نەوەی شەودێز بیدەمێ بیبا
ئەسپێکی یەکجار مەحبووب و جوانە
ناوی گوڵگوونە گەلێ ڕەهوانە
خولاسە ئەسپیان هێنا دەستوبرد
زینیان خستە پشت شاپووریان سوار کرد
ڕووەو مەدائین شاپوور چوو بەدەو
بە شەو و بە ڕۆژ بێ ئارام و خەو
کە گەیشتە شار چوو بۆ قەسری شا
پرسی ئەحواڵی شۆخی مەهلەقا
گوتیان بەینێکە شازادەی ئەرمەن
قەسری شیرینی کردووە بە مەسکەن
کە چوو سەیری کرد هۆشی نەماوە
گۆنای وەک لەعلی زەرد هەڵگەڕاوە
گوتی ئەی شیرین هیچ مەبە دڵتەنگ
تۆ لەعلی ڕێگای لەعلی بەرد و سەنگ
بە شاپووری گوت شیرینی ئەرمەن
فەرمووی کاتێ من چوومە مەدائین
کەنیزەکەکان حەسەدیان پێم برد
منیش قەسرێکی خۆشم داوا کرد
ویستم کە لەوا دوور بم، ئازانە
ئەم قەسرەیان کرد بۆ من بڕوانە
درووست کراوە سەرتاپا لە سەنگ
لە گەرمای هاوین عاجزم و دڵتەنگ
وا بێ ئیختیار لێرە یەخسیرم
ئەمجا نازانم چییە تەدبیرم؟
شاپوور گوتی پێی بەبێ چەندوچوون
بچۆ بۆ ئەرمەن بە سواری گوڵگوون
خوسرەو لەوێیە دەکا ئینتیزار
چاوەڕوانتە شازادەی نازدار
وەختێ ئەمەی بیست دەرلەحزە شیرین
ئازانە هەڵسا چووە ماڵی زین
بە یاهوو یاهوو ئەڵڵاهو ئەکبەر
بەبێ ترس و خۆف ڕێگای گرتە بەر